کوردستان

05:29 - 26/09/2022

ئامۆزایه‌كی ژینا: فشار له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌مان هه‌یه‌‌

پەیسەر

لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان بۆ ئیدانەکردنی کوژرانی مەهسا ئەمینی، چوونە دەیەمین ڕۆژی خۆیەوە، ئامۆزای ئەو کچە بیست ساڵەی کە لە دەستبەسەری پۆلیسی ئێراندا گیانی لە دەستدا، ئاشکرای کرد کە بنەماڵەکەی لە ژێر گوشاری دەسەڵاتدارانی ئێراندایه‌ بۆ ئەوەی زانیاریی نه‌ده‌ن به‌ میدیاكان.

عیرفان مورتەزه‌عی ئامۆزای ژینا، بە کەناڵی سکای بەریتانی راگەیاندووە، ئەمینی بووەتە "دەنگی توڕەیی گەلی ئێران".

سەبارەت بەوەی دوای مردنی مەحسا چی ڕوویدا، عیرفان مورتەزه‌عی وتی کە دەسەڵاتداران هەوڵیاندا شەو بە نهێنی بینێژین بەبێ ئەوەی کەس ئاگاداری بکات، ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی شارەکەی ڕێگرییان لەم پیلانە کردووە و ڕێگەیان پێنەداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەت بەردەوامە لە سنووردارکردنی زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنی پەیوەندییەکانی وەک ئینستاگرام و واتس ئەپ بۆ سنووردارکردنی توانای خۆپیشاندەران بۆ ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەت بەخۆیان کە توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان پیشانی جیهانی دەرەوە دەدەن.

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵه‌، كه‌ خەڵکی شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان بوو، له‌‌ ڕۆژی ١٣ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی روبەروبوونەوەی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە كه‌ به‌ پۆلیسی ئه‌خلاقیش ناوده‌برێت دەستبەسەرکرا.

به‌پێی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان، لەکاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تارانەوە بە توندی لەسەر و جەستەی دراوە و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداو شه‌ممه‌ 17ی مانگ له‌ شه‌قز به‌خاكسپێردرا.