کوردستان

10:11 - 21/10/2022

هاکس؛ چالاکوانێکی سۆشیاڵمیدیايه‌ کە بە زمانی ئینگلیزی پەردە لەسەر ڕەگەزپەرستی دژی کورد هەڵدەماڵێت‌

پەیسەر

ئەم هەفتەی ڤیدیۆی کوڕێکی کورد لە خۆپیشاندانێکی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لەندەن لە سۆشیاڵ میدیا دەنگی دایەوە. کوڕەکە، کە نزیکەی 140 هەزار شوێنکەوتوو (فۆڵۆوەر)ی لە ئینستاگرام هەیە، لە سۆشیاڵ میدیا بە هاکس (Haks) ناسراوە.

لە ڤیدیۆکەدا، هاکس دەردەکەوێت ئاڵایەکی کوردستانی بەرزکردۆتەوە و لانیکەم دوو کەسی فارس دەیانەوێت ڕێگری لێبکەن ئاڵاکەی کوردستان هەڵبدات. لە خۆپیشاندانەکەدا دەبینیت ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران هەڵکراوە و کەس ڕێگریان لێناکات.

بە زمانی کوردی هاکس هاواردەکات "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی کوردستان." لە باکگراوند دەنگی کچێک دەبیسترێت بە زمانی ئینگلیزی ڕووبەرووی فارسەکان دەڵێت "بەسە ڕەگەزپەرست مەبن."

هاکس لە کۆتای ڤیدیۆکەدا بە زمانی ئینگلیزی نوسیوویەتی "هەوڵماندا شانبەشانی ئەوان بە یەکگرتووی [خۆپیشاندانەکە] بکەین بەڵام ئەوان نەیاندەویست. بۆیە ئێمەش دوورکەوتینەوە و لە شوێنێکی جیا لەوان گردبوونەوەی خۆمان ئەنجامدا. تاکە کوردێک بەوانی نەگووت ئاڵای خۆیان نزمبکەنەوە. ئەو ئاڵایەی بەدەستیانەوە بوو هەمان ئەو ئاڵایە بوو کە هەزارن کوردی [لە ژێردا] کوژراوە و بە سەرکردەمان قازی موحەمەدەوە. هێشتا هیچمان نەگووت. بەڵێ ئەمە فاشیزمە. بەڵێ ئەمە رەگەزپەرستییە."