کوردستان

11:37 - 01/06/2022

بزوتنەوەى گۆڕان، پیرۆزبایی یادی دامه‌زراندن له‌ یه‌كێتی نیشتمانی ده‌كات‌

پەیسەر

بزوتنەوەى گۆڕان، پیرۆزبایی یادی دامه‌زراندن له‌ یه‌كێتی نیشتمانی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت مایەى نیگەرانییە خەڵک کە خاوەنى راستەقینەى شۆڕش و قوربانیدانى میللەتەکەمان بوە؛ ئێستا لە ئەداى خزمەتگوزاریی و ئاستى ژیان و گوزەرانیان ناڕازین.

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌

‎بەڕێزان: سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتى یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان
‎بەبۆنەى (47)ـەمین ساڵیادى دامەزرانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و (46)ـەمین ساڵیادى هەڵگیرسانى شۆڕشى نوێ، پیرۆزباییەکى گەرم ئاڕاستەى ئەندام و لایەنگرانتان دەکەین.
‎یادى یەکێتى لەم ساڵدا، هاوکاتى بوونى کۆمەڵێک ئاڵنگاری سیاسیی و ئابورییە کە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان روبەڕووی میللەتەکەمان بوەتەوە، ئەم ئاڵنگارییانە هۆکارى کۆمەڵێک مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر قەوارەى سیاسىی هەرێمى کوردستان؛ کە پێویستى بە هەند وەرگرتن و داڕشتنى سیاسەتێکى ژیرانەى کوردستانیی و تەبایى ناوخۆیی هەیە بۆ روبەڕوبوونەوە و پاراستنى دەستکەوتەکانمان.
‎مایەى نیگەرانییە خەڵک کە خاوەنى راستەقینەى شۆڕش و قوربانیدانى میللەتەکەمان بوە؛ ئێستا لە ئەداى خزمەتگوزاریی و ئاستى ژیان و گوزەرانیان ناڕازین، هەربۆیە هیواخوازین ئەم یادە دەرفەتێک بێت بۆ بەخۆداچونەوە و گۆڕانکارى لە شێوازى سیاسەتکردنمان، بۆ رێکخستنەوەى پەیوەندى لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەماى پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان، بۆ باشترکردنى شێوازى ئیدارەدان و حوکمڕانى کە وەڵامگۆى داواکارییەکانى هاوڵاتییان بێت.
‎بزوتنەوەى گۆڕان
‎١ی ٦ی ٢٠٢٢