کوردستان

11:36 - 08/05/2022

کەسوکاری قوربانییەکانی چەمچەماڵ: دەبێت تۆمەتبارەکە لە شوێنى روداوەکە لەسێدارە بدرێت‌



کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ داوا دەکەن، تۆمەتبارى روداوەکە لە شوێنى روداوەکە لە سێدارە بدرێت.

باوکی پێنج قوربانییەکەى چەمچەماڵ ئەمڕۆ یەکشەممە، لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمان لە شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داوایکرد، پەلە بکرێت لە دادگاییکردن و سزادانی تاوانبارەکە و ڕایگەیاند، “ئێمە دەمانەوێت لە شوێنی کوشتنی پێنج منداڵەکەم لەسێدارە بدرێت و ئەوە تەنها داواکاریمانە".


کەسوکاری قوربانییەکان لە یاداشتێکدا ڕایانگەیاند، “لە یەکەم ڕۆژی جەژندا تاوانبار “حسێن ئەحمەد ساڵح” تاوانێکی دڕندانە و دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانی ئەنجامدا و پێنج ئەندامی خێزانەکەمانی کوشت و سیانی دیکەی بریندارکرد کە تائیشتا یەکێکیان بێهۆشە".

وتیشى، "داوادەکەین لەهەمان شوێنی ئەنجامدانی ئەو تاوانە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێبکرێت”.

کەسوکاری قوربانییەکان سوپاسی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانیان کرد کە لەسەرەتای ڕووداوەکەوە لەگەڵیاندا بوون.

لەلایەکی دیکەوە نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یاداشتێک لەوبارەیەوە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان و لەو ڕێگەیەوە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکانی دیکەی دەکەن تاوەکو تاوانبار بە سزای یاسایی بگەیەنرێت.

جەختیانکردوە، “نابێت هیچ تاوانبارێک داڵدەبدرێت، هیچ هێز و لایەنێکیش ڕێگە بەخۆی بدات هاوکاریی تاوانباران بکات بۆ دەربازبوون، بەڵکو دەبێت ڕادەستبکرێن تاوەکو تاوانەکان لەهەرێمی کوردستان کەمبکرێنەوە”.