کوردستان

04:17 - 06/11/2022

بارزانی: هه‌ندێك لایه‌ن بە تەمای ئەوە بوون کە پارتی لەت لەت بێت‌

پەیسەر

مەسعود بارزانی، سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی 14ی پارتی راگه‌یاند كه‌ ماوه‌ی چوار رۆژی پێچوو، بارزانی وه‌سیه‌تی بۆ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی كرد كه‌ وه‌ك ئه‌و و ئیدریسی برای بن، هه‌روه‌ها وتی: پارتی كه‌سی لێ زیاد نیه‌، دانیبه‌وه‌شدا نا كه‌ نازانین ئامێری ئه‌لكترۆنی ده‌نگدان به‌كاربهێنن.

 بارزانی له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆن و دادوەرەکانی كرد، کە به‌وته‌ی ئه‌وه "بەڕاستی زۆر زەحمەتیان کێشا و لەژێر چاودێریی ئەوان پرۆسەی دەنگدان ئەنجامدرا و بۆ ئێمە شانازییەکی گەورەیە کە ئەوان شاهێدی شەفافیەت و دیموکراتیەتی ئەم هەڵبژاردنە دەدەن".

 وتي: بەداخەوە ئەو شێوەیەی پێشتر دەنگی پێدرا بۆئەوەی دەنگی پێبدەین، کە شێوازی ئەلیکترۆنی بوو، سەرکەوتوو نەبوو، خۆم چوومە چوار وێستگە تاوەکو دەنگ بدەم و نیو کاژێرم پێچوو، دواتر حاکمەکان و کۆمیسیۆن بڕیاریاندا؛ ئەگەر بەردەوام بووبا، رەنگە تاوەکو ئەمڕۆش دەنگدان تەواو نەبووبا، لەبەر ئەوە ئەو شێوەیان هەڵبژارد کە دوێنێ دەنگی پێدرا، چونکە زۆر رێکوپێکتر و شەفافتر بوو و کەسیش گلەیی ناکات.

وتيشى: ئەوەش وانەیەک بوو و باش بوو بۆ ئێمە. هەرچەندە لە سەرەتاوە بۆچوونی من ئەوە بوو کە ئێمە ئەو ئامێرانە بەکارنەهێنین، چونکە هێشتا فێر نەبووین و دووهەمیش ئەگەر هەیە بۆ ئەوە بشێت کە تانەی لێبدرێت. شوکر بۆ خوا کە بەم شێوەیە کۆتاییهات.

مه‌سعود بارزانی داوای له‌ كادیرانی حزبه‌كه‌ی كرد كه‌ ئێستا "کاتی هیمەتە، کاتی ئەوەیە دەست بدەنە ناو دەستی یەک و هەمووتان بە بیروباوەڕێکی پۆڵایین هیمەت بکەن و خزمەتی پارتەکەتان بکەن و خزمەتی گەل و نیشتمانەکەتان بکەن". وتی: هەموومان سەرکەوتین، هەمووتان سەرکەوتن، كاندیده‌كان هەموو سەرکەوتوون، مادام حیزبەکەتان سەرکەوت، کۆنگرە سەرکەوت، سەرکەوتنی هەموومانە. هەمووتان خوشک و برای یەکدین و هەمووتان کوڕ و کچی ئێمەن.

سه‌رۆكی پارتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، کەس زیاد نییە لەم حیزبە، هیچ کەسێک لە هەر پلە و پۆستێک بێت، هەرکەسەو دەتوانێت خزمەتی حیزبەکەی و نیشتمانەکەی بکات. لێرە نا لەوێ، لەم شوێنە نا لە شوێنێکی دیکە. لەبەرئەوە تکاتان لێدەکەم کەس دڵگیر نەبێت و حیزب حیزبی خۆتانە و ئێوە کوڕی ئەم حیزبەن. ئەمڕۆ برایەک یان خوشکێکی تۆ لەم شوێنەیە، سبەی تۆ دێیتە ئەو شوێنە، لەبەرئەوە دەبێت بە گیانێکی برایانە و پاک و بێگەرد، هەموو بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆتان و بە دڵێکی خۆش و فراوان پشت بە خودا.

له‌به‌شێكی وتاره‌كه‌یدا وتی: هەندێک لایەن ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دروستکردبوو، نازانم ئێستاش ماوە یاخود نا، بەڵام بە تەمای ئەوە بوون کە پارتی لەت لەت دەبێت و ئیدی وەکو خەرتەلی لاشە دێن و هەریەکەو بۆ خۆی پارچەیەک لە پارتی دەبات، وای بۆ چووبوون.

بارزانی نه‌بونی هیچ ئێزدییه‌ك له‌ ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، به‌ "خه‌له‌ن"ناوبردوو داوای دەسەڵاتی پێبدەن چارەسەری بكات.
تایبه‌ت به‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، وتی: من و ئیدریس بارزانی وەسیەتەکەی بارزانیمان بەجێگەیاند و داوا لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ده‌كه‌م ئەوانیش ئەو وەسیەتە جێبەجێ بکەن.