کوردستان

10:34 - 10/05/2022

راوێژکاری سەرۆکی حکومەت: حکومەتی عێراقی ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی جێبەجێ بکات‌


راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری وزە وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دایەوە و رایگەیاند، حکومەتی عێراقی ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی جێبەجێ بکات

د. بێوار خەنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری وزە یە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند: له‌وانه‌یه‌ ئه‌م حکومه‌تە له‌ژێر فشاردا ئه‌م لێدوانانه‌ بدات، ئێمه‌ داوامان کردوە بده‌ن هه‌ردو حکومەتی عەراقی و حکومەتی هەرێم بەیەکەوە دابنیشن بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بدۆزنەوە بۆ بابەتی نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و گومرگ و کێشه‌ هەڵپەسێردراوەکانی نێوان به‌غداد و هه‌رێم  له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی.


باسی لەوەشکردوە، ئەوان جه‌خت ده‌که‌نه‌وه‌ بڕیاری دادگای فیدڕالی ناتوانرێت جێبه‌جێ بکرێت حکومەتی عێراقیش هەست بەوە دەکات ناتوانێت جێبەجێی بکات، ئەوانیش ناتوانین پابه‌ند بین پێوه‌ی.


د. بێوار خەنسی راشیگەیاند: مادده‌کانی ده‌ستوری نه‌وت و گازی عێراق ده‌بێت داڕشتنی سیاسه‌تی ستراتیژی نه‌وتی هه‌مو عێراق بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌کان و پارێزگاکان، نه‌ک به‌تەنها بۆ خۆیان هه‌مویان یاسایه‌ک بنوسن و پێویستە لە په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند بکرێت ئینجا بچێته‌ قۆناغی جێبه‌جێکردنەوە.


ئاماژەی بەوەشکردوە، بە جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە حکومەتی فیدڕالی عێراقی دەبێتە حکومەتی ناوەندی پێویستە دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای دەستور دابەش بکرێن.


وتیشی: ئەو لێدوانانە بۆ فشارکردنە لە حکومەتی هەرێم و ناچینه‌ ژێر باری ئه‌و فشارانەوە‌ به‌ڵام ئاماده‌ین له‌گه‌ڵیان دابنیشین بە گفتوگۆ و دانوستان کێشەکان چارەسەر بکەین ئەوە داواکاری ئێمەیە، بەڵام به‌غداد نایەوێت بەو رێگایە گرفتەکان چارەسەر بکرێن.


پێشی وایە، ئەو لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراقی پەیوەندی بە دۆخی سیاسی عێراقەوە هەیە، چه‌ند دۆخه‌که‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت پێشبینی ده‌که‌ن ئه‌و لێدوانانه‌ دژوارتریش بن.