کوردستان

11:14 - 09/08/2022

دوو کودەتاکەی عێراق؛ پێویستە ئەمریکا چۆن وەڵام بداتەوە؟‌

هاوپەیمانانی ئێران لە عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا کودەتایەکیان بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا کرد، ئێستایش موقتەدا سەدر هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کردەوەی ئاژاوەگێڕییەوە سیستەمی حوکمڕانی کۆنتڕۆڵ بکات. پێویستە دۆستەکانی عێراق بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەیەکسانی گرنگی بەم هەردوو ڕووداوە بدەن، نەك تەنیا بەوەی کە ئێستا ڕوو دەدات.

لەگەڵ هەڵکوتانەسەر و دەستبەسەرداگرتنی پەرلەمانی عێراق و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی نێودەوڵەتی یان سەنتەری فەرمانڕەوایی لە بەغدا لەلایەن هەوادارانی موقتەدا سەدرەوە، کۆمەڵێك ڕا و بۆچوون پێیان وایە عێراق کودەتا بەخۆیەوە دەبینێت، یان وەك ئەوەی سەدر ناوی دەنێت "شۆڕش". بەڵام بە ڕوانین لە باکگراوند و پاشخانی چەند مانگی ڕابردووەوە، دەبێ کردارەکانی وەك وەڵامێك سەیر بکرێت بۆ تێکدانی دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن دۆڕاوانی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١، کە تیایدا ڕەوتی سەدر سەرکەوتنی بەدەست هێنا؛ مەبەستەکەیش ئەوە بوو ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان پووچەڵ و ڕەت بکەنەوە.

بەم کودەتا دادوەرییەی کە لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی دادگه‌ی باڵای فیدراڵییەوە ئەنجام درا، ئەو دادگه‌یەی کە دەبوو سەربەخۆ بێت، یەکێك لە باڵەکانی حکوومەتی، ملکەچی هێزێکی بیانی کرد. ئێستایش، سەدر کارێکی هاوشێوە ده‌كا، ئەگەرچی لە ڕێگەی کردەوەی ئاژاوەگێڕییەوەیە: لەکارخستنی باڵێکی دیکەی حکوومەت، کە دەسەڵاتی یاسادانانە. پێویستە ئەمریکا و دۆستەکانی چۆن لەم ئاژاوەیە بڕوانن و ئەو ڕێوشوێنانە چین کە بە شێوەیەکی باشتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و خەیاڵ و ئایدیاکانی دەکات؟

حیکایەتێکی هەردوو کودەتاکە

لە سیستەمی پەرلەمانیی عێراقیدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، سەرۆكی ئەنجومەن و سەرۆكکۆمار و سەرۆكوەزیران بەم ڕیزبەندییە دەستنیشان دەکەن: هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و پەسەندکردنی سەرۆكوەزیران و حکوومەتەکەی، زۆرینەی سادەیان پێویستە لە ٣٢٩ ئەندامدا (واتا ١٦٥ کورسی)، لە هەمان کاتدا زۆرینەی دوو لەسەر سێ (٢١٨ کورسی) لە هەوڵی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆكکۆماردا پێویستە؛ بەڵام ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا کەس سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا ڕێژەکە بۆ (١٦٥ کورسی) دادەبەزێت. لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١، کە لەلایەن هەر یەکە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و دادوەرانە لە قەڵەم درا، لیستی "سائیرون" بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر زۆرترین ژمارەی کورسیی بەدەست هێنا (٧٣ کورسی) و هەوڵی دا جیاواز لە جاران، هاوپەیمانێتییەکی فرەڕەگەز و تائیفە پێک بهێنێت، ١٦٥ کورسییەکە مسۆگەر بکات و لیستی چوارچێوەی هەماهەنگیی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، بکات بە ئۆپۆزیسیۆن.

