کوردستان

11:09 - 22/06/2022

دووەم کۆبونەوەى ژور و دەزگاى هەڵبژاردنى لایەنە سیاسییەکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌

پەیسەر

بڕیارە ئه‌مرۆ چوارشەممە 22ی 6ی 2022، دووەم کۆبونەوەى ژور و دەزگاى هەڵبژاردنى لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت و تائێستا هەردوو هێزی دەسەڵاتدار لەبەر بەرژەوەندی خۆیان پێشنیارێكی گۆڕان رەتدەكەنەوە.


جگە لە پارتی یەكێك لەو رەخنانەی لایەنەكان لەسیستمی هەڵبژاردنی هەرێم هەیانە، زۆری و میكانیزمی 11 كورسیەكەی كۆتای پێكهاتەكانە، كە هەمووجارێك بە قازانجی پارتی یەكلادەبێتەوە.

 

"په‌یسه‌ر"، لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی كە لە كۆبونەوەی رابردووی سەرۆكایەتی هەرێم دا نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیاری كردووە كە كورسی كۆتاكان بەتۆمارێكی تایبەت هەڵبژاردنیان بۆبكرێت بۆ ئەوەی بەدەنگی زێرەڤانی و دەنگی حزبی هەڵنەبژێردرێن. بەڵام راستەوخۆ لەلایەن پارتیەوە رەتكراوەتەوەو یەكێتیش بەو پێشنیارە رازی نەبووەو داوای كردووە بەسەر چوار بازنە یاخود چوار پارێزگادا دابەشبكرێن، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی یەكێتی لەو گۆڕانكاریەدا خۆی شتێكی دەستبكەوێت.


"په‌یسه‌ر" ئەوەشی زانیوە كە بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە بەرپرسێكی باڵای پارتی وتووە، ئەو 11 كورسی كۆتایە كە ئێوە هەمووجارێك دەیبەنەوە وەك و ئەوە وایە ئێمە بە سفر بەرامبەر 11 گۆڵ هەمووجارێك لەگەڵتان ئەچینە ناو ساحەی یارییەوەو ئێمە قبوڵمان نیەو بەشمان دەوێت.


 لەسەر کۆى پڕۆسەى هەڵبژاردن (کاتى هەڵبژاردن، هەموارى یاساى هەڵبژاردن، پێکهاتەى کۆمیسیۆن، تۆمارى دەنگدەران، کورسى پێکهاتەکان)، بگەنە رێککەوتن.


کۆبونەوەکە ئه‌مڕۆ چوارشەممە، لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و بەسەرپەرشتى مەستەفا سەید قادر، جێگرى یەکەمى سەرۆکى هەرێم بەڕێوە دەچێت کە تێیدا بەرپرسى ژور و دەزگاى هەڵبژاردنى لایەنەکان بەشدارى دەکەن.


بەپێى زانیارییەکانی په‌یسه‌ر، ئه‌مرۆ کە دووەم کۆبونەوەیە، تێیدا لایەنەکان لەسەر ئەو وردەکارییانەى لە کۆبونەوەى رابردو گفتوگۆیان لەسەر کردووە، دەگەنە ئەنجامێک، بەتایبەت لەسەر یاساى هەڵبژاردن و تۆمارى دەنگدەران و پێکهاتەى کۆمیسیۆن و دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن. دواتریش لە کۆبونەوەیەکدا لەسەر ئاستى باڵا، ئەنجامى کۆبونەوەکان رادەگەیەنرێت.