ڕاپۆرتی عیراق

07:39 - 10/09/2022

چله‌ی ئیمام حوسێن؛ بۆچی ملیۆنان كه‌س ئاماده‌ن به‌پێ بچنه‌ كه‌ربه‌لا؟‌

پەیسەر

ملیۆنان شیعە لە شارەکانی دیکەی عێراق و لە دەرەوەی وڵاتەوە ڕوو لە شاری کەربەلا لە عێراق دەکەن، بۆ یادکردنەوەی چله‌ی شه‌هیدبوونی ئیمام حوسێن، ئه‌مساڵیش ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم چوونه‌ته‌ كه‌ربه‌لا.

چلەکەی حوسێن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئاینییەکان بۆ شیعەکان، ئەوان بە سەردانیکردنی گۆڕی حسێن بن عەلی بن ئەبی تالیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لە کەربەلا، شیوه‌ن دەگێڕن، هەروەها سه‌ردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی برای ده‌كه‌ن.

حوسێن لەگەڵ شوێنکەوتووان و ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ڕووداوی ئەلتەف لە شاری کەربەلا لە ساڵی ٦٨٠ زاینی به‌رامبه‌ر ٦١ کۆچی، شه‌هید كراوه‌و لەوێ بەخاک سپێردرا، دەوترێ موختار بن ئەبی عوبەید الثقافی یەکەم کەس بووە کە مەزارگەیەکی لە دەوری گۆڕی حسێن دروستکردووە، لە ساڵی ٦٥ی کۆچیدا، لە سەردەمی خەلیفەکانی عەباسیدا بە قۆناغ دروست کردنی بەردەوام بووە.

ئەو دوو مەزارگەیەش پێیان دەوترێت دوو حەرەم بۆ شیعە، مەزاری الحسێنیش مزگەوتێکی تێدایە کە بە یەکێک لە گەوهەرەکانی تەلارسازی ئیسلامی دادەنرێت، تایبەتمەندە بە منارە زێڕینەکەی، هەروەها دیکۆراتی سەر دیوار و قوبەی. لە مەزارگەکەدا گۆڕی حوسێن و گۆڕی هەردوو کوڕەکەی عەلی ئەکبەر و عەلی ئەسغەری و ٧٢ هاوەڵەکەی تێدایه‌ کە لەگەڵیدا کوژراون.

ئەم ڕێوڕەسمە ئاینییە زەبەلاحە لەسەر بنەمای پیاده‌ڕۆیشتنێكی دوور و درێژە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە، تا دەگاتە کەربەلا. لە بەسڕەشەوە کاروانەکان بیست ڕۆژ پێش چلكه‌ ده‌كه‌ونه‌ ڕێ، شیعه‌كانی ئێرانیش مانگێک پێش چلەکە به‌پێ ده‌كه‌ونه‌ڕێ.

ڕۆیشتن بە پێ وەک دڵنەوایی كه‌سوكاره‌كه‌ی حوسێن وایه‌، له‌ ڕووداوی ته‌ف، زەینەب خوشکی حسێن و هه‌ندێك له‌ هاوەڵەکانی و ئەندامانی بنەماڵە و منداڵەکانی بە دیل گیرابوون و دوای گەڕانەوەیان لە شامه‌وه‌ و برینی رێگه‌یه‌كی دوورو درێژ، لە ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ مەدینە بە کەربەلادا تێپەڕین و سەردانی گۆڕی حسێنیان كرد.

شیعه‌كان پێیانوایه‌ ڕۆیشتن به‌پێ به‌ره‌و کەربەلا، هه‌رچه‌نده‌ ماندویه‌تی تێدایه‌، به‌ڵام وه‌ك دڵنەواییه‌ك وایه‌ ئالوبه‌یت و ئەوەی پێی دەگەین جوانترە، ئەو هەوڵەش دڵخۆشمان دەکات.


میوانداری و دابینكردنی خۆراک و ئاو بەدرێژایی ڕێگاکە بۆ زیاره‌تكاران دابینكراوه‌، کە عێراقییەکان پێشکەشی زیارەتکارانی مەزارەکە دەکەن.
 
شیعەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە چله‌دا سەردانی مەزاری ئیمام حوسێن دەکەن، بەڵام لە عەرەفەی جه‌ژنه‌كان و شەوی قه‌دری ڕه‌مه‌زاندا به‌ هه‌مانشێوه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

له‌ چله‌داعێراقییەکان دەرگاکانیان بەڕووی سەردانکەراندا دەکەنەوە، مەزارگەی حوسەینییە سه‌رپه‌رشتی كاروباری لۆجستیکی دەكات. خۆبەخشەکان بەدرێژایی ڕێگاکە لە نەجەفەوە بەرەو کەربەلا بڵاوده‌بنه‌وه‌ (نزیکەی ٨٠ کیلۆمەتر)، بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە ره‌نگه‌ نه‌توانن رێ بكه‌ن یاخود پێویستیان بە ئەمبولانس بێت.