کوردستان

10:23 - 25/05/2022

هه‌رزه‌كارێك 21 كه‌سی له‌ قوتابخانه‌یه‌كدا كوشت‌

پەیسەر

چەکدارێکی تەمەن 18 ساڵ چووەتە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە باشوری ڕۆژئاوای ویلایەتی تەکساس و لەوێ 21 خوێندکار و مامۆستای کوشتووە.

ڕۆناڵدۆ گوتێرز، سیناتۆر لە ئەنجومەنی ویلایەتی تەکساس لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی CNN وتی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ویلایەتەکەی پێـی وتووە ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە 19 خوێندکاری منداڵ و دوو كه‌سی گه‌وره‌.


پێشتر فەرمانڕەوای ویلایەتی تەکساس گرێگ ئابۆت بە ڕۆژنامەنووسانی وت چەکدارەکە ناوی سالڤادۆر ڕامۆس (تەمەن 18 ساڵ) بووە و دواتر بە دەستی پۆلیس کوژراوە. 2 ئەفسەریش برینداربوون، بەڵام ئابۆت وتی برینەکانیان سەخت نین.


بەرپرسان دەڵێن چەکدارەکە بە تەنها ئەو کارەی کردووە. تەقەکردنەکە لە قوتابخانەی سەرەتایی ڕۆب لە شارۆچکەی یوڤاڵدی ویلایەتی تەکساس ڕوویداوە. ئابۆت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە شێوەیەکی ترسناک تەقەی کردووە و قوتابی و مامۆستای کوشتووە کە قەرەبوو ناکرێنەوە."


وتیشی " باوەڕ وایە چەکدارەکە ئوتومبێلەکەی بەجێهێشتووە و بە دەمانچەیەکەوە چووەتە ناو قوتابخانەی سەرەتایی ڕۆبەوە لە یوڤاڵدی، ڕەنگە چەکێکی گەورەشی پێبووبێت، بەڵام بەپێی نوێترین ڕاپۆرت کە بەدەستم گەیشتووە هێشتا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە."

ئەم ڕووداوی تەقەکردنەش یەکێکە لە کوشندەترین ڕووداوەکانی تەقەکردن لە قوتابخانەکانی ئەمەریکادا، کوشندەترین تەقەکردن لە مانگی دوانزەی ساڵی 2020 دا بوو کاتێک چەکدارێک 26 کەسی لە قوتابخانەی سەرەتایی ساندی هووکی ویلایەتی کۆنێتیکێت کوشت، لەنێو کوژراوەکاندا 20 منداڵییان تێدا بوو.

لە ساڵی 2018 دا خوێندکارێک لە خوێندنگای ئامادەیی مارجۆری ستۆنمان دۆگلاس لە پارکلاندی ویلایەتی فلۆریدا 17 خوێندکار و مامۆستایەکی کوشت.

له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌ سەرۆکی ئەمەریکا وتارێکی پێشکەش کردو بێزاری خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بەردەوامبوونی ئەم جۆرە کوشتارانە کە وەک دەڵێت بۆ لاوازی یاساکانی هەڵگرتنی چەک دەگەڕێنەوە.

جۆو بایدن شەوی سێشەممە لە کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی جێڵ بایدن خانمی یەکەمی ئەمەریکا وتارەکەی پێشکەش کرد و وتی خوازیاربووە لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی ئەم ڕووداوانە نەبینێت، بەڵام ئەوەتا "جارێکی دیکە کوشتار ڕوویدایەوە و ئەم جارە لە شارۆچکەی یوڤاڵدی ویلایەتی تەکساس."

وتیشی هەتا کەی منداڵان ببینن هاوڕێکانیان دەکوژرێن وەک ئەوەی لە گۆڕەپانی شەڕدا بن. سەرۆک بایدن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 900 حاڵەتی کوشتاری لە سەرانسەری ئەمەریکا ڕوویانداوە. ئۆباڵی ئەو ڕووداوانەشی خستە ئەستۆی لۆبی چەک کە لە دژی توندترکردنی یاساکانی هەڵگرتنی چەکن.


سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە هاوڵاتیانی کرد بەرەو ڕووی لوبی چەک بوەستنەوە و سنوورێک بۆ ئەم کوشتنکاریـیانە دابنێن. وتیشی ڕاستە ناتوانن ڕێگە لە هەموو کارەساتەکان بگرن، بەڵام هەر هیچ نەبێت دەتوانن کاریگەریـیەکی ئەرێنیان هەبێت.

باسی لەوە کرد کاتێک یاسای توند بۆ هەڵگرتنی چەک پەیڕەوکراوە ڕووداوەکانی توندوتیژی چەکداری کەمبوونەتەوە، بەڵام کاتێک یاساکان لابران ڕووداوەکان زیادیانکردەوە. وتی "ناکرێت منداڵێک بتوانێت بچێت چەک بکڕێت، چەکی بۆچیـیە مەگەر هەر بۆ کوشتنی کەسێک."

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد کوشتاری لەم شێوانە بە دەگمەن لە وڵاتانی دیکە ڕوودەدەن لە کاتێکدا ئەوانیش خەڵکانی دەروون نەخۆشیان هەیە. هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ فشارەکانی لۆبی چەک لە وڵاتەکە. دەڵێت بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەموو دایک و باوکێک و هەموو هاوڵاتیـیەک و بەرپرسێک لەسەر ئەم پرسە بێنەدەنگ.