کوردستان

11:37 - 01/05/2022

تاى خوێنبەربوون گەیشتە کەرکوک‌

پەیسەر


ئەمڕۆ یەكەم حاڵەتی توشبون بە تای خوێنبەربون لە کەرکوک تۆماركرا و لەئێستاشدا ئەو توشبوە لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ته‌ندروستی كه‌ركوك رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دوای پشكنینه‌كان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ هاوڵاتیه‌ك هه‌ڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبه‌ربونه‌، له‌ئێستاشدا كه‌ره‌نتین كراوه‌ و له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایه‌ و به‌پێی پرۆتۆكۆله‌ زانستیه‌كان ده‌رمان و پێداویستی ته‌ندروستی بۆ به‌كارده‌هێندرێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ توشبوه‌ كاری گۆشتفرۆشی ده‌كات و له‌ئێستادا دۆخی ته‌ندروستی جێگیره‌.

پێشتر نەخۆشییەکە لە چەند پاریزگایەکى دیکەى عێراق تۆمار کرابوو.

تای خوێنبەربون، کە بە تای "کۆنگۆ یاخود کرایمیا" ناسراوە نەخۆشیەکی مەترسیدارە و بە پێوەدان یاخود پەیوەندیکردن لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی وەک مەڕ و بزن و پەلەوەردا دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی بریتین لە تا، ئازاری ماسولکە، سەر ئێشە، ڕشانەوە، سکچون و خوێناوی بوونی پێست، نیشانەکان لە ماوەی دو ھەفتەدا دەردەکەون و ئەوانەی کە ڕزگاریان دەبێت دو ھەفتە پاش توش بون چاکدەبنەوە، ڕێژەی مردن لەم نەخۆشیەدا لە نێوان 40% بۆ 80%یه‌، ئەوەش لە کاتێکدا رێژەی مردن بە کۆرۆنا 1% کەمترە.