کوردستان

11:22 - 06/06/2022

رێبەر ئەحمەد: هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەکراوە‌


وەزیرى ناوخۆى هەرێم و کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق، رایگەیاند، هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەکراوە.


رێبه‌ری ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هاوكات كاندیدی پارتیه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند، "پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق جۆرێك له‌ دواكه‌وتنی پێوه‌ دیاره‌ و ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ دواكه‌وتوه‌، پارتی و یه‌كێتی و لێكتێگه‌یشتنی باشیان هه‌بوه‌ و دانیشتنه‌كان ئیجابی بون، به‌ڵام تا ئێستا بابه‌تی سه‌رۆك كۆمار له‌و كۆبونه‌وانه‌ نه‌ باسكراون و نه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌.

وتیشى، پارتی پێداگره‌ له‌سه‌ر پاڵێوراوی خۆیان و من كه‌ پاڵێوراوم سه‌ربه‌زییه‌كی گه‌وره‌یه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌رێگه‌ی سه‌ردان و گفتوگۆوه‌ له‌ كوردستان و له‌ عێراقدا لێتێگه‌یشتنی باش بهێنینه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێگرنه‌بوه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی و پێكهاتنی نێو ماڵی شیعه‌ خۆیان رێگره‌ و هۆكاره‌ بۆ ئه‌و داخراوییه‌ی كه‌ هه‌یه‌".


رێبەر ئەحمەد جەختیشى کردەوە کە پۆستى سەرۆک کۆمار بە ئیستیحقاقى خۆیان دەزانن.