کوردستان

05:46 - 08/06/2022

یەکێتى دەنگ بە پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك دەدات‌


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویكردەوە، دەنگ بە پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك دەدەن.

هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرباری چەند تێبینییەكمان لەسەر پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراك بەتایبەت لەو بڕە پارەیەی بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكان دانراون هیچ بڕێكی بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام پێمانوایە بەشێكی بڕگـەكانی پرۆژەكـە لەخزمەتی چینی هەژار و مافبڕاوی عێراقن و بەشێكی پاڵپشتی پرۆژەكـە بۆ سوودمەندبووانی چاودێريی كۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی كشتوكاڵە”.

ئاماژەى بەوەشکردووە، “پرۆژەكە پاڵپشت دەبێت لە دابەزاندنی نرخی كەرەستەی خۆراك لە بــازاڕ و ئامادەكردنی كەرەستەكانی كۆبۆنی خۆراك بۆ هەموو عێراق و پێدانی مافە دارایەكانی جوتیارانی عێراق لەنێویشیان جوتیارانی هەرێم و دامەزاراندنی خاوەن بڕوانـامە باڵاكان و فەرمانبەرانی گرێبەست و بەشە بودجەیەكیشی تێدا جێكراوەتە بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە و نەخۆشانی تەلاسیما.