کوردستان

05:17 - 19/09/2022

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی تاران: به‌ هیچ شێوەیەک ئازاری مەهسا ئەمینی نەدراوە‌

پەیسەر

سەردار حسێن رەحیمی به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی تاران، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئازاری مه‌هسا ئه‌مینی درابێت و ده‌ڵێت: بۆیه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری پێبكرێت له‌ كۆڕێكی فێركاری حیجاب.

سەردار رەحیمی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند: لە بنکەی پۆلیسی ئەمنیەتی ئەخلاقیدا هیچ شتێک بەناوی دەستبەسەرکردن نییە و هاوکارانی راوێژکار لە هۆڵێکدا قسە بۆ ئەو خانمانە دەکەن کە لە بەر جلوبەرگی بێ حیجاب بانگ کراونەتە بنکەکە و رێنوێنییان دەکەن کە دەبێ یاسای وڵات لەبەرچاو بگرن.

وتبشی: مەهسا ئەمینی لەگەڵ سێ کچ و دوو پیاودا لە پارکی تاڵەقانی لە تاران لە حاڵی پیاسە کردن بوون کە پۆلیسی ئەمنیەت ئەخلاقی چاوی پێیان دەکەوێت و پۆلیس پێیان دەڵێت کە دەبێ جلوبەرگیان بە گوێرەی یاسا رێکوپێک بکەن و بێ حیجاب نەبن کە سێ کەس لەو خانمانە هەر لەوێ جلەکانیان رێک دەکەن بەڵام مەهسا ئەمینی دەگواسترێتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی تاکوو بەشداریی پێبکرێت لە کۆرێکی فێرکاری حیجاب و پۆلیس دەڵێت یەکێک بروات و جلوبەرگی شیاو و لەبار بهێنێت بۆ خانمی ئەمینی و دوای فێرکاری یاسایی رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە. ئه‌وه‌ش به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی مهر.

سەردار رەحیمی، باسیله‌وه‌كردووه‌، پێنج خانمی دیکە و هاوکاریان لەناو ماشینی پۆلیسدا بوون و ئەوانیش لەگەڵیا براونەتە بنکەی پۆلیس و پێش دەستپێکردنی خولی فێرکاری هەر بەو جۆرە کە لە فیلمەکەدا دیارە، مەهسا ئەمینی پرسیارێکی لە خانمە هاوکارێکیان کردووە و لە کاتی قسە کردن لەگەڵ ئەودا حاڵی تێکدەچێت و پۆلیس بە پەلە گواستیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت و ئەهلی.

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی تاران ده‌ڵێت: به‌ هیچ شێوەیەک ئازاری مەهسا ئەمینی نەدراوە تەنانەت پۆلیسی پڵتۆکێکی لەو خاتوونە نەداوە و هەموو پاگەندەکانی ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان درۆیە و دەبێ چاوەروانی راپۆرتی پۆلیسی دادوەری بین.

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ بوو، خەڵکی شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان، له‌‌ ڕۆژی ١٣ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی روبەروبوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە كه‌ به‌ پۆلیسی ئه‌خلاقیش ناوده‌برێت دەستبەسەرکرا.

به‌پێی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان، لەکاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تارانەوە بە توندی لەسەر و جەستەی دراوە و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداو شه‌ممه‌ 17ی مانگ له‌ شه‌قز به‌خاكسپێردرا.