کوردستان

07:01 - 18/08/2022

زیندانییانی بادینان تووشی لاوازیی چاو و گورچیلە، خوێنبەربوون و ڤایرۆسی جگەر بوون‌

 

 

سەرۆکى تیمى پارێزەرانى زیندانییانی بادینان رایگەیاند، زیندانیان لە دۆخی تەندروستیی دژواردان و بەشێكیان گورچیلەیان لاواز بووە، بەشێكیان چاویان و یەكێكیشیان تووشی خوێنبەربوون بووە.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ دۆسیەی زیندانییان لە دادگای كەتنەوە گەڕێندرایەوە بۆ چاكسازیی گەورانی هەولێر بەمەبەستی تەواوكردنی كەموكوڕییەكانی ناو دۆسیەكان، ئەمڕۆ لە چاكسازی دۆسییەكانیان تەواونەكرد و خستیانە هەفتەی ئایندە.

وتیشی، “بابەتەكە سیاسییە و دەستی دەستیمان پێدەكەن، بەڵام بەپێی ماددەی 329 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر كەسێكی ڕاسپێردراو بە خزمەتی گشتی، ئەگەر بڕیاری دادگا جێبەجێنەكات، وادادەنرێت كە تاوانێكی ئەنجامداوە”.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانییانیش بەشدار حەسەن ئاشکرایکرد، “دۆخی تەندروستییان زۆر زۆر خراپە، ناهێڵن بیانبینین، دەزانن گەر بیانبینین ڕای گشتی لێئاگاداردەكەینەوە”.

ئەوەشی وت، مانگرتنی زیندانییان بەردەوامە، بەهۆیەوە بەشێكیان گورچیلەیان لاواز بووە، بەشێكیان چاویان كز بووە و یەكێكیشیان تووشی خوێنبەربوون بووە.


بە وتەى بەشدار حەسەن، شیروان شیروانی دوو ڕۆژە لەهۆش خۆی دەچێت، یوسف شەریف هەموو جەستەی تووشی كیسی ئاو بووە، ئەمجەد ڕێكانی تووشی ڤایرۆسی جگەر بووە و هەردوو گورچیلەشی كز بوون و نێچیرڤان بەدیع-یش بەهۆی خوێنبەربوونەوە چاوەكانی كز بوون.