کوردستان

05:39 - 24/07/2022

حكومه‌ت: بەشی سێیەمی شەقامی 150 مەتریی هەولێر بە ڕێژەی 60% تەواو بووە‌

پەیسەر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی ئەندازیارانی پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر كۆدەبێتەوە و ده‌ڵێت: ئەم پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكومەت كە ئێستا بەشی سێیەمی بە ڕێژەی 60%ی كارەكانی تەواو بووە و كاركردنیش تێیدا بە باشی بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە (24ی تەممووزی 2022) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتی و تیمی ئەندازیارانی پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر كۆبووەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌، ساسان عه‌ونی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر یەكێكە لە دەستكەوت و پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی حكومەتی بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە دووپات كردەوە، لەم سۆنگەیەوە داوای لە تیمی سەرپەرشتی و ئەندازیارانی پرۆژەكە كرد كە بە دڵسۆزی و وریاییەوە كار لە پرۆژەكەدا بكەن.

پاشان لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، لیژنەی سەرپەرشتی و تیمی ئەندازیارانی شەقامی 150 مەتری بە وردی تیشكیان خستە سەر ئەو كارانەی تاوەكوو ئێستا لە بەشی سێیەمی پرۆژەكە تەواوكراون كە ئەم بەشەیان لە ڕێگەی هەولێر-بەحركەوە تا ڕێگەی هەولێر-گۆپاڵ لەخۆدەگرێت.

بەشی سێیەمی پرۆژەكە ماوەی 550 ڕۆژە، بەڵام لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگدا بە ڕێژەی 60%ی كارەكانی تەواو بووە و ئێستاش كاركردن تێیدا بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌.