ڕاپۆرتی عیراق

06:22 - 12/04/2022

وتارێك سەدری و صەرخییەكان بەیەكدا دەدات‌

پەیسەر

بانگەوازەکەی لایەنگرێكی مەرجەعی مەحمود صەرخی بۆ تێکدانی گۆڕی ئیمامەكانی شیعیە گرژی و ئاڵۆزی لە پارێزگای بابلی باشووری بەغدا دروست کرد، هێزە عێراقییەکان هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ دەستگیرکردنی لایەنگرانی صەرخی دەستپێکرد.

ئەو تەنگژەیە کاتێک دەستی پێکرد کە نوێنەری صەرخی، لە پارێزگای بابل داوای لەناوبردنی گۆڕی ئیمامە شیعیەکان کرد و بە پێچەوانەی ئاینی ئیسلامی ناوبردن، ئەوەش كاردانەوەی لایەنە ئاینی و جەماوەرییەكانی بابلی لێكەوتەوە.

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر، بەخێرایی هاتە ناو بابەتەكەوە، سێ ڕۆژ مۆڵەتی بە صەرخی داوە، بێبەری بوونی خۆی لە عەلی مەسعودی پێشنوێژو وتارخوێن لە پارێزگای بابل نیشانبدات، ئەگەر ئەوە نەكات پەنا دەباتە بەر ڕێگەی یاسایی و شەرعی و عورفی.

سەدر لە نامەکەیدا دەڵێت: "هەندێک لەوانەی سەر بە رێبازی صەخرین، لە هەوڵی ناساندنی هەندێک بیروباوەڕی لادەرانەی مەزهەبین کە دواترینیان لەلایەن ئیمامێکەوە دەرچووە کە لە پارێزگای بابل، كە داوای تێکدانی گۆڕی ئیمامەكانی کردووە".

دوابەدوای ئەم نامەیە هێزە ئەمنییەکانی عێراق عەلی مەسعودی ئیمامی حوسێنیە "فەتح الموبینیان" دەستگیرکرد، هەروەها ئەم ئیمامەی صەرخییەكان لە وتارەكەیدا درود بۆ خەلیفەكانی راشیدین دەنێرێت، ئەوەش لە كاتێكدا شیعەكان هەر چوار خەلیفەكەی راشیدین لای ئەوان پەسەندكراو نین.

 هاوكات دەیان لایەنگری سەدر ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەبەردەم حوسەینیەكە خۆپیشاندانیان کرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەوتارەکەی ئەلمەسعودی.

پۆلیسی پارێزگای بابل، فەرمانی داخستنی سەرجەمی بارەگاکانی صەرخی لە شارەکە دەركرد.

شتەکان لەوێ نەوەستا، بۆمبێكی دەنگی لە نزیک حوسەینیەی  ئەلموجتەبی لە شاری موسەیبی هەمان پارێزگا تەقیەوە، بەبێ ئەوەی برینداری لێبكەوێتەوە، ئەوەش نیگەرانی دروستكرد بۆ ئەگەری پێکدادانی چەكداری لە نێوان هەردوولادا.

خۆپیشاندەرانی تووڕەیی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە شاری قاسمی بابلیش یەکێک لە حوسییەکانی مەحمود صەرخیان سوتاند.

ڤیدیۆیەک دەریخست کە دەیان لایەنگری سەدر هێرش دەکەنە سەر حوسەینیە لە کاتێکدا ئاگرەکە لە ناوەوە و ناو حەوشەکەی کەوتەوە.

ئەمە یەکەم جار نییە خۆپیشاندان دژی صەرخی دەكرێت و لایەنگرەکانی دەستگیر دەكرێن، چونکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە کە زۆر جار بە پێکدادانی چەکداری گەیشتووە.

ساڵی 2014 پارێزگای کەربەلا رووبەڕووبونەوەی خوێناوی بەخۆوەبینی، ئەوەش دوای ئەوەی مەحمود صەرخی، ڕەخنەی لە پێکهێنانی حەشدی شەعبی گرت و بە میلیشیای ئێرانی ناوبرد.

شەڕەکە چەند ڕۆژێکی خایاند لە پارێزگای کەربەلا و لەو ماوەیەدا هێزە عێراقییەکان چەکی قورس و هەلیکۆپتەریان بەکارهێنا و لە بەغدادی پایتەختەوە هێزی زیاتریان هێناو ژمارەیەك ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و 30 ئەندامی سوپای حسێن كوژران.

هەروەها صەرخی، ڕەخنەی توندی لە عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان هەیەو بە یەکێک لە وەجهەكانی فراوانبوونی نفوزی ئێرانی لە عێراق دەزانێت، هاوكات فەتوایەکی سیستانی لەسەر هاتنەناوەوەی ئەمریکا بۆ ناو عێراق ڕەتکردەوە.

شوێنکەوتووان و لایەنگرانی مەحمود صەرخی لە پارێزگاکانی دیوانییە و نەجەف و کەربەلا و ناسریە و بەسرە چڕبوونەوە و ژمارەیان نزیکەی 30 هەزار کەسە لەنێویاندا ئەندامانی سوپای حوسێن هەن.


مەحمود صەرخی، پیاوێكی ئاینی شیعەی میانڕەو ناودەبرێت، بەڵام لەلایەن زۆرێک لە شیعەکانەوە بە "لادەر" وەسف دەکرێت.
مەحمود صەرخی، ساڵی 1964 لە دایكبووە، شارەزای شەریعەتی ئیسلامیە و بەوە ناسراوە داوای دەوڵەتی مەدەنی دەكات و هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی باش لەنێوان سوننە و شیعە دەدات، لە كاتی جەنگی تائفیدا فەتوای حەرامبوونی خوێنی عێراقیەكانی دەركرد.