ڕاپۆرتی عیراق

05:45 - 14/06/2022

سيناريۆکانی بەردەم عێراق‌

پەیسەر

شیكاری: رەنج نەوزاد


لەبەر سروشتی سياسی و کۆمەڵایەتی عێراق و هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتييەکان، پێشبينی کردنی ئەوەی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوا کارێکی زۆر قورسە. بۆیە لە ڕووی زانستيەوە وا گونجاوترە کە چەندين سيناريۆ و ئەگەر دابنرێت نەک پێشبينی کردن. چونکە خودی هێزە سياسيەکان جارێ نازانن چارەنووسی پێکێهنانی حکومەتی عێراق چی دەبێت. دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر دەکرێت ئەم سيناريۆیانە ڕووبدەن:


١- نەگەيشتن بە ڕێککەوتن بۆ پێکێهنانی حکومەتی نوێ. چونکە پێکهێنانی حکومەت پێويستی بەوەیە پارتی و سوونەکان (تحالف السيادة) بچنە پاڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمەش پێويستی بە هەندێ ڕێککەوتن و پێدانی دەستکەوتە بە پارتی و سووننەکان. لەوانەیە پارتی هەڵوەشاندنەوە، یان کارنەکردن بە بڕيارەکەی دادگای فيدراڵ لە بارەی نەوت وگازی هەرێم بکاتە مەرج، یان پرسی سەرۆک کۆمار. لەم سيناريۆیەدا دەکرێت ئەم دۆخەی کە هەشت مانگە هەیە، درێژە بکێشێت تا کاتێکی نا ديار.


٢- دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن. ئەم ئەگەرە ديسانەوە پێويستی بە ڕێککەوتنی لایەنەکان هەیە بۆ یاسای هەڵبژاردن، ئەگەر ڕێککەوتن بۆ پێکێهنانی حکومەت نەبێت، ئەوا ئەگەر زۆرە ڕێککەوتن بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردنيش قوورس بێت. ئەگەر هەڵبژاردنيش بکرێتەوە، لەوانەیە ئەنجامەکان نزيک بن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوو، واتە دووبارە بوونەوەی ئەم دۆخەی ئێستا هەیە. یان لایەنەکان هەوڵی تەزويری گەورە بدەن، ئەمەش لە ئەنجامدا بەرەیەک قبوڵی ئەنجامەکان نەکات. بۆ نموونە سەدر بدۆرێت لەوانەیە قبوڵی نەکات، چوارچێوەی هەماهەنگی بەهەمان شێوە.


٣- گەيشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی و سوونەکان. لە دۆخێکی وادا ئەوا حکومەتێک درووست دەبێت کە لایەنی براوەی تيا نييە. لایەنی براوەش بەرەیەکی تائيفی و توڕە و چەکدارە، کابرایەکی مەزاجی و حەماسی و پۆپۆليستی وەک سەدر سەرکردایەتی دەکات. ئەگەر هەموو لایەنەکان  بە پرس و ڕا گۆڕينەوە لەگەڵ سەدريش ئەم حکومەتە درووست بکەن، ئەوا دەکرێت دوای چەن مانگێک یا ساڵێک، سەدر لە ڕێگەی شەقامەوە کێشەی گەورە بۆ ئەو حکومەتە درووست بکات. واتە حکومەتێکی لەرزۆک و دەبێت هەميشە ترسی لە مەزاجی موقتەدا سەدر هەبێت. ئەگەر بە بێ گوێدانە سەدر حکومەت درووست بکرێت، ديسانەوە سەدر توانای ئەوەی هەیە لە ڕێگەی جەماوەر و خۆپێشاندان هەڕەشەی گەورە لەو حکومەتە بکات.


٤- شەڕی ناوخۆ لە عێراق لە ئەنجامی پێکدادانی بەرژەوەندييەکان و نەگەيشتن بە ڕێککەوتن. لە ڕاستيدا لەبەر ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سەرەکيەکانی عێراق چەکدار و ميليشيا و چەتەیان هەیە، سەرکردەکانيان کەسانی تائيفی و توندڕەو و نا ديموکراتن، ئەم سيناريۆیە دەکرێت زۆر گونجاو بێت لەگەڵ سروشتی عێراقيەکان، کە تا سەر ئيسقان هەمووان ڕقيان لە هەمووانە. بەڵام شەڕی ناوخۆی عێراق لەم کاتەدا نە ئەمريکا خوازيارێتی نە ئێران. ئەمريکا لەوە سەرقاڵترە بيەوێت ئيدارەی شەڕێکی خوێناوی ناو عێراق بکات. ئێرانيش نايەوێت عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ بڕوات، چونکە عێراق ڕێگایەکی سەرەکی ئێرانە بۆ گەيشتن بە سووريا و لوبنان، جگە لەوەی بازاڕێکی گەورەی ئێرانە و دەروازەیەکە بۆ خۆ دزينەوەی لە هەندێ سزای ئەمريکا. ئێرانيش لە ڕووی ئابووريەوە ئامادە نييە ئيدارەی شەرێکی وا بکات، بە تايبەت لە دۆخێکی وادا ئەوا تورکيا و ئيماڕات و سعوديەش هاوکاری بەرەی دژە ئێران دەکەن. پاشان شەڕەکە دەبێتە شەڕی نێوان شيعە و شيعە، کە ئەمە زیانی گەورە لە ئێران دەدات. عێراق لەبەر ئەوەی دەوڵەتێکی کەم سەروەرييە، خواستەکانی ئەمريکا و ئێران و دەوڵەتانی تر، ڕۆڵی سەرەکی تيادا دەبينن. بۆیە دەکرێت خۆپێشاندان و فەوزا درووست بێت، بەڵام شەڕی چەکداری لە نێوان هێزەکان، ئەگەرێکی دوورترە، مەگەر سەدر حەماس بيگرێت و حيساب بۆ کەس نەکات و ئەو دۆخە درووست بکات.


٥- گەيشتنی ئەمريکا و ئێران بە رێککەوتنێک کە هەردوولا کۆک بن لەسەر چەند خاڵێکی گشتی و گرنگ لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ. ئەمەش زۆر کات ڕوويداوە لە عێراق. لە دۆخێکی وادا دەکرێت ئێران و ئەمريکا لایەنەکان قايل بکەن بە پێکهێنانی حکومەتێک هاوشێوەی حکومەتە شکستخواردووەکانی پێشوو. ئەم جۆرە حکومەتە دەکرێت پڕ قەيران بێت و ببێتە مایەیی خۆپێشاندانی گەورە. ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی ڕێککەوتنی ئەمريکا و ئێران بێت، ئەوەندە ڕەنگدانەوەی لایەنە عێراقی و پێداويستيەکانی عێراق نەبێت. لە ئێستادا پەيوەدنييەکانی ئەمريکا و ئێران لە دۆخێکی خەراپە بە هۆی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی و چەن پرسێکی تر، ئایا لە بارەی عێراق دەگەنە ڕێککەوتن یان نا؟ ئەمەش مسۆگەر نييە.


٦- بۆ بەرژەوەندی کورد، بۆ دوور مەودا، وا باشترە عێراق هەميشە لاواز و پڕ فەوزا و قەيڕان و پەرتەوازە بێت لە ناوخۆ. بۆیە موقتەدا سەدر لەبەر ئەوەی هەوڵدەدات، لایەنی کەم لەسەر ئاستی گوتار، عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو و خاوەن سەروەری درووست بکات، ئەوا بۆ کورد مەترسيدارە. سەدر بە براورد بە شيعەکانی تر، کەمتر لە ژێر هەژموونی ئێرانە، بە تايبەت لەم چەن ساڵەی دوایی و، دوای ئەوەی لەسەر ئاستی شەقام لە باشوور و بەغدا، ناڕەزایەتيەکی گەورە هەیە دژ بە هەژموونی ئێران لە عێراق، سەدر دەيەوێت وا خۆی نمايش بکات کە لەگەڵ شەقامە و لەگەڵ خەڵکە، بۆیە سەدريش لەبەر دڵی شەقام ساڵانێکە وەک دژە ئێران دەردەکەوێت. کەسایەتی و فکری سەدر، ئەگەر دەرەفەتی هەبێت، زیاتر سەداميە، کە دەيەوێت عێراقێکی بەهێز درووست بکاتەوە و خۆشی ڕابەر و بڕياردەری سەرەکی بێت. کورد نابێت ڕێ خۆش بکات بۆ ئەم هەوڵ  و خەونانە. شيعەکانی بەرەی ئێران مالکی و عامری و عەبادی و خەزعەلی... ئەمانە عێراق لاواز و پەرتەوازە و بێ سەروەری دەکەن، چونکە ئەمانە لەگەڵ ئەوەن عێراق هەرێمیکی ئێرانی بێت نەک سەربەخۆ. لەم ڕووەوە، ئەم بەرەیە کە چەتەی ئێرانە، زیانيان کەمتر دەبێت بۆ باشووری کوردستان. چونکە هەڕەشەی سەرەکی لەسەر باشووری کوردستان، عێراقە. وەک چۆن هەڕەشەی سەرەکی لەسەر باکور تورکيا، لە رۆژهەڵات ئێران و لە رۆژئاوا سوريایە.


ئەوەی لەسەرەوە باسکرا چەن سيناريۆیەکە، دەکرێت هيچ کام لەوانە ڕوونەدەن و سيناريۆی نوێ درووست بێت. چونکە فاکتەر و ئەکتەرەکان زۆرن و بەرژەوەندييەکانيان جياواز و دژ بەیەکترە، لە ئەنجامی ململانێ و کارلێکردنی ئەو هەموو فاکتەر و بەرژەوەندييە دژ بە یەکانە، دەکرێت سيناريۆی جۆراوجۆ و چاوەڕواننەکراويش ڕووبدەن.