کوردستان

10:43 - 08/05/2022

تەندروستیی هەرێم لەبارەى چوونی دەرمان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بۆ سلێمانی رونکردنەوە دەدات‌


وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگه‌یاند، هاتنی دەرمان لە رێگەی دامەزراوەی كیمادیاوە لە بەغدا راستەوخۆ دەگاتە كۆگای دەرمانی پارێزگاكان و ناگەڕێتەوە كۆگاكانی وەزارەتی تەندروستی تا بەشە دەرمانی پارێزگاكان دیاری بكات.

د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "دەربارەی وتەكانی پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق بەناوی بڕیار رەشید، كە ئاماژەی بەوەداوە گوایە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگری لە هاتنی دەرمان كردوە لە بەغداوە بۆ پاریزگای سلێمانی، لێرەوە بۆ رای گشتی و هاونیشتمانیانمان لە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنین كە ئەمەی وتراوە هیچ ئەصل و ئەساسی نیەو جگە لە مەرامی سیاسی و وروژاندنی هەستی هاوڵاتیانی سلێمانی خۆشەویست هیچیتر نیە چونكە ناوبراو بێ ئاگاداربون لە چۆنیەتی هاتنی دەرمان لە بەغداو دابەشكردنی بەسەر پارێزگاكان ئەم قسانەی كردوە".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "بە هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان رادەگەیه‌نین كە هاتنی دەرمان لە رێگەی دامەزراوەی كیمادیاوە لە بەغدا راستەوخۆ دەگاتە كۆگای دەرمانی پارێزگاكان و ناگەڕێتەوە كۆگاكانی وەزارەتی تەندروستی تا بەشە دەرمانی پارێزگاكان دیاری بكات".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، "پێدانی بودجەی زیاتری كۆرۆنا كە لەبەغداوە دەگەیشتە هەرێمی كوردستان و دروستكردنی نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی شایەدی ئەو كارانەن كە ئەنجامدراوە لە پارێزگاكە و بەئەركی خۆشمان دەزانین خزمەتی هەمو پارێزگگاكان بكەین بێ جیاوازی".