کوردستان

09:18 - 28/06/2022

وته‌بێژی حكومه‌ت: بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەى هۆشبەر نەگەشتووەتە ئاستی مەترسی‌

پەیسەر

وته‌بێژی حكومه‌ت رایگه‌یاند: بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان تەشەنەی کردووە، هەرچەندە نەگەشتووەتە ئاستێک کە جێگەی مەترسی بێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، له شاری هه‌ولێر، تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان CNO كۆنفڕانسێكی له‌ ژێر ناوی "ماددەی هۆشبەر، ئەو مەترسییەی لە بەردەم هەمووانە" ڕێك خست.

جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە وتارێکدا رایگه‌یاند: بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستماندایە بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان تەشەنەی کردووە، هەرچەندە نەگەشتووەتە ئاستێک کە جێگەی مەترسی بێت و لە چاو هەموو وڵاتانی دراوسێش دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە هەموویان باشترە.

وتی: ئەوەش کە زیاتر جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر بەرهەم نەهاتووەو ئەوەی هەبووە هەمووی لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بۆمان دێت، كە ئەویش وەکو ترانزێت دێت و بۆ وڵاتانی دیکە دەنێردرێت کە رێژەیەکی زۆر کەمە، و توانراوە ٧٠% بۆ ٨٠%ـی ئەوانەی کاری ترانزێیان بەو ماددە کردووە دەستگیر بکرێن.

وته‌بێژی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٩٤٣ کەس دەستگیر کراون و لە شەش مانگی ئەمساڵیش ٩٩٩ کەس دەستگیر کراون، بۆیە ئامارەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە رێژەکە لە زیادبووندایە.

وتیشی: لە نێو ئەو کەسانەی کە توشبوون هەموو تەمەنەکانی تێدایە لە ١٨ ساڵییەوە بگرە تا دەگات بە ٥٠ ساڵی و سەرووتریش و لە هەموو ئاستێکی روشنبیری تێدایە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەر نییە و ئەوەی هەیە زیاتر گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرە، خەڵکانێک بەکاردەهێندرێن و خەڵکانێک کە لەبەرامبەر بڕێک پارە ماددەی هۆشبەریان پێ دەگواسترێتەوە بۆ نێو شارەکان.

وته‌بێژی حكومه‌ت باسیله‌وه‌شكرد، هەروەها تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر بەرهەم نایەت و ئەوانەش لە هەرێمی کوردستان هەن، ماددەی هۆشبەری دەستکردن، هەروەها چەند جۆرێک دەرمانی پزیشکیش هەن کە وەک ماددەی هۆشبەری مامەڵەی پێوە دەکرێت.