کوردستان

07:03 - 26/07/2022

بۆ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان ده‌ستیانپێكرد‌

پەیسەر

لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری په‌رله‌مان 12ی راپۆرت له‌سه‌ر چه‌ند بوارێك ئاماده‌ ده‌كات یه‌كێكیان پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2016ه‌وه‌ راگیراوه‌.


ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری كۆبوه‌وه‌، له‌سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی لیژنە پوخته‌یه‌كی له‌بارەی ئامادەکارییەکانی لیژنەكه‌ بۆ ئامادەکردنی ١٢ ڕاپۆرت لەسەر بابەتەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان و کێشەی باج و ڕسومات و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگه‌کان و چەند بابەتێکی تری پەیوەندیدار بەژیان و گوزارەنی هاووڵاتییان خسته‌ڕوو.


ئاماژەی بەوەش کرد، وەک سەرۆکایەتیی لیژنە ڕاپۆرتەکان ئامادە دەکەن و لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەكه‌ گفتوگۆی لەسەر دەکەن و بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.


دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر ڕاپۆرتی بەراوردکاری لەنێوان هەرسێ ڕاپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ئەندامان ڕا و سەرنجی خۆیان لەسەر ناوەڕۆکی ڕِاپۆرتەکە خستەڕوو، بڕیار درا ڕاپۆرتەکە ڕێکبخرێتەوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بەمەبەستی ئاگاداربوون و کاری پیویست.


لە ساڵى ٢٠١٦ەوە پلە بەرزکردنەوەی فه‌رمانبه‌ران ڕاگیراوە، ئەم بڕیارە مانگانە زیانى گەورە بە نزیکەى (٧٠٠,٠٠٠) فەرمانبەر دەدات، بڕى ئەو پارەیەى کە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێک لە نێوان (٦٠ تا ٣٠٠) هەزار دینارى مانگانەیە.


لە ڕۆژى ٢ى ٩ى ٢٠٢١، بە واژۆى (٢٥) ئەندام پەرلەمان، پێشنیازە بڕیارێکیان پێشکەش بە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد سەبارەت بە پابەندییە داراییەکانى حکومەت، کە لە پێنج ماددە پێکهاتووەو یەکێک لە ماددەکانى بریتیە لە دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران.