کوردستان

06:21 - 25/07/2022

لاڤرۆڤ:
ئامانجی کۆتایی مۆسکۆ ڕووخاندنی حکومەتی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکییه‌‌

پەیسەر

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئه‌مڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ئامانجی کۆتایی مۆسکۆ لە شەڕەکەدا "ڕووخاندنی حکومەتی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیایە".


ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هەوڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی.


قسەکانی لاڤرۆڤ سەبارەت بە ڕووخانی حکومەتەکەی زێلێنسکی، یەکەم لێدوانی ڕووسیایە سەبارەت بەم ئامانجە، لەو شەڕەدا، کە بەم دواییە چووە شەشەمین مانگه‌وه‌.


لێدوانەکانی لاڤرۆڤ پێچەوانەی هەڵوێستی کرێملین لە سەرەتای جەنگدا، کاتێک بەرپرسانی ڕووسیا چەندین جار جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوان بەدوای ڕووخاندنی حکومەتی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیادا نین.


لاڤرۆڤ لە وتارێکدا لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە ڕۆژی یەکشەممە وتی: مۆسکۆ سوورە لە یارمەتیدانی ئۆکراینییەکان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان لە بارگرانی ئەم ڕژێمە بە تەواوی قبوڵنەکراوە ڕزگار بکه‌ن.


لاڤرۆڤ کیێڤ و "هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی" تۆمەتبار کرد بە پەرەپێدانی پڕوپاگەندە بەبه‌وه‌ی ئۆکرانیا "دوژمنی هەمیشەیی ڕووسیا"یه‌.


ئه‌و زیادی کرد: گه‌لانی ڕووسیا و ئۆکرانیا له‌ پێکه‌وه‌ ژیان به‌رده‌وام ده‌بن و به‌دڵنیاییه‌وه‌ یارمه‌تی ئۆکراینیه‌کان ده‌ده‌ین بۆ ڕزگاربوون له‌ ڕژێمی دژه‌ گه‌ل و دژه‌ مێژوویی.


لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "روسیا ئامادەبوو دانوستان بکات بۆ رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان بهێنێت لە مانگی ئازاردا، بەڵام کیێڤ رێڕەوی دانوستانەکانی گۆڕی و نیازی خۆی بۆ شکستپێهێنانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگدا راگەیاند" ئاماژەی بەوەدا کە "رۆژئاوا هانی ئۆکرانیای دا بەردەوام بێت لە شەڕ".