کوردستان

12:03 - 22/09/2022

لە دیاریكردنی كاندیدی هاوبەشى سەرۆکی کۆمار شكستیان هێنا‌

ماڵپەری سكای نیوزی ئیماراتی بڵاویكردەوە له‌ كاتێكدا كه‌ "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" كاندیدی خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی داهاتووی عێراق یەكلاكردوەتەوە، كە محه‌مه‌د شیعه‌ سودانیە، هه‌ردوو لایه‌نه‌ كوردییه‌كه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی، نه‌یانتوانیوە له‌سه‌ر یه‌ك كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار رێكبكەون.

دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دابەشبوون، پارتی دیموکراتی کوردستان نایەوێت بۆ پێنجەمین جار پۆستەكە بۆ رکابەرە کوردییەکەی بێت، لە کاتێکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەوڵ دەدات دەست لەم پۆستە بەرنەدات كە لە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و عێراق تاكە پۆستە بە دەستیەوە مابێت، ئەوەش بەپێی ماڵپەرەكە.

 

ئاماژە بەوەكراوە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیتوانی رێبەر بارزانی كاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە تێپەڕێنێت، بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی ڕەتدەكاتەوە و ئامادەنیە جارێكی دیكە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

 

مەحمود خۆشناو، بەرپرس لە یەکێتی بە ماڵپەرەكەی راگەیاندووە: هیوادارن هەردوو لایەنی کوردی بگەنە سازان یان کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەوەی بە یەك هەڵوێستی بچنە پەرلەمان، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە حزبەکەمان تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

 

محەممەد زەنگەنە، لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە "دانوستانی بەردەوامی نێوان هەردوو حیزبە سەرەکیەكە لە دەوری دەستووری هەرێمی کوردستان و پرسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم و چۆنیەتی سەرۆكی هەرێم دەسوڕێنەوە". باسی لە پۆستی سەرۆك كۆمار نەكردووە.