کوردستان

07:14 - 08/06/2022

پەرلەمانی عێڕاق پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراکی پەسەند کرد‌


پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک دا و بە زۆرینەى دەنگ پڕۆژەیاساکە پەسەند کرا.

 ئەمڕۆ چوارشەمە به‌ كۆی ده‌نگی 257 ئه‌ندامی پەرلەمان، پرۆژه‌یاسای ئاسایشی خۆراك په‌سه‌ندكرا، دوای به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌، كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵگیرا، بڕیاریشە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار بكرێت بۆ پەسەندكردن.

بەهۆى ئەوەى حکومەتی ئێستای عێراق کار بەڕێکەرە، ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان و یاسای بۆ دەربکات، لە ئێستادا پڕۆژەیاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك لەلایەن حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە و بڕی (24) ملیار دۆلاری بۆ تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت کارەکانی خۆی پێ بەڕێبکات.

پڕۆژە یاسای پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك سەرەتا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە لەسەر پێشنیازی وەزارەتی دارایی ئامادەکرا و لە رۆژی 13_3_2022 بەپەلە پڕۆژە یاسایەكەى بەناوی (پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان) رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد، لە ‌رۆژی 26 ی ئازار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە‌ یاساكە كرد، بڕیاریشبو لە دانیشتنی 28ی هەمان مانگدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، بەڵام كۆبونەوەكە دواخرا، دواتریش دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق لەسەر سكاڵایەكی پەرلەمانتار باسم خەشان لەبارەی ئەو پرۆژە یاسایە كۆبوەوە و بڕیاریدا پڕۆژە یاساكە هەڵبوەشێنێتەوە.