کوردستان

12:31 - 29/06/2022

فازڵ نەبی: حکوومەت ھەنگاوی گرنگی ناوە؛ مووچە خۆی دابینی دەکات و خزمەتگوزارییش پێشکەش دەکات‌

پەیسەر

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزیری داراییی حکوومەتی عێراق و شارەزای ئابووری، ، رایگه‌یاند كه‌ ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی بۆ ئەوەی پشت بە خۆی ببەستێت لەڕووی ئابوورییەوە زۆر گرنگە، چونکە لە ڕاستیدا بەغدا جێی متمانە نییە تا پشتی پێ ببەستی و نازانی ئەوانەی دێنە سەر حوکم چۆن مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی باشی ناوە و دوو مانگە خۆی مووچە دابین دەکات، ئەوە جێگەی دەستخۆشییە.''

فازڵ نەبی رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئەمە وا دەکات زیاتر ھەرێم پارێزگاری لە خۆی بکات و چاکسازی بکات و داھاتی خۆی زیاتر بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بدات و خزمەتگوزارییش پێشکەش بکات، بۆیە ئەمە باشترین ڕێگایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرتوویەتەبەر و ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە.''

فازڵ نەبی ئه‌وه‌شی خسته‌روو چەند ھەنگاوێکی زۆر گرنگی حکوومەت ئەوەیە کە داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان زیاد بکرێت و، ھەوڵ بدات لە داھاتوودا غازی خۆیشی ھەناردەی دەرەوە بکات.''

وتیشی: ''جگە لەوەش، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی باشی داناوە کە سەرچاوەی داھات ھەمەجۆر بکات و تەنھا نەوت نەبێت و داھاتی دیکەش وەکوو کشتوکاڵ و پیشەسازی و سەرچاوەی دیکە زیاد بکات، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی زۆر باشی ناوە.''
سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی