کوردستان

12:12 - 04/04/2022

ئێران: وەڵاممان بۆ ئیسرائیل تەنیا هەولێرە‌

پەیسەر

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەرامبەر چوونی نێردەیەکی ئیسرائیلی بۆ نێو گەشتیگەلی ناڤیی پێنجەمی ئەمریکا تەنیا وەڵامێکی یەک وشەییان هەیە ئەویش : "هەولێر".

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری تاران رایگەیاند، ئیسرائیل لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە هیچ هەوڵێک سڵی نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی دۆخی ئەم ناوچەیەی جیهان ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش لە رێگەی هەندێک کاری خراپ، پیلانگێڕی و ژمارەیەک گرووپەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا "ئیسرائیل رایگەیاندووە بەم زووانە نێردەیەکی سەربازی دەنێرێتە نێو ناڤیی پێنجەمی ئەمریکا لە کەناراوەکانی بەحرەین، ئەمەش بەو واتایە دێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگاتە کەنداوی فارس. هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی چییە و هەنگاوی دیپلۆماسیتان چ دەبێت؟"، وتی: "رژێمی داگیرکەری قودس" لە رۆژی یەکەمەوە لە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە ئاسایی نەبێتەوە، "ئەوەش لە رێگەی خراپەکاری، پیلانگێڕی و دەست خستنە نێو دەستی ئەوانی دیکەوە. وەڵامی ئێران هەمیشە بەرامبەر رژێمی زایۆنی روون بووە؛ من بە یەک وشە وەڵام دەدەمەوە، ئەویش (هەولێر)ە".

ئاماژەی بەوەشکرد، تاران هیچ کات لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئیسرائیل بێ وەڵام نەبووە و، هێرشەکەی مانگی رابردووی سەر شاری هەولێری سوپای پاسدارانی وەک نموونەی وەڵامەکانی ئێران هێنایەوە.

شەوی 13 شوبات، شارى هەولێر کرایە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی ئێران و  سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بنکەیەکی "ئیسرائیلیان" لە هەولێر کردووەتە ئامانج، دوای ئەوە ئاژانسی میهری نیمچە فەرمیی ئێرانیش ناوی 9 کەسی بڵاوکردەوە کە گوایە ئیسرائیلین لەو هێرشەدا کوژراون.