کوردستان

05:20 - 09/10/2022

کادیرۆڤ و دامەزرێنەری میلیشیای ڤاگنەر نیگه‌رانن‌

پەیسەر

وا دیارە ئەو "شکستانەی" کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشی ڕووسیا بوون، بە تایبەت لە باکووری ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا ، توڕەیی هاوپەیمانەکانی کرێملینی لێکەوتوه‌ته‌وه‌.


هەردوو سەرۆکی چیچان ڕەمه‌زان کادیرۆڤ و دامەزرێنەری میلیشیای ڤاگنەر، یێڤگینی پریگۆژین، هاوپەیمانەکانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، ڕەخنەی توند لە پلانەکانی سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری بگرن .


بەرپرسانی پێشووی حکومەتی ڕووسیا و وەزارەتی بەرگری و ئەفسەرانی سوپا و هەروەها چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها زیندانییەکی پێشوو کە لە گروپی ڤاگنەر بۆ شەڕکردن لەسەر خاکی ئۆکرانیا دامه‌زرابوون ئەم زانیاریانەیان پشتڕاستکردەوە، بەپێی ئەوەی کە گاردیان بڵاویکردوەته‌وه‌.


كودەتاكەی ئەو دوو كەسە، یان ئەو شەڕەی كە لە دژی وەزیری به‌رگری ڕووسیا دەستیان پێكرد، لە كاتێكدایه‌ كە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هێزەكانی رووسیا تووشی شكستێكی قورس بوون.


ناکۆکی نێوان پریگۆژین و شۆیگو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێشوو پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا لە ٢٤ی شوباتدا.


تەنانەت هەندێک لە کەسانی ناوخۆیی جەختیان لەوە کردەوە کە ناکۆکییەکە دوای ئەوە دەستی پێکردووە کە پریگۆژین گروپی ڤاگنەری پێکهێنا، دوای ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤دا کریمەی گرتەوە.


بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو ناکۆکیانەی کە بەردەوامن، وتی: "پوتین کەسایەتییەکی تێکدەرانەی هه‌یە، یاری بە جیاوازییەکان دەکات، لە کۆتاییدا ده‌زانین ئەنجامی ململانێ ناوخۆییەکان چۆن ده‌كه‌وێته‌وه‌".


ئاماژەی بەوەشکرد، "نازانێت چۆن پەیوەندییەکان چاک بکاتەوە، بۆیە لە کۆتاییدا کەسێک باجەکەی دەدات و دەبێتە قوربانی".

مارات گابیگولیو، فەرماندەی پێشووی ڤاگنەر، پێیوایه‌ کە "پریگۆژین دەیەوێت خۆی وەک بەرگریکارێکی توندی نیشتمان نیشان بدات، لە ڕێگەی ڕێکخراوە سەربازییە پیشەییەکەیەوە، دەیەوێت توانای شەڕکردنەکەی باشتر لە سوپای ئاسایی نیشان بدات".


هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەمیشە گرژی لە نێوان ڤاگنەر و وەزارەتی بەرگریدا هه‌بووە و وتی "ئێمە حەزمان لە یەکتر نەبووە".

لە بەرامبەردا ره‌مه‌زان کادیرۆڤ هەفتەی ڕابردوو ڕەخنەی لە "بێهەڵوێستی ڕووسیا" گرت، بە تایبەت دوای لەدەستدانی شارۆچکەی لیمان، کە ناوەندێکی گرنگی هێڵی ئاسنین لە ناوچەی دۆنێتسک له‌ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. هێرشێکی توندی کردە سەر ئەرکانی گشتی ڕووسیا و فەرماندەی ناوچەی سەربازی ناوەندی ئەلێکساندەر لاپین و وەزارەتی بەرگری.


لە زنجیرە کۆمێنتێکدا کە هەفتەی ڕابردوو لە تێلیگرام بڵاوی کردۆتەوە، ڕەخنەی توندی لە ستراتیژی بەرگری گرتووە و دەڵێت "شەرمەزاری لە بێتوانایی لاپین نییە، بەڵکو لە سەرەوەیه‌ لەلایەن فەرماندەیی ئەرکانی گشتییەوە."!


هەروەها نووسیویەتی "ئەگەر كاره‌كه‌ بۆ من جێی بهێڵرایە، سزام دەدا و مەدالیام لێ دەسەندەوە و بە تفەنگەوە دەمنارد بۆ هێڵەکانی پێشەوە، بۆ ئەوەی شەرمەزارییەکەی بە خوێن پاک بکرێتەوه‌". 


ڕووسیا لە دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵات، و خێرسۆن لە باشوور زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، ئەمە جگە لەوەی لەم دواییانەدا له‌ پردی قرم_كریمیا درا، هەرچەندە کیێڤ بە فەرمی ئەو هێرشه‌ی نه‌گرتوه‌ته‌ ئه‌ستۆ، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز پشتڕاستی کردەوە، کە هەواڵگری وڵاتەکەی هێرشی سه‌ر پرده‌كه‌ی رێكخستووه‌.