لە وەڵامدا، چوارچێوەی هەماهەنگی چەند جارێك هەوڵی دا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵبگێڕێتەوە و ڕەت بکاتەوە؛ سەرەتا ڕێگه‌ یاسایییەکانی گرتە بەر، دواتر هێرش و پەلاماری نیمچەسەربازی بۆ سەر ناوچەی سەوز (ناوچەی نێودەوڵەتی)، لە کۆتاییدا هەوڵی کوشتنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، لە حەوتی نۆڤه‌مبەری ٢٠٢١. دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکان شکستیان هێنا و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان لە ٢٧ی دیسه‌مبەری ٢٠٢١ پەسەند کران، چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەو جێبەجێکردنی پلانی B هەنگاوی نا، کە بریتی بوو لە کودەتای دادوەری؛ عەقڵی جێبەجێکاریش، سەرۆكوەزیرانی پێشووتر، نووری مالیکی بوو، کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا، ئەندامە دیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی لەوێ دامەزراندبوو، ئامادەی کردبوون و پلەکانیانی بەرز کردبوونەوە.



کودەتا دادوەرییەکەی ئێستا، بریتییە لە ڕاسپاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فایەق زێدان، بۆ ئاسانکاری لە زنجیرەیەك بڕیاری دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی ژێردەستی خۆی، دواتر بە شێوەیەکی خێرا لە سەرەتای ٢٠٢٢دا بخرێنە ڕوو. لەوەیش گرنگتر، دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بەکردار بژاردەی "دانانی سەرۆك بە زۆرینەی سادە"ی هەڵوەشاندەوە، ئەگەر بێت و لە گەڕی یەکەمدا هەوڵی زۆرینەی دوو لەسەر سێ شکستی هێنا. بەم کارەیش، چوارچێوەی هەماهەنگی بەکردار هەوڵەکانی موقتەدا سەدری بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینە لەبار برد، بە دەنگی ١٦٥ کورسیی پەرلەمان و بەبێ بەشداریکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی. ئەم بڕیارە لە بنچینەدا بنەماکانی یارییەکەی گۆڕی؛ تۆپەکە خەریك بوو هێڵی گۆڵ تێ پەڕێنێت. دادگه‌ی باڵای فیدراڵی لەناکاو دۆسییەیەکی لە دژی هەناردەكردنی سەربەخۆیانەی نەوت لە دژی کوردستان جووڵاند، کە هی دە ساڵ لەمەوبەر بوو؛ مەبەستیشی سزادان و ترساندنی هەندێك لەو کوردانە بوو کە لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەدا بەشدار بوون.

لە هەنگاوێکی بێهیوایانه‌دا، موقتەدا سەدر سەرجەم ئەندامەکانی خۆی لە پەرلەمان کشاندەوە، کە ژمارەیان ٧٣ پەرلەمانتارە و؛ دەستبەرداری زۆرینە بوو بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و شەریکەکانی (ئەگەرچی زۆرینەی دوو لەسەر سێیه‌کە گرنگ نەبوو). ئاماژەیشی دا بەوەی ڕژێمی فەرمانڕەوایی، گەندەڵە و لە ئێستاوە هەوڵی گۆڕینی دەدات. چوارچێوەی هەماهەنگییش خۆی ئامادە کرد بۆ هەوڵی پێکهێنانی حکوومەت؛ پێ دەچوو تەنیا بتوانن دوو لەسەر سێی ئەندامان کۆ بکەنەوە، لە دوای دابەشکردنەوەی کورسیی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی سەر بە لیستەکەی موقتەدا سەدر.

بۆ ڕێگریکردن لەم کارە لایەنگرانی موقتەدا لە بەغدا هەڵیان کوتایە سەر پەرلەمان و شوێنەکانی دیکەی پاڵپشت و، دەستیان بەسەردا گرت. حکوومەتی عێراقی بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستبەسەرداگرتنانە هیچ خۆپیشاندەرێکی نەکوشت- بە هەمان شێوەی (سەردەمی سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی، کە ئێستا لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدایە) کە هەودارانی سەدر لە ساڵی ٢٠١٦ پەرلەمانیان تاڵان کرد. حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، هەڵوێستی حکوومەت وەك جۆرێك لە پاڵپشتیکردنی کردەوەکانی موقتەدا دەبینن؛ بەمەیش وەك کودەتایەك وەسفی دەکەن.

