کوردستان

09:55 - 26/07/2022

تۆپبارانەکەی زاخۆ دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌


ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی تۆپبارانەکەی تورکیا بۆ سەر ھاوینەھەواری پەرەخ لە زاخۆ دەکات.


ئەمڕۆ سێشەممە 26/7/2022، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەگای سەرەکی خۆی لە نیویۆرک، بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی بەرنامەی کار، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە هێرشەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق بەتایبەتی تۆپبارانی چەند رۆژ لەمەوبەر بۆ سەر هاوینەهەواری گوندی پەرەخ-ی سەر بە ناحیەی دەرکار لە سنووری زاخۆ.

بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق و جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق راپۆرتی خۆیان لەبارەی ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا پێشکەش بکەن.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە، لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەت ھەڵوێستە نیشتمانییەکانی کۆکردۆتەوە بۆ یەکخستنی ھەڵوێستی عێراق لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا.

رۆژی 20/7/2022، بەهۆی تۆپبارانی توکیا لە ناوچەیەکی گەشتیاری گوندی پەرەخ-ی ناحیەی دەرکاری سنووری زاخۆ، 9 گەشتیار شەهید بوون و زیاتر لە 25 کەسی دیکەش برینداربوون.