کوردستان

10:34 - 09/05/2022

بەرپرسێکى پارتى: هیوادارین بەغدا بیر لە بەکارهێنانی هێز نەکاتەوە‌


ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی ڕایگەیاند، هیوادارن بەغدا بیر لە بەکارهێنانی هێز نەکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و دەستگرتن بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم.

چنار سەعد عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، "خۆزگە بەغدا وازی لە شێوازی قسەکردنی هەڕەشەکردن دەهێنا و ئەزموونیان لە هەڵەکانی ڕابردوو وەردەگرت."  


وتیشی، "چۆن دەتوانن تاکلایەنە دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا بگرن لەکاتێکدا ئێمە شەریکین لەم وڵاتەدا، ئێمەش بۆچوونی خۆمان هەیە و پێویستە گوێمان لێبگیرێت، نەک پشتگوێ بخرێین، چونکە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە."  


سەبارەت بە مەترسیی بەکارهێنانی هێز دژی هەرێم و دەستگرتن بەسەر کێڵگە نەوتییەکان، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوەکرد،  "هیوادارم ئەو ئەزموونە شکستخواردووە تاقی نەکەنەوە، چونکە بە درێژایی مێژوو حکومەتەکانی پێشووی عێراق هەوڵیانداوە هێز لە دژی کورد بەکاربهێنن، بۆیە هیوادارین ئەوە دووبارە نەبێتەوە و بە گفتوگۆ بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، ئەگەر شتێکی واش ڕوویدا ئەوکات ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەبێت."