کوردستان

07:06 - 14/11/2022

تاعوونەکەی شاری سلێمانی بە ریوایەتی کونسوڵێکی ئینگلیز‌‌

پەیسەر

مانگی ۱۰ی ١٨٣٥ کاتێک (جیمس بێڵ فرایزەر) دەگاتە شاری سلێمانی و بەناو هەندێ گەڕەک و کۆڵاندا دەگەڕێ، چەندین خانووی داڕماو یان چۆڵ دەبینێ و پرسیار دەکات: ئەم خانووانە بۆچی وایان لێهاتووە؟ وەڵامی دەدەنەوە کە خاوەنەکانیان بەهۆی تاعوونەوە بەخاوخێزانەوە هەموویان مردوون!

فرایزەر ئەو کاتەی سەردانی شاری سلێمانی دەکات، کونسوڵی بەریتانیابووە لە شاری تەورێزی ئێران. دواتر لە کتێبی بیرەەرییەکانیدا ئەو سەردانەی بۆ سلێمانی و تاعوونەکەی ئەم شارە گێڕاوەتەوە.

ئەو کاتەی تاعوونەکە لە شاری سلێمانیدا بڵاوبووەتەوە، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ۱۰ هەزار کەس بووە. بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی بەرپرسانی میرنشینی بابان داویانەتە فرایزەر، تاعوونەکە چوار هەزار کەسی لەم شارەدا کوشتووە.

بازرگانەکان هۆکاربوون

بەهۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا سلێمانی مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانیی بووە لەنێوان دەوڵەتەکانی ئێرانی قاجار و عوسمانییدا، ئەو تاعوونەی مانگی حوزەیرانی ۱٨۳٥ لە سلێمانیدا بڵاوبووتەوە، کاروانچیی و بازرگانان  لە ئێرانەوە هێناویانە. دەگوترێ بازرگانێک لە شارەکانی ئێران توشی بووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و نەخۆشکەوتووە.

بەهۆی ئەوەی بازرگانە توشبووەکە میوانی زۆر سەردانیان کردووە بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە، بێ ئەوەی بزانن زۆربەی ئەوانەی سەریان لێداوە توشی نەخۆشییەکە بوون.

لەو کاتەدا سلێمانی شارێکی بچووک و بێ خزمەتگوزاریی بووە، پزیشک و نەخۆشخانەی هەر تێدا نەبووە. خەڵکی بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشییەکانیان پەنایان بۆ حەکیم و تیمارکەری میللیی، یان دۆعا و نوشتە و چوونە سەر شەخس و گۆڕی پیاوچاکان بردووە.

فرایزەری کونسوڵی ئینگلیز دەنووسێ: تائێستا کە تەمەنم ۷۳ ساڵە، شاری وێرانبووی وەکو سلێمانیم نەدیوە. خانووی زۆر بوون بەکەلاوە. دیارە خاوەنەکانیان مردوون و کەس نییە نۆژەنیان بکاتەوە یان لە داڕمان بیانپارێزێ.

لە پاڵ ئەوەشدا، خەڵک کەمترین هۆشیاری تەندروستییان هەبووە و هیچ میدیا و ناوەندێکی تەندروستی نەبووە تا خەڵک لە خۆپارێزیی هۆشیار بکاتەوە. تێکەڵبوون و یەکتربینین لە مزگەوت، بازاڕ، دیوەخانی میر و بەگزادە و دەستڕۆشتووەکاندا نەریتێکی باوی ئەو سەردەمەبووە.

هەموو ئەمانە هۆکاری زوو تەشەنەسەکردن و بڵاوبوونەوەی تاعوونەکە بوون کە لە شارێکی بچووکی وەکو سلێمانیدا، چوار هەزار کەس بە ماوەیەکی کەم گیان لەدەست بدەن.

مردنی بەکۆمەڵ

دەگێڕنەوە لەو تاعوون لێدانەدا، خێزان هەبوون لە سلێمانی هەموویان مردوون و شتاقیان لێدەرنەچووە. فرایزەر لەسەرزاری خەڵکەکەوە دەگێڕێتەوە " رۆژ هەبووە لەم شارە بچووکەدا زیاتر لە ۱٥۰ کەس بە تاعوون مردوون. نەخۆشییەکە و مردن بەڕادەیەک بەربڵاوبووە، کە زۆر کەس فریای کفن و شۆردن نەخراون و خراونەتە گۆڕەوە. بۆیە زۆر کەس کفنی بۆ خۆی کڕیوە وتوویەتی نەبادا کە مردم کەس نەبێ کفنم بکات".

هەرچەندە لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەم پەتا و کارەساتە سروشتییەی سلێمانی نەنووسراوەتەوە، بەڵام دەماودەم بەشێک لە چیرۆکەکانی نەوە بۆ نەوە گێڕاویانەتەوە.


دەگێڕنەوە سەرەتا خەڵک لەبەر ئەوەی نەیانزانیوە نەخۆشییەکە چیە و چۆن بڵاودەبێتەوە، وکو نەخۆشییەکی ئاسایی سەیریان کردووە. بەڵام لە ماوەی سێ تا چوار مانگدا ژمارەی مردووان دەگاتە دوو هەزار و زیاتریش، ئیتر ترسێکی زۆر لەناوشاردا بڵاودەبێتەوەو هەندێ کەس لە ترسی توشبوونی بە تاعوون، گیانی دەرچووە.

کۆکردنەوەی تەرم

دوای کەمبوونەوەی کاریگەری نەخۆشییەکە، ئیتر ئیدارە و خەڵکی خۆبەخش دەست دەکەن بە گەڕان بەناوماڵاندا بۆ کۆکردنەوەی تەرمی ئەوانەی لە پەناوپەسێودا گیانیان لەدەستداوە.

لەو تاعوونەدا کە لە ئێرانەوە گوازراوەتەوە، سلێمانی زیانێکی مرۆیی زۆر گەورەی لێکەوت، نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکە بەو نەخۆشییە مردوون. هەوەها بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی مردن، ژمارەیەکی زۆر لە ماڵ و خانوو بەتەواوی تێکچوون بەڕادەیەک کە فرایزەر بڵێ، شاری وا وێرانم نەدیوە.