دوو هەڵە، حکوومەتێکی سەقامگیر دروست ناکەن

هەرچەندە سەرکردایەتیی باڵای ویلایەتە یەكگرتووەکان ڕەنگە سەرنجی لەسەر کێبڕکێی نێوان هێزە گەورەکان و پرسە ناوخۆیییەکان بێت، بەڵام هەواڵگریی ئەمریکا و دەستە دیپلۆماسییەکان، لەگەڵ هاوپەیمان و شەریکەکانماندا، زۆر شت لەبارەی جووڵەی ڕۆژانە و وتوێژ و هەژمارە بانکییەکانی سەرکردە عێراقییەکان دەزانن، لەبەر ئەوە ئەمریکا بەتەواوەتی دەزانێت چوارچێوەی هەماهەنگی چۆن لە سەرەتاکانی ٢٠٢٢دا بەهاوبەشی لەگەڵ جەنەڕاڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی "فەیلەقی قودس"ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، فایەق زێدان کودەتای ئەنجام داوە. قائانی و زێدان و مالیکی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە ماڵی مالیکی چاویان بە یەکتر کەوتووە؛ زێدان لەو کاتەدا ڕێنماییی لە مالیکی و جەنەڕاڵە ئێرانییەکە وەرگرتووە.

ئەمە بەتەواوەتی لەگەڵ ڕۆحییەت و دەقی دەستووری عێراقیدا ناکۆکە، كه‌ فەرمان بە دەسەڵاتی دادوەری بکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان ڕەت بکاتەوە و کوتلەی زۆرینە بترسێنێت. ئەمە کودەتایەکی دادوەرییە، لە دەرەوە پاڵپشتی دەکرێت و نابێت گەلی عێراق قبووڵی بکات یان کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە ئاستیدا بێدەنگ بێت؛ هەروەك لە ئێستادا تا ئاستێکی زۆر دوا کەوتووەتەوە، لانی کەم لە بەردەم خەڵکیدا. چوارچێوەی هەماهەنگی بەهێمنی و زیرەکانە دەستی بە جووڵە کردووە و، چالاکییە نایاسایی و نادەستوورییەکانی خۆی لەو بوارەدا ئەنجام داوە کە هەواڵگریی نهێنی دەتوانێت ئاشکرای بکات؛ ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بیەوێ، دەتوانێ بەڵگەکانی ئەم هەوڵانە ئاشکرا بکات، چ بە شێوەی ئاشکرا بێت یان بە شێوەیەکی نهێنی و ناڕاستەوخۆ.

نابێ ئەمریکا دەستەوەستان بێت و ناڕەزایەتیی خۆی لە بەرامبەر داگیرکردنی گەورەترین دامەزراوەی دەوڵەت لەلایەن سەدرییەکانەوە دەرنەبڕێت. لێرەدا ڕەنگە میتۆدی ناڕاستەوخۆ زیرەکانە بێت. ئەمریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بکات. تەنانەت لەو کاتەیشدا بێدەنگیی هەڵبژارد و یارمەتیی سەرۆكوەزیران مستەفا کازمیی نەدا، کە بارهەڵگرانی میلیشیا تایبەتەکانی سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵلای ناو چوارچێوەی هەماهەنگی (کە لە پەرلەماندا بە لیستی "الحقوق" ناسراوە) لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا بارەگای کازمییان گەمارۆ دا و ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لێ کرد. لە جیاتی ئەمە، بۆ ئەمریکا باشترە زۆر بەسادەیی ئەو بەڵگانە پێشکەش بە سەدر و گەلی عێراقی بکات کە پێویستییان پێیەتی بۆ لەکارلادانی دەسەڵاتی گەندەڵی دادوەری لە عێراقدا، لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی دیکەیش کە لە تەك چوارچێوەی هەماهەنگیدا پیلانگێڕییان کرد، تاکوو بکوژانی خۆپیشاندەران لە زیندان ئازاد بکرێن یاخود ئەوانەی کە لەسەر حسابی عێراق سامانەکانیان کۆ کردۆتەوە.

ڕەنگە سەرکردایەتییەکی نوێی دادوەری بتوانێت ڕێوشوێنەکان بگرێتە بەر و لەوانەیە سەدر ڕازی بکات دەستی خۆی لەسەر پەرلەمان خاو بکاتەوە؛ دواتریش پێ دەچێت هەڵبژاردنێکی نوێ بە دوای خۆیدا بهێنێت، بەو پێیەی دەسەڵاتی دادوەری لە سەرەتای ٢٠٢٢وە كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنی گرتۆتە بەر، بە مەبەستی کاریگەریخستنە سەر ئەنجامە کۆتایییەکانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی چوارچێوەی هەماهەنگیدا.

بە واتایەکی دیکە، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە گرنگی بە هەردوو هەوڵە کودەتایییەکەی ئەمساڵ بدات؛ ڕەنگە شوێنەکە گونجاو بێت بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان تا هەڵەکانیان ڕاست بکەنەوە، کە بریتین لە دزینی هەڵبژاردنەکان و تۆقاندنی کوردانی عێراق لە بەهۆی پەیڕەوکردنی مافی خۆیان لە چوونە ناو حکوومەتی زۆرینەدا. تا ئەو کاتەی بڕیارەکانی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی پووچەڵ نەکرێنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لەوانەیە زیانێکی هەمیشەیی بە توانای عێراق بگەیەنێت لە پێکهێنانی حکوومەتدا، هەروەها چەقبەستووییی وا بهێنێتە ئاراوە، لە هەر هەڵبژاردنێکدا سەر هەڵبداتەوە؛ ئێستایش زۆرینەی دوو لەسەر سێی پێویستە. چوارچێوەی هەماهەنگی دوودڵ نەبوو لە ڕیسك و سەرەڕۆییکردن بە کشاندنەوەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و نغرۆکردنی پێنج ملیۆن دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەنێو قەیرانێکی ئابووریدا لە ڕێگەی هۆڵی دادگه‌وە (لە تەك هێرش و پەلامارە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە) بۆ سەر فرۆشتنی نەوتی کوردستان.

 ئەمانە بەئاشکرا کردەوەی تێکدانی سەقامگیرین؛ ناتوانرێت پووچەڵ بکرێنەوە تەنیا مەگەر ڕۆشنایی بخرێتە سەر بنەمای بڕیارەکانی دادگه‌- کارلێکە دادوەرییە نادروستەکان لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وەك نووری مالیکی و فەرماندەی "فەیلەقی قودس"ی سەر بە سوپای پاسداران جەنەڕال ئیسماعیل قائانی. لەم قۆناغەدا کە عێراق و هاوبەشەکانی بە ئاراستەی کەلێنێکی قووڵدا هەنگاو دەنێن، پێویستی بە بیرکردنەوەی سیاسییانەی بەپەلە و نائاسایی هەیە؛ ئاماژەیەك بۆ موقتەدا سەدر بنێردرێت بەوەی کە ده‌كرێت بە زیاتر لە ڕێگه‌یەك، لەم چەقبەستن و ڕێگه‌ داخراوییە بێنە دەرەوە و، دەکرێ هەڵەکانی هەڵبژاردنی دزراو بەبێ کودەتای دووەم، ڕاست بکرێنەوە.




ئامادەکردنى مایکڵ نایتس

* "مایکڵ نایتس" (Michael Knights) لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن لێکۆڵەرە و پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی، ئەمنیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو و، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی میلیشیا سپۆتڵایت.



وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیره‌  - پێنوس
سەرچاوە:
 https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/iraqs-two-coups-and-how-us-should-respond