کوردستان

03:31 - 14/09/2022

دایكی ماریا: کوڕەکەم بکوژی خوشکەکەی نییە‌

پەیسەر

دانيشتنێكی دادگا تایبه‌ت به‌ كه‌یسی ماریا سامی به‌رێوه‌چوو، پارێزه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت ده‌ستتێوه‌ردان له‌ دۆسیه‌كه‌ ده‌كرێت و دایشكی ده‌ڵێت به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی ماریای نه‌كوشتووه‌.


ئیمان سامی مەغدیدی تەمەن 20 ساڵ کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ماریا ناسراوە، شه‌وی 6ی ئازاری 2022 لە شەقامی 100 مەتری لە نزیک چوارڕێیانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کوژراو 3 رۆژ دواتر براكه‌ی به‌ تۆمه‌تی كوشتنی له‌ كه‌ركوك ده‌ستگیركرا.


ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ دانیشتنێكی دادگا له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، هەرێم رەفعەت، پارێزەری کەیسی ماریا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: سێشەممەی داهاتوودا دادگا بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو تاوانەی دژی ماریا ئەنجامدراوە دەخوێنێتەوە".


وتیشی: کەیسی ماریا دەستێوەردانی تێدا کراوە و کەموکوڕی زۆری تێدا کراوە، لە پێشدا ئەوەمان بە دادگا گوتووە، بەڵام لەبەرچاو نەگیرا و ره‌خنه‌ له‌ رێكخراوه‌كانی ژنان گرت كه‌ هیچ نوێنه‌رێكیان له‌ دادگا ئاماده‌ نه‌بووه‌، وتی: دەبوایە ئەمڕۆ نوێنەری رێکخراوەکانی ئافرەتان لێرە بوونایە، بەڵام بەداخەوە نوێنەری هیچ رێکخراوێک لە دادگا ئامادەنەبوون.


هاوكات گەردوون محەمەد، دایکی ماریا قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد و باسیله‌وه‌كرد چەند بەڵگەیەکم هەیە دەبێ دادگا بە کەیسەکەدا بچێتەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت، وتی: من کچەکەم لەدەستداوە و کوڕەکەشم کەوتووەتە زیندان و ئەویش بووەتە قوربانی.هەر بوختیانێکم پێدەکەن و بە هەرچی تۆمەتبارم دەکەن با بیکەن، بەڵام لەوە دڵنیام کە کوڕەکەی من بکوژ نییە.


وتیشی: ئەگەر كوڕه‌كه‌م بکوژیش بێت کەسێکی دیکەی لە پشتەوە بووە، کە لە کوڕەکەی من تۆمەتبارترە، چونکە کوڕەکەم زۆر خوشکەکەی خۆی خۆشدەویست و زۆر هاوڕێ بوون".


باسيله‌وه‌كرد کوڕەکەى "مێشکی تێکچووە"، به‌وته‌ی خۆی "لە دایکبووی ساڵی 2004ـە لە ناسنامە ساڵێک بە گەورە نوسیوويانە بۆ ئەوەی لەگەڵ ماریا بچێتە قوتابخانە، ئەو تەمەنە هی دەمانچە نییە".


گەردوون محەمەد، باسیله‌وه‌كرد کچەکەی توندوتیژی بەرامبەر کراوە و دەربەدەر کراوە، باوکی ژنی دیکەی هێناوە، وتى "مامەکانی چەند رۆژێک دەیان بردە لای خۆیان دواتر توندتیژیان بەرامبەر دەکرد و لێیان دەدات، منیشیان کردبووە دوژمنی، وایان تێگەیاندبوو کە من دایکێکی خراپم، فشیاری لەسەر بوو نەیاندەهێشت بێتە لای من".


كوشتنی ماریا له‌ناو رایگشتی كوردستاندا كاردانه‌وه‌ی فراوانی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌ دوای كوشتنه‌كه‌شی گۆرانیه‌كی بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تائێستاش گوێگرێكی زۆری هه‌یه‌.