کوردستان

07:40 - 28/11/2022

سوپای توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌م ناوچانه‌ی رۆژئاوا داگیر بكات‌

پەیسەر

کاربەدەستانی تورکیا ڕایانگەیاند: سوپای تورکیا پێویستی بە چەند ڕۆژێکی كه‌م هه‌یه‌‌ بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ له‌شكركێشی بۆ سەر باکوری سوریا، به‌ڵكو چاوه‌ڕوانی بریاری سیاسیه‌، ڕەنگە ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لەو بارەیەوە بدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی تورکیا لەودیو سنوورەوە هێزه‌ کوردییەکان بۆردومان دەکەن. ماوەی هەفتەیەکە تۆپهاوێژی هاوتز ڕۆژانە لە تورکیاوە ئامانجەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بۆردومان دەکەن، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانیش هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدەن.


هێرشی زه‌مینی

پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی دۆخه‌كه‌، دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوو هەفتە لەمەوبەری ئەستەنبوڵ دێت، کە ئەنقەرە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە)ی تۆمه‌تباركردووه‌. له‌به‌رامبه‌ردا یه‌په‌گه‌ و هه‌سه‌ده‌ به‌ ته‌واوه‌تی ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ هه‌بێت.


بە وتەی بەرپرسێکی باڵا، "هێزە چەکدارەکانی تورکیا تەنها چەند ڕۆژێکیان پێویستە بۆ ئەوەی به‌ تەواوی ئاماده‌یی هێرشبن". ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە "زۆر کات ناخایەنێت تا دەستپێدەکات. تەنها پەیوەستە بە فەرمانی سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ".


ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی دیکەی تورکیاوە پێش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، "هەموو ئامادەکارییەک تەواو بووە، ئێستا بابەتەکە چاوەڕوانی بڕیاری سیاسییە".


تورکیا پێشتر لەشکرکێشی سەربازی بۆسەر سوریا لەدژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ئەنجامداوە. ئەردۆغان له‌ رۆژانى رابردوودا ڕایگەیاندبوو تورکیا لە کاتی گونجاودا ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دەستپێدەکات بۆ ئەوەی سنوورەکانی باشووری خۆی بپارێزێت.


لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، تورکیا بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سوریا دەستپێدەکات، بەڵام لەوکاتەدا ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە نه‌كرا.


ئامانجی ئۆپەراسیۆنه‌كه‌

- بەرپرسێكی تورکیا ڕایگەیاندووه‌، ئامانجی ئۆپەراسیۆنه‌ زەمینیه‌كه‌ گرتنی حه‌تمی ناوچەکانی مەنبەج و کۆبانی و تەلڕفعەته‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و ناوچانەوه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ كه‌ لە ساڵی ٢٠١٦دا کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیاوە.


- ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووه‌ کە ئەنقەرە پەیوەندی بە مۆسکۆ و واشنتۆنەوە کردووە سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی.


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تورکیای ئەندامی ناتۆی ئاگادار کردۆتەوە کە نیگەرانییەکی زۆری هەیە لەوەی کە پەرەسەندنی سەربازی کاریگەری لەسەر ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی " داعش " لە سوریا هەبێت.


- ڕوسیا داوای لە تورکیا کردوه‌ خۆی لە هێرشی سەرتاسەری زەمینی بەدوور بگرێت.


سه‌رچاوه‌: سكای نیوز