کوردستان

04:40 - 07/11/2022

راپه‌ره‌ كورده‌كه‌ تۆمه‌تی "جه‌نگ له‌گه‌ڵ خودا"ى به‌سه‌ردا درا‌

پەیسەر

هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشان، دوای سێ هەفته‌ لەدەستبەسەرکرانی، دەزگای دادیی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی موحاریبە بە واتای جەنگ لەگەڵ خودای بەسەردا سەپاندووە.

ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، به‌ "په‌یسه‌ر"ی راگه‌یاند: دانیشتنی دادگای سامان یاسینی تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕۆژی شەممە، (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە تاران و بەگوێرەی خوازەنامەی پێشکەشکراو ناوبراو بە "محاربە" جەنگ لەگەڵ خودا تۆمەتبار کراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ، ئاهەنگساز و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە، (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی کردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵەکەی خۆی ڕفێندرابوو.

ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی، وتی: بەگوێرەی زانیارییەکانی بەردەستی هەنگاو، سامان یاسین لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونی بووە. رونيكرده‌وه‌ تۆمه‌تی جه‌نگ له‌گه‌ڵ خودا سزاكه‌ی له‌ 3 ساڵ زیندانی ده‌گرێته‌وه‌ تاوه‌كو له‌سێداره‌دان.

سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی زاڵ بە سەر خەڵک بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی خەڵک دەربڕیوە.