کوردستان

06:43 - 22/08/2022

مەترسیدارترین فەیلەسوفه‌كه‌ی جیهان كێیه‌؟‌

پەیسەر

داریا دوگین، کچی هاوپەیمانی نزیکی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە نزیک مۆسکۆ گیانی لەدەستدا. پێدەچێت دوگینی باوکی، كه‌ فەیلەسوفێكی بەناوبانگی ڕوسیایه‌و بە "عەقڵی پوتین" ناسراوە، ڕەنگە ئامانجه‌كه‌ بووبێت.
نووسین و تێڕوانینه‌كانی ئەلێکساندەر دوگین، كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر جیهانبینی ڤلادیمێر پوتین و په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆشی به‌ لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هەیە.


هەروەها دوگین بە تیۆریستی سەرەکی ئەو ئایدۆلۆژیایە سەروو نەتەوەییە دادەنرێت کە زۆرێک لە ئه‌ندامانی کرێملین پابەندن پێیەوە.

ئەو بیرمەندە پێشتر پشتیوانیی لە دەستدرێژییەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەربڕیبوو، هەروەها لە ساڵی 2015 بە سزاكانی ئەمریكا سزا درابوو بەهۆی ئەوەی گوایە دەستی هەبووە لە لكاندنی كریمیا به‌ ڕووسیاوه‌، لە ساڵی 2014.

ئەلێکساندەر دوگین کێیە؟

ئەلێکساندەر دوگین، توێژەری سیاسی ناسراوە بە "راسپوتین پوتین" و "عەقڵی پوتین"، مێژوونووس و مامۆستای پێشووی کۆمەڵناسییە لە زانکۆی مۆسکۆ، راوێژکاری سیاسی و سەربازی کرملین و فەیلەسوفی ناسیۆنالیزمی رادیکاڵی رووسییە، کە لەلایەن هەندێک کەسەوە له‌ رۆژئاوا به‌ "مەترسیدارترین فەیلەسوف لە جیهاندا".

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب دەیان وتاری بە زمانی ڕووسی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، هەروەها پێدەچێت ئەو لە ١٠ زمانی دیکە شارەزا بێت و چەندین بۆچوونی مشتومڕاوی هەیە، هەروەها دژی ئینتەرنێت و له‌گه‌ڵ کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرنە و بۆچوونی دواكه‌ووتووشی هەیە لەسەر لاهووت و ئایینەکان.

تیۆری چوارەم

دوگین پێی وایە 3 تیۆری سیاسی هەن کە لە سەردەمی مۆدێرندا کاریگەرییان لەسەر جیهان هەبووە: لیبرالیزم، کۆمۆنیزم و فاشیزم. بە بڕوای ئەو، ئەمریکا پێشەنگی لیبرالیزمە لە جیهاندا کە ئازادی تاک و بازاڕی ئازاد دابین دەکات و لیبرالیزم لە ساڵی ١٩٤٥ دا به‌سه‌ر فاشیه‌تدا سه‌ركه‌وتووه‌ و لە ساڵی ١٩٩١ شدا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر شیوعیه‌تدا هێناوه‌، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە سه‌رمایه‌داری ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانێکی کوشندە بووەتەوە و مردنێکی حەتمی چاوه‌ڕوانی ده‌كات، دوگین پێی وایە لیبرالیزم هەوڵ دەدات ئەندامەکانی جه‌سته‌ لە ژێر کۆنترۆڵی عەقڵ ڕزگار بکات.

دوگین هەر سێ تیۆرییەکە بە مردوو دەبینێت و "تیۆری سیاسی چوارەم" ته‌رح ده‌كات کە تەرکیز لەسەر تاک و ڕەگەز و ناسیۆنالیزم ناکات، بەڵکو جەخت لەسەر هۆشیاری مرۆڤ دەکاتەوە کە بەهۆی تەکنەلۆجیاوە پەراوێزخراوە.

دۆگین پێیوایه‌، بەو پێیەی خۆئاگاداری لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر و لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر جیاوازە، جیهان دەبێت فرە جەمسەری بێت نەک یەک زلهێز، هه‌ر ته‌نیا ئەمریکا بێت.

 هەروەها تیۆرییه‌كه‌ی دژایەتی رەوتی دامەزراندنی "حکومەتێکی جیهانی" دەکات کە نوخبەی جیهانی سەرکردایەتی دەکات، کە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورە جیهانییەکان لەخۆدەگرێت.

دوگین پێشبینی کردبوو کە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا حەتمیه‌ و داوای لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کردبوو دەستێوەردانی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکات بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵاتی ئەخلاقی ڕووسیا.

هەروەها به‌ داڕێژەری پلانی لکاندنی دورگه‌ی کرێما به‌ ڕوسیاوه‌ داده‌نرێت و ڕایگەیاندبوو هەنگاوی داهاتوو دەستێوەردانی سەربازی دەبێت لە رۆژهه‌ڵاتی ئۆکرانیا، بەردەوام ناوی دەنێت نۆڤۆرۆسیا (ڕووسیای نوێ). زاراوەیەکە کە پوتینیش بەکاری دەهێنێت، دوگین پێی وابوو کە "ڕۆحی ڕووسی" بەهۆی خەباتی جوداخوازی لەوێ بەئاگا هاتۆتەوە، کە بە "بەهاری ڕووسی" ناوی بردووە.

تیۆری ئۆراسیا

دوگین پێیوایە پێویستە ڕووسیا سەرکردایەتی یەکێتی ئۆراسیا بکات، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بزووتنەوەی نێودەوڵەتی ئۆراسیای دامەزراند.

ئەو پێیوایە نەیارى ئەم یەکێتییە "کیشوەرییە"ی ئۆراسیا ئەمریکا نییە، بەڵکو "ناتۆ"یە، ئەو هاوپەیمانییە سەربازییە کە له‌لایه‌ن ١٢ وڵاته‌وه‌ لە ساڵی  دامه‌زرا له‌وانه‌ ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا. ئامانجی ناتۆ لە سەرەتادا بەرەنگاربوونەوەی مەترسی فراوانبوونی سۆڤیەت بوو لە ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم.


دوگین هەروەها پێی وایە مێژوو لە دەوری ململانێی نێوان زلهێزەکان لە ئاستی خاوەندارێتی دەریایی و کیشوەریدا دەسوڕێتەوە.


ئەو پێیوایە سەرکەوتنی ترەمپ لە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ وەک سەرکەوتنێک بەسەر ئەو رەوتە جیهانییەدا بووه‌ کە هیلاری کلینتۆن نوێنەرایەتی كردووه‌ و هەروەها وەک شۆڕشێک لەلایەن گەلی ئەمریکاوە دژی رەوتی جیهانی ناویبردووه‌.