ڕاپۆرتی عیراق

10:52 - 08/09/2022

چۆن پیاوێکی ئاینی ٩٢ ساڵ، ڕێگه‌ی نەدا جارێکی تر عێراق بخزێتە ناو شه‌ڕه‌وه‌؟‌

پەیسەر

زەمەن
جۆن دێیڤیسن ( John Davison- Parisa Hafezi - Laila Bassam )

کاتێك ڕاگەیەنراوێکی کازم ئەلحائیری، یەکێك لە پیاوانی ئاینیی عێراقی لە ئێران چەند ڕۆژێك لەمەوبەر عێراقی گەیاندە سەر لێواری جەنگ، کەس نەبوو ئەمە بوەستێنێت جگە لە مەڕجەعی باڵای شیعە، "ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی"ی تەمەن ٩٢ ساڵ، کە جارێکی دیکەیش سەلماندی بەهێزترین کەسە لە وڵاتەکەدا.

سیستانی بەئاشکرا هیچ شتێکی دەربارەی سەرهەڵدانی نائارامییەکانی ئەم دوایییەی شەقامەکانی عێراق نەگوتووە، بەڵام بەرپرسانی شیعە لە حکوومەتدا دەڵێن، هەڵوێستی سیستانی لە پشتی پەردەوە، بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە داڕمانی سیاسی. سەربردەی خوێناویترین هەفتە لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵی ڕابردوودا سنووری سیاسەتی نەریتی لە وڵاتدا دەردەخات، بەوەی کە دەسەڵاتی دەستپێکردن و ڕاگرتنی جه‌نگ و ماڵوێرانی لە ئەستۆی پیاوانی ئایینیدایە- پەیوەندییەکی ناڕوون زۆربەیان بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە کە وڵاتێکی شیعیی دراوسێیە.

ئەو عێراقییانەی ڕژانە سەر شەقامەکان، سەرزەنشتی تارانیان کرد لەوەی هانی توندوتیژی دەدات؛ ئەمەیش لە دوای ئەوە دەستی پێ کرد، وەختێ پیاوێکی ئایینیی عێراقی (کازم ئەلحائیری)، نیشتەجێی ئێران، سەرکۆنەی "موقتەدا سەدر"ی ناودارترین و پڕجەماوەریترین سیاسەتمەداری عێراقیی کرد، ڕێنماییی بۆ هەوادارانی خۆی دەرکرد (بە خودی موقتەدا سەدریشەوە) و داوای لێ کردن، ببن بە شوێنکەوتووی ڕێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی.

لایەنگرانی سەدر هەوڵیان دا دەست بەسەر باڵەخانەکانی حکوومیدا بگرن. کە شەو داهات، بە ئۆتۆمبێڵی پیکاب، دۆشکە و چەکی دژەتانكیان هەڵگرتبوو ه‌ بەناو بەغدادا تێ دەپەڕین. چەند چەکدارێك کە پێدەچێت ئەندامانی میلیشاکانی سەر بە ئێران بن، دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەرانی سەدری کرد لەوانەی بەردیان هەڵداوە. لە ئەنجامدا لانی کەم ٣٠ کەس کوژران. دوای ئەمە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، بابەتەکە لەناکاو وەك چۆن دەستی پێ کردبوو ئاوا کۆتایی هات، سەدر داوای هێوربوونەوەی کرد. لایەنگره‌ چەکدار و بێچەکەکانی، شەقامەکانیان چۆڵ کرد. سوپا بە شەوێک قەدەغەکردنی هاتوچۆی هەڵگرت و پایتەخت ئارام بووەوە.

بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتیی سەرهەڵدانی گرژییەکان و دامرکانەوەیان، ڕۆیتەرز لەگەڵ نزیکەی ٢٠ بەرپرسی حکوومەتی عێراقی و ڕەوتی سەدری و گرووپە شیعییە کێبڕکێکارەکانی کە وەك هەواداری ئێران دەبینرێن، قسەی کرد. زۆربەیان بەو مەرجە قسەیان کرد ناسنامەیان ئاشکرا نەکرێت. لە سەرجەم دیدار و چاوپێکەوتنەکاندا هێما بۆ دەستێوەردانی یەکلاکەرەوەکەی پشتی پەردە دەکرا لەلایەن سیستانییەوە؛ ئەو پیاوەی کە پێشتر هیچ پۆستێکی سیاسیی فەرمیی لە عێراقدا نەبووە، بەڵام بەو پێیەی لە ناوەندی ئایینیی شیعییدا کاریگەرترین زانای ئایینییە، ڕێبەرایەتیی نەجەف دەکات.

بەرپرسەکان دەڵێن ئۆفیسی سیستانی دڵنیاییی داوەتە سەدر کە لەوە تێ گەیشتووە ئەگەر سەدر کردەوە توندوتیژییەکانی شوێنکەوتووانی هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوا سیستانی سەرکۆنەی گرژییەکان دەکات. سیستانی پەیامێکی ئاراستەی سەدر کردووە و تێیدا ئاماژەی داوە بەوەی ئەگەر توندوتیژی نەوەستێت، ئەوا ناچار دەبێت ڕاگەیەنراوێك دەربکات و داوای ڕاگرتنی شەڕ بکات- ئەمەیش وا دەکات سەدر بە لاواز دەرکەوێت؛ بە وتەی بەرپرسێکی حکوومی عێراقی، وەك ئەوەی ببێتە هۆی ڕژانی خوێن لە عێراقدا.

سێ کەسایەتیی شیعی كه‌ بارەگاکەیان لە نەجەفە و لە سیستانییەوە نزیکن، ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە ئاخۆ سیستانی پەیامێکی ئاشکرای بۆ سەدر ناردووە یان نا. بەڵام ئه‌وان گوتیان كه‌، ئەوە بۆ سەدر ڕوون بوو کە ئەگەر سەدر دەست لەو گرژی و نائارامییە هەڵنەگرێت، ئەوا سیستانی بەم زووانە قسەی دەبێت. بەرپرسێکی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا ڕای گەیاندووە، ئەگەر ئۆفیسی سیستانی نەبووایە، سەدر ئەو پرێس کۆنفرانسەی ڕێک نەدەخست کە تیایدا داوای ڕاگرتنی شەڕی کرد.

"ناپاکی"

ڕەنگە دەستێوەردانی سیستانی لەم کاتەدا خوێنڕشتنی بەرفراوانی دوور خستبێتەوە، بەڵام کێشەی ئارامگرتن لە وڵاتێکدا چارەسەر ناکات، تێیدا ئەوەندە هێزەی دەرەوەی سیسته‌می سیاسی لە پیاوانی ئایینیی شیعیی هەبێت؛ بەو پیاوە ئایینییانەیشی کە پەیوەندیی گیانی بە گیانیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. سیستانی کە لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکانی مێژووی عێراقدا لە دوای لەشکرکێشییەکەی ئەمریکاوە کە "سەددام حسێن"ی لەناو برد، دەستێوەردانی یەکلاکەرەوەی هەبووە، جێگرەوەیەکی ڕوون و ئاشکرای نییە. سەرەڕای تەمەنەکەی، زانیارییه‌كی کەم دەربارەی تەندروستییه‌كه‌ی لەبەردەستدایە و دەزانرێت. لە هەمان کاتدا، چەندان کەسایەتیی شیعیی زۆر کاریگەر- بە موقتەدا سەدریشەوە- لە قۆناغێك لە قۆناغەکانی ژیانی پیشەیییاندا لە ئێران خوێندوویانە و ژیاون و کاریان کردووە، کە وڵاتێکی ئایینی (تیۆکراسی)یە و هیچ هەوڵێک نادات نفووزی پیاوانی ئایینی لە دەسەڵاتی دەوڵەت جیا بکاتەوە.

توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دوای ئەوە دەستیان پێ کرد کە ئایەتوڵڵا کازم ئەلحائیری، یەکێك لە پیاوە ئایینییە باڵاکان کە لە عێراق لەدایک بووە و چەندان ساڵە لە ئێران دەژی، بڕیاری دا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە واز لە ژیانی گشتی بهێنێت و ئۆفیسەکەی دابخات. هەنگاوی لەم شێوەیە لە مێژووی ١٣٠٠ ساڵەی ئیسلامی شیعیدا بەکردار، نامۆ بووە، کە بەگشتی تا مردن ڕێز لە کەسایەتییە ئایینییەکان دەگیرێت. ئەلحائیری لەلایەن محەمەد سەدری باوکی موقتەدا کە لە ساڵی ١٩٩٩ بەدەستی ڕژێمی سەددام کوژرا، وەك ڕاوێژکاری ڕۆحیی بزاڤی سەدری دەستنیشان کراوە. لە ڕاگەیەنراوی دەستلەکارکێشانەوەیدا سەرکۆنەی موقتەدا سەدری کرد بە هۆکاری درزخستنە ناو ڕیزەکانی شیعەوە؛ داوایشی لە شوێنکەوتووانی کرد لە ئاییندەدا ڕێنمایی و ئامۆژگاری سەبارەت بە کاروباری ئایینی لە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی وەرگرن- ئەو پیاوی کە ڕێبەرایەتیی دەوڵەتی ئێران دەکات. سەدر بەئاشکرا ڕای گەیاند کە لە دەستێوەردانی ئەلحائیریدا سەرزەنشتی بێگانان دەکات- مەبەستی تارانە-؛ لە تویتێکیشدا گوتی: "لەو بڕوایەدا نیم ئەو بە ویستی خۆی ئەم کارەی کردبێت."

ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی

بەرپرسێکی باڵای ڕەوتی سەدری کە بارەگاکەی لە بەغدایە گوتی "سەدر تووڕەیە"؛ وتیشی "ئەلحائیری ڕابەری ڕۆحیی سەدرە. سەدر پێی وایە ئەمە ناپاکییەکە، ئامانج لێی، بردن و دزینی شەرعییەتی ئایینییە لەو، وەك ڕێبەرێکی شیعی، لە کاتێکدا گرووپەکانی دیکەی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ململانێدان. بەرپرسانی ڕەوتی سەدری لە نەجەف دەڵێن، ئەم هەنگاوە واتا دەبێ سەدر یەکێك لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرێت: یان گوێڕایەڵی ڕێبەری ڕۆحیی خۆی بێت کە ئەلحائیرییە، یان گوێڕایەڵی خامنەیی، یاخود ڕەتی بکاتەوە؛ ئەمەیش لەوانەیە گەورە و بەتەمەنەکانی ڕەوتەکە تووڕە بکات؛ ئەوانەی کە لە باوکی سەدرەوە نزیك بوون. له‌ جیاتی ئه‌وه‌، سەدر بڕیاری دا بەتەواوەتی واز لە سیاسەت بهێنێت؛ ئەمەیش وای کرد لایەنگرانی بڕژێنە سەر شەقامەکان.

حکوومەتی ئێرانی و ئۆفیسی سەدر دەستبەجێ وەڵامی داواکاریی کۆمێنتی خۆیان لەبارەی ئەم چیرۆکەیان نەدایەوە؛ هەروەك ڕاستەوخۆ نه‌یانتوانی بگەن بە ئۆفیسی ئەلحائیری. پسپۆڕانی بواری ئیسلامی شیعی دەڵێن، جووڵەی ئەلحائیری بۆ داخستنی ئۆفیسەکەی و داواکارییەکەی لە شوێنکەوتووانی بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی لە ڕێبەری ئێرانەوە، بەدڵنیایییەوە لە هه‌لومه‌رجی عێراقدا جێی گومانە، کە نیشانە و پێشنیارەکانی دەستێوەردانی ئێرانی زۆر بەڕوونی دەردەکەون.

مارسین شەممەری، خانمە توێژەر لە کۆلیژی "کنێدی"ی زانکۆی هارڤارد دەڵێت: "هۆکارێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی لەو بڕوایەدا بین ئەمە لە دەرەنجامی گوشاری ئێرانەوە بووە، بەڵام دەبێ ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەلحائیریش لە ڕابردوودا لەگەڵ سەدردا ناکۆکیی هەبووە." وتیشی "ئەو داوا لە شوێنکەوتووانی دەکات ڕێنمایی لە خامنەیی وەرگرن، لە کاتێکدا هیچ زەروورەت و پێویستییەکی (ئایینی) نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە؛ هەروەك بەدوور دەزانرێت کەسێك لە پۆستەکەیدا بێت و ئۆفیسەکەی دابخات کە ڕەنگە بۆ ئەو قازانجێکی زۆری هەبێت."

توندوتیژی، یەکێکە لە ئامرازەکان

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی چەکداری لە ناوەڕاستی بەغدا، سەدر نزیکەی ٢٤ کاتژمێر بەبێدەنگی مایەوە، لەو ماوەیەدا کەسایەتییە ئایینییە شیعییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا هەوڵیان دا سەدر ڕازی بکەن شەڕ ڕابگرێت. بەرپرسان لە ئێران و لوبنان دەڵێن، کەسایەتییە شیعییەکانی هەردوو وڵات چوونە پاڵ ئەم هەوڵانەوە؛ گوتیان لە ڕێگەی ئۆفیسی سیستانی لە نەجەفەوە گوشار خراوەتە سەر سەدر. بەرپرسێکی حکوومەتی عێراقیش دەڵێت: "ئێرانییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستێوەردان ناکەن؛ ئەوان ئەوەی کاری تێ کردوون، ئەو کاردانەوە توندەیە لە دژی هەژموونی خۆیاندا هەیە لە عێراقدا؛ هەوڵ دەدەن لە دوورەوە کاردانەوەیان لەسەر ڕووداوەکان هەبێت.

بەغدا هەینیی ڕابردوو ئارام بوو، بەڵام هێشتا تەڵەزگە و بنبەستەکە ماوە. موقتەدا سەدر سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ، لە کاتێکدا هەندێك لەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەیانەوێ حکوومەت پێک بهێنن. لە کۆتاییی هەفتەی ڕابردوویشدا لە باشووری عێراق، کە بە نەوت دەوڵەمەندە، شەڕ و پێکدادان ڕووی دا، حکوومەتیش تا ئاستێکی زۆر بێدەنگیی هەڵبژاردووە. مستەفا کازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سێشەممەی ڕابردوو گوتی: "ئەگەر توندوتیژی بەردەوام بێت، ئەوا واز لە پۆستەکەی دەهێنێت، ئەمەیش لە ڕاگەیەنراوێکدا هاتبوو کە دوای چەند کاتژمێرێك لە وەستانی شەڕ بڵاو کرایەوە.

رێناد مەنسوور لە دامەزراوەی چاتام هاوس بۆ توێژینەوە کە بارەگاکەی لە لەندەنە دەڵێت: "سەرۆكوەزیران، فەرماندەی گشتی، لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا لە کوێیە؟" ئاماژەیشی دا بەوەی کە ئەگەری توندوتیژیی زیاتر هەبوو. "سەرنجی سەرەکیی سەدر لەسەر ئەوەیە ببێت بە نوێنەری سەرەکیی شیعە لە عێراقدا؛ لەبەر ئەوەیە دەیەوێت نەیارە شیعییەکانی لە عێراقدا ڕاو بنێت. توندوتیژییش یەکێکە لە ئامرازە بەکارهاتووەکان بۆ ئەم کێبڕکێیە."

سەرچاوە: رۆیتەرز
وەرگێڕانی: جەمال پیرە - پێنووس