کوردستان

01:24 - 08/05/2022

پارتى وادەى بەستنى کۆنگرەى دیارى کرد‌



پارتی دیموکراتی کوردستان، وادەی بەستی کۆنگرەی 14ی دیارکرد و لیژنەکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستبەکار دەبن.

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی خستەروو و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کۆنگرە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە هاتوونە پێش، هەروەها پرسی چاکسازی لەناو حکومەت، دوای گفتوگۆ بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا".

ئاماژەى بەوەشکرد: "جگە لەو پرسانە هەندێک بۆشایی لە پۆستەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەبوو، لە ماوەی رابردوو چەند تێکۆشەرێکمان لەدەستدابوو، ئەندامانی یەک بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەوان دیارکران".

مەحموود محەمەد وتیشى، "سەبارەت بە دۆخی ناوخۆ ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژارن لەکاتی خۆیدا بکرێت، هەروەها لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لەسەر بنەمای پرسە نەتەوەیی نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان هەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەربارەی دۆخی عێراق هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە لە سبەیەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکرێن، بۆ ئەوەی ئەو داخراوەی لە پرۆسەی سیاسیی هەیە بکرێتەوە".

لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان وتەبێژى پارتى رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەی یاسایی هەیە بۆ بەرنامەی چاکسازی، پەرلەمان تەنیا بۆ ئەوە نییە هەڵبژاردن بکرێت یان نا، بۆیە ئێمە پێمان باشە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەردەوام بن و ئەو ئاستەنگانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن".

سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی ئاشکرای کرد: "بڕیار دراوە و دەسەڵات دراوە بە مەکتەبی سیاسی لیژنەکانی ئامادەکاری دەستبەکاربن، لە مانگی 10 تا 11ی ئەمساڵ کۆنگرە دەسبەستین".