کوردستان

01:28 - 27/06/2022

وەزارەتى دارایی (١٨٧) ملیۆن دینارى بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەرخانکرد‌




لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە وەزارەتی دارایی (١٨٧) ملیۆنی بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەرخانکرد.

لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و دوای ئاراستەکردنی نوسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە (8343) و بەئیمزای وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی (187.828.000)ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕی. بەمەبەستی چاککردنی تونێلەکەو کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان.

هاوکات لە مانگی نیسانی رابردو لەمیانی بەسەرکردنەوەی تونێلەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەک پلانی خێرا هەوڵدەدەن بەزوترین کات تونێلەکە نۆژەنبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەمانکات رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوەو بڕیاردراوە کە لیژنەیەکی ھاوبەش لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتی پلاندانان پێکبھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باشترین کۆمپانیای ناوچەکە تایبەت بە دروستکردنی تونێلی دوەمی دەربەندیخان.