کوردستان

02:55 - 26/06/2022

سەفین مەلا قەرە: گۆڕان پڕۆژەیەکى سیاسى سەرمەشقە و کاریگەرییەکى گەورەى دروستکردوە‌

سەفین مەلا قەرە، هەڵسوڕاوى بزوتنەوەى گۆڕان رایگه‌یاند، بزوتنەوەى گۆڕان "هێزى چینە جیاجیاکانە" و ئەو هێزەیە کە گوزارشت لە بۆچون و موعاناتى خەڵک دەکات، ئەو گۆڕانخوازانەى لەم پڕۆژەیەدابون و بەردەوامن پێویستە شانازى بە خۆیانەوە بکەن، ده‌شڵێت، "گۆڕان پڕۆژەیەکى سیاسى سەرمەشقە و کاریگەرییەکى گەورەى دروستکردوە".

سەفین مەلا قەرە لە کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى کۆنفڕانسى نیشتیمانى لەگەڵ ئەنجومەنى قەزاى ناوەندى هەولێر و هەڵسوڕاوانى سنورەکە، رایگه‌یاند، "هەریەکە لە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان لە هەمو ئاستەکان، رەخنە و تێبینی و مافمان هەیە، بەڵام ئەرکیشمان کەوتوەتە سەر شان و پێویستە سود لە ئەزمونى رابردومان وەربگرین، لێرەین رەخنە و سەرنج و تێبینى ئێوە، وەک گۆڕانخوازانى هەولێر بە هەند وەردەگرین بۆ داڕشتنەوەى سیاسەت و خۆنوێکردنەوە و ئامادەکارى بۆ قۆناغى نوێ، چونکە هەولێر بۆ ئێمە گرنگە و هەمو گۆڕانکارییەک لە هەولێرەوە دەستپێدەکات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، گۆڕان بزوتنەوەیەکى جەماوەریى زیندوە و بەردەوامیی دەدات بە هەنگاو و هەوڵەکانى بۆ جێبەجێکردنى بەرنامە و بنەماکانى لە خزمەتى خەڵک و پڕۆسەى چاکسازى و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، گۆڕانخوازانى شارى هەولێر پێویستە شانازى بە خۆیانەوە بکەن، کە لەناو پڕۆژەیەکى سیاسى سەر مەشقدا کاریان کردوە تائێستا هیچ هێزێکى سیاسى نەیتوانیوە پێى بگات و تێى بپەڕێنێت نە لە بەرنامەى سیاسى نە لە کاریگەرییەکەى و نە لەو گۆڕانکاریانەى لە ژیانى سیاسى کردویەتى.

سەفین مەلا قەرە باسی له‌وه‌شكردوه‌، "بزوتنەوەى گۆڕان هۆشیارى میللى خەڵکى کوردستانى بەرامبەر ماف و داخوازى خۆى و بازنەى ئازادییەکانى فراوانکرد، دەنگى هاوڵاتیانى ئازاتر کرد، بۆیە دەتوانن شانازى بەوەوە بکەن کە پڕۆژە سیاسییەکەتان کاریگەرییەکى گەورەى لە فەزاى دیموکراتى و سیاسى دروستکرد".