کوردستان

04:53 - 06/10/2022

وەزیری دارایی بەدواداچوون بۆ کێشەی هاوڵاتیانی سلێمانی دەکات‌

پەیسەر

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەدواداچون بۆ گرفتی ھاوڵاتیان و  بازرگانانی سلێمانی دەکات لە ڕووی پێدانی باج و ئەو کێشانەی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.


وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی، ھەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و فەرمانگەکانی باجی خانوبەرەی یەک و دوو و خانوبەری میری و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو دامەزراوانە و بەرپرسی بەشە جیاجیاکانی ناو فەرمانگەکان کۆبوەوە.


بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی وەزیری دارایی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرکی سلێمانی بوو و تێیدا بەدواداچونی کرد بۆ ھەموو ئەو کێشە و لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ و بار بەسەرشانی ھاوڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن بارەکان و بەڕێوەچونی ئیشوکارەکانیان لە ڕێگەی دەروازە و بنکە گومرگییەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکە.


هەروەها وەزیری دارایی بڕیاریداوە ھەموو کارئاسانیەک بکرێت لەپێناو زیاتربونی جوڵە بازرگانیەکان و بەسودی ھاوڵاتیان بەگشتی و کۆکردنەوەی داھات.


هاوکات وەزیری دارایی ھەریەک لە فەرمانگەی خانوبەرەی میری و باجی خانوبەرەی یەک و دووی سلێمانی و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەكۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانە سەرجەم تێبینی و گازندەی بەشێک لە ھاوڵاتیانی لەبارەی چۆنیەتی پێدانی باج خستەڕوو و فەرمانیشی کرد ھەموو خزمەتەکان بە پێی یاساو ڕێنماییەکان جێبەجێبکرێن و بەو ئاڕاستەیە بێت کە بارگرانی بۆ ھاوڵاتی دروست نەکرێت.


وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاندووە بەشێکی تر لە کۆبونەوەکان پەیوەست بوو بە کەمی میلاک و پێداچونەوە بە شێوازی ھەیکەلیەتی ئیداری و کارگێڕی ناو ئەو فەرمانگانە و شێوازی دابەشبونی پسپۆڕییەکان لە ناو ئەو دامەزراوە حکومییانە و بڕیاردرا لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە ڕێکخستنەوەیان بۆ بکرێت.