02:16 - 19/06/2022
جەمال حاجى محەمەد: شەریکە دزى نەوت نین و هاوڕێیانیشمان گەندەڵ نەبون
سەرۆکى لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفڕانسى نیشتیمانى گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ ئێمە شەریکە
دزى نەوت نین، کۆمپانیامان نییە و دزیمان نەکردوە و هاوڕێیانیشمان گەندەڵ نەبون، ئەوەش
باشترین پاڵنەرە لەپێناو بەردەوامیدان بە بنەماکانى گۆڕان و درێژەدان بەم رێباز و
رەوت و بزوتنەوەیە بۆ گۆڕانکارى.
جەمال حاجى محەمەد، سەرۆکى لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفڕانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى
گۆڕان، لە میانى کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس لەگەڵ ئەنجومەنى قەزا و گۆڕانخوازانى
شارەزور، رایگەیاند؛ ئێمە راستە لە حکومەتین، بەڵام شەریکە دزى نەوت نین، تاکە هێزى
سیاسىین کە کۆمپانیا و بەرژەوەندی تایبەتمان نییە. هاوکات هاوڕێیانیشمان لە حکومەت
پەرێزیان پاکە لە گەندەڵى نەگلاون و دەیان پڕۆژەمان بۆ چاکسازیی و خزمەتى بەرژەوەندى
باڵاى میللەتەکەمان و چاکەى گشتى پێشکەش کردوە، ئەمەش باشترین گەواهیدەر و پاڵنەرە
بۆئەوەى لەسەر بنەماکانى گۆڕان بەردەوام بین، ئیتر بۆچى درێژە بەم رێباز و رەوت و
بزوتنەوەیەمان نەدەین بۆ گۆڕانکارى.
هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر رێبازە بنەڕەتیەکەى خۆى
بەردەوامە کە گۆڕانکارى و چاکسازى و بەرژەوەندییە باڵاکانى میللەتە و دەشڵێت: پێمانوایە؛
ئەگەر ئیرادە هەبێت و رێبازێکى راستت گرتبێت کۆتاییەکەى هەر سەرکەوتنە.
ئەوە لەکاتێکدایە بزوتنەوەى گۆڕان سەرقاڵى خۆ رێکخستنەوەیە و یەکێک لە هەنگاوەکانیشتنى
ئامادەکارییە بۆ بەستنى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى بۆئەوەش نوێنەرایەتی لیژنەى باڵاى
کۆنفڕانس سەردانى ئەنجومەنى قەزاکان دەکات و را و سەرنجى هەڵسوڕاوان لە هەمو ناوچەکان
وەردەگیرێت.