کوردستان

02:45 - 23/10/2022

دیووی ناوه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌رلین‌

پەیسەر

پێشڕه‌و محه‌مه‌د_به‌رلین

بەگوێرەی هەرێمی بەرلین، نزیکەی ٨٥ هەزار کەس لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێ-دا بەشداربوون، یەکەم خۆپیشاندانی مەزن دوای خۆپیشاندانی ئونتایلبای ساڵی ٢٠١٩. لێرەدا چەند تێبینییەک دەخەمەڕوو:

یەک. ئێرانییەکان بەزۆرینەی ڕەها خۆیان لەژێر گووتاری «ئێران. ژن، ژیان، ئازادیی، بڕوخێ خامەنەیی»دا و ئاڵای خۆر و شمشێر ڕێکخستبوو. بڕوام وایە بەشی هەرە زۆری شاپەرستەکانی دونیا دوێنێ لەو خۆپیشاندانەدا بەشداربوون و لە ڕاستییشدا کۆنتڕۆڵی بەرنامەکان بەدەستی ئەوانەوە بوو. ئەگەرچی کوردەکان بلۆکی پێشەوە بوون.

دوو. گووتاری ئێرانییەکان ئەوە بوو کۆتاییهێنان بە ستەمی کۆماری ئیسلامیی بوو. بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئاماژەیەکی وەهای تێدا نەبوو ئێرانی دوای خامەنەیی دیموکراتیتر دەبێت لە ئێرانی ئێستا و ڕێزی بڕیاری گەلانی دیکە دەگرێت. یەک ئێران و یەک ئاڵا و یەک زمان بوو. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە بەرنامەبێژەکان گووتی کە ئێران وڵاتی فرەزمانە بەڵام کۆماری ئیسلامیی سەرکوتیان دەکات. بەڵام سەرکوتی نەتەوە و زمانەکانی دیکە زۆر پێش کۆماری ئیسلامییە.

سێ. بلۆکی کوردەکان بلۆکێکی زۆر بەهێزبوو. تەنانەت ببوو بە بلۆکی هەموو ئەنتی-فاشیستە ناکوردەکانیش، زۆربەی ئەڵمانەکان و چەپەکانی وڵاتانی دیکەش هاتبوونە ناو بلۆکی کوردەکانەوە. بەلوچ و عەرەبە ئەهوازییەکانیش لەناو بلۆکی کوردەکاندا خۆیان دەبینییەوە. تەنانەت ئۆکرانییەکانیش هایبوونە ناو بلۆکی کوردییەوە و وردە وردە بلۆکی فارسە شاپەرستەکانیان بەجێدەهێشت. لەم ڕووەوە، بلۆکی کورد ڕۆڵێکی پێشکەوتووخوازانەی دژە-فاشیزمی دەگێرا.

چوار. ئێرانییەکان بەردەوام پەلاماری ئەوانەیان دەدا کە دژی شا، دژی تاوانەکانی ئێران و هتد یاخود جگە لە گووتارەکانی خۆیان، شتێکی دیکەیان بگووتایە. من کە نە هیچ ئاڵا و دروشم و لافیتەیەکم پێبوو، تەنها کامێرایەکم پێبوو. بەتەنیشت هاوڕێیەکمەوە وەستابووم دروشمێکی وەهای بە ئینگلیزیی نووسیبوو «ئێران جینۆسایدی بەرانبەر کوردستان و بەلوچستان ئەنجام داوە». چەند ژن و پیاوێکی شاپەرستی ئێرانیی هێرشیان کردینە سەر. بە فارسیی دەستیان کرد بە قسەکردن و منیش لەگەڵ ئەوەی فارسیی دەزانم گووتم فارسی نازانم و تێناگەم چیتان دەوێت. گووتیان تۆ کوردی دەبێت فارسیی بزانیت و بە فارسیی قسە بکە. منیش زیاتر هەڵوێستم وەرگرت، گووتم فارسیی نازانم، یان کوردیی قسە بکەن، یان ئەڵمانیی یاخود ئینگلیزیی. لەوێش دەیانویست زمانی فارسیی بەسەر هەموو خەڵکدا بسەپێنن.

پێنج. کاتی خۆی محەمەد ڕەزانیکفەری ڕۆشنبیری لیبراڵی ئێرانیی، دەیگووت بەرلین ناوەندی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە، تەنانەت چەپەکانیشیان هەر پێکهێنەری ناسیۆنالیزمن. دوێنێ بە وردییەوە چاوم بۆ گروپە چەپە ئێرانییەکان دەگێڕا، بەرچاوم نەدەکەوتن، جگە لە هەندێک گروپی کرێکاریی، و کۆمۆنیست کە لافیتەکانیان بە فارسیی بوو دژی سەرمایەداریی و ستەمی کۆماری ئیسلامیی و لەناو بلۆکی کوردەکان بوون، هیچ گروپێکم بەرچاو نەکەوت. کۆمەڵەی کۆمۆنیستی کوردستان تەنها هێزی چەپی ڕێکخراو بوو بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوو لەگەڵ ناو بلۆکی کوردەکان بوون.

کۆتا خاڵ. ئەمە نیشانەیەکە پێمان دەڵێت کۆی گەلانی ناو ئێران ناچارن دەست لەگەڵ فاشیزمێکی نوێی دوای کۆماری ئیسلامیی نەرم بکەن، ئەگەر بێتوو شاپەرستەکان بێنەوە دەسەڵات. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە تا ئێستا ئەم فاشیزمەی شاپەرستەکان، کاریگەرییەکەیان تەنها لە تاراوگە بەو فراوانییە هەیە نەک لەناوخۆ. لەم ڕووەوە گەلانی ناو ئێران دەتوانن بە یەکگرتوویی بەر بە فاشیزمێکی نوێ بگرن.