کوردستان

09:38 - 14/04/2022

هەڵای لایەنگرانی صەرخی لە عێراق‌

پەیسەر

وتاری لایەنگرێکی مەرجەعی شیعی مەحمود صەرخی کە لە مزگەوتێکی شاری بابلی ناوەڕاستی عێراق پێشکەشی کردبوو هەڵای نایەوە.

 دوای ئەوەی عەلی مسعودی لە وتاری رۆژی هەینی وتبووی: " دەبێت مەزارگەو گۆڕەکانی شیعە تێکبدرێن چونکە پێچەوانەی ئاینی ئیسلامن". ئەو لێدوانەی کاردانەوەی لایەن شیعەکانی دیکەی لێکەوتەوە لە هەڵکوتانە سەر حوسەینیەكانی لایەنگرانی صەرخی لە بەغدا و شارەکانی دیکە بگرە تا گەیشتە روخاندنی بەشێکی حوسەینیەكانی بەدوادا هات.

لە لایەن خۆیەوە موقتەدا سەدر سێ رۆژ بۆ ئەو گەورە مەرجەعەی شیعە دادەنێت تا خۆی لەو وتار خوێنە بێ بەری بکات، ئەگەرنا پەنا بۆ یاسا و رێکاری شەرعی و عورفی دەبات.
 
مەحمود صەرخی کێیە؟

مەحمود الحسنی الصرخی، لە ساڵی ١٩٦٤ شاری کازمیە لە دایکبووە، بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی بەغدا لە ساڵی ١٩٨٧ بەدەستهێناوە، بەشداری چەندین خولی ئاینی کردووە لە شاری نەجەف، لە نێو ئەو خوێندکارانەی کە دەرسی لەگەڵ خوێندوون باوکی موقتەدا سەدر بوونی هەبووە محەمەد سادق سەدر.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە پێگەی ویکلیکس بڵاویکردۆتەوە، صەرخی ساڵی ٢٠٠٣ چۆتە ناو میلیشیای سوپای مەهدی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای ئەمەریکا.

دوای ئەوەی صەرخی لە رەوتی سەدر جیادەبێتەوە، لایەنگرانی چەندین چالاكی دژ بە سوپای ئەمەریکا لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق ئەنجامدەدەن، لەوانە هێرش کردنە سەر سەربازگەی بۆکا کە تایبەت بوو بە سوپای ئەمەریکا، هەروەها لایەنگرانی خۆپیشاندانیان لەبەردەم قونسڵیەی ئێران لە شاری کەربەلا كردووە.

زانیاریەکان وا وەسفی صەرخی دەکەن کە کەسایەتیەکی ئاینی توندڕەوە، ئەو هێزەی هەیەتی ناوی (سوپای حوسێن)ە، کە زۆرترین دوژمنایەتیان لەگەڵ ئێران هەیە، هەروەها ناکۆکیشی لەگەڵ گەورە مەرجەعی شیعە عەلی سیستانی هەیە.

صەرخی، وا وەسفی خۆی دەکات،  کە مەرجەعێکی شیعی عێراقیە، خۆی دەباتەوە بۆ تائیفەی دوانزە ئیمامی، دەیان هەزار لایەنگری هەیە کە بە صەرخیەکان ناسراون.

لەو کاتەی داعش سنورێکی بەرفراوانی عێراقی داگیرکرد لە ساڵی ٢٠١٤ صەرخی داوای گفتوگۆی لەگەڵ رێکخراوی داعش كرد نەك شەڕیان بکرێت، دژ بە فەتواکەی سیستانی وەستایەوە کە داوای جیهاد دەکات دژ بە داعش.

ئەم هەڵوێستەی بووە مایەی نیگەرانی حکومەتی عێراقی، بۆیە نوری مالکی بڕیاردەدات هێزەکانی ئاسایش پەلاماری بارەگاکانیان بدەن لە شاری کەربەلا، ئەوسا حکومەتی عێراق رایانگەیاند کە لایەنگرانی صەرخی مەبەستیانە هێرش بکەنە سەر مەزارگەکان.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە صەرخی و لایەنگرانی لە لایەن سعودیە پشتیوانی لێدەکرێت، ئامانجی ئەو گروپە زیاتر دژایەتیکردنی هەژموونی ئێرانە لە عێراق، بەڵام لێرەو لەوێش دژایەتی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە.

هیوا سەید سەلیم