ڕاپۆرتی عیراق

07:35 - 03/01/2023

نهێنی نوێی ساتی دەستگیرکردنی سەدام ئاشکرا دەکرێت‌

پەیسەر

جەنەڕاڵێکی خانەنشینی پلە باڵای ھێزی تایبەتی ئەمریکی نهێنی نوێ دەربارەی دەستگیرکردنی سەدام حسێن ئاشکرا دەکات.

ئەو جەنەڕاڵە کە ئێستا خانەنشین بووە ناوەی کێفن هۆڵاندە و یەکێک بوو لە تیمە نهێنی و تایبەتەکەی سوپای ئەمریکا کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی دەستگیرکردنی سەدامی پێ سپێردراوە. لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا باس لەڕۆژی  دەستگیرکردنی سەدام دەکات لە 20 ساڵ لەمەو پێش.

کێفن هۆڵاند سەرۆکی تیمی دەلتا فۆرس بووە و دوای ئەوەى تیمەکەى زانیاری هەواڵگیریان لە کەسێکەوە پێگەیشت ئیتر لە ڕێگەی ئەو زانیاریەوە توانیان ئەو کونە لە ژێر زەوى بدۆزنەوە کە سەدام خۆی تیادا حەشار دابوو لە گوندێکی بچوکی کشتوکاڵی لە عێڕاقدا.

کێفن هۆڵاند دەڵێت ئەو کاتەی کە سەدامی دیکتاتۆر و سەرۆکی پێشووی عێڕاقمان دەستگیر کرد و لەو چاڵەی ژێرزەویدا دەرمان هێنا من بە سەدامم گوت سەرۆک بۆش سڵاوی تایبەتی بۆت هەیە.

لە دوای 11 ى سێپتەمبەر و پەلامارە تیرۆریستیەکی سەر نیۆرک ئەمریکا چوار وڵاتی تیرۆریستی دیاری کرد و عێڕاق یەکێک بوو لەو وڵاتانە. لە کەمتر لە 3 هەفتەدا عێڕاق داگیر کراو لەڕژێمی پێشووی سەدام پاککرایەوە. سەدام خۆی حەشار دا و کوڕەکانی عودەى و قوسەی مقاوەمەیان کرد و لە خانویەکدا لەلایەن سوپای ئەمریکا کوژران. ماوەیەک سەدام دیار نەبوو هێزەکانی ئەمریکا بەدوایدا دەگەڕان و خەڵاتی 5 ملیۆن دۆلاریان دیاری کرد بۆ ئەو کەسەی شوێنی حەشاردانەکەی کەشف بکات. دوای ماوەیەک لە ڕێگەی هەواڵگیری توانیان ئەو چاڵە بدۆزنەوە کە سەدام خۆی تیادا حەشار دابوو.

کێفن هۆڵاندی سەرۆکی تیمی دەلتا فۆرسەکە دەڵێت ئەو کونەی کە خۆی تیا حەشاردابوو بە گەڵای دارخورما داپۆشرابوو. لە ناوەوە پڕ بوو لە لم و بەخشت دروست کرابوو. وەها بە گەڵای دارخورما داپۆشرا بوو ئەستەم بوو بزانیت ئەوە وەک ژوورێک یان کولانەیەک وا بوو لە ژێر زەوی بۆ ئەوەی دۆزینەوەى ئاسان نەبێت. بۆریەکی بچوکی تیابوو بۆ هەواگۆڕکێ.

دەڵێت خۆم و تیمەکەم شوێنەکەمان دۆزیەوە و بینیمان لە خشت دروستکرابوو شوێنێکی نهێنی بوو بۆ خۆ شاردنەوە دروست کرابوو. دەڵێت هەر کە کونی ژوورەکەمان دۆزیەوە من نارنجۆکێکم خستەناو ژوورەکەوە و گوێمان لە دەنگی کەسێک بوو بە عەرەبی هاواری کرد و تا دەهات زیاتر بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد. دواتر بینیمان دوو دەست لە کونەکەوە هاتە دەرێ و کەسێکی قژبژ هاتە دەرەوە و ئێمەس دەستبەجێ دەستگیرمان کرد و تەماشای یەکتریمان کرد و گوتمان خۆ ئەوە سەدام خۆیەتی.

دەڵێت هەرچەندە سەرچاوەی زانیاریەکەمان زۆر جێگەی متمانە بوو کەچی کاتی دەستگیرکردنی چرکە ساتێکی سوریالیانە بوو کەسمان باوەڕمان نەکرد ئەوە خۆی بێ.

دەڵێت یەکێک لە تیمەکەم کە سەدامی سەرۆکی لەکارلادراوی ڕاکێشایە دەرەوە گوتی ئەی خوایە خۆ ئەمە سەدام خۆیەتی, سەدام لەو کاتەدا توشی شۆک و زەبری دەروونی بووبوو.

کێفن هۆڵاند دەڵێت سەدام دەمانجەیەکی کلۆکی 18ی پێ بوو, هاوڕێیەکی هۆڵاند کە ئەندامی تیمی دەلتا فۆرسەکە بوو و کوڕێکی کەتەو چوارشانە بوو خەڵکی تەکساس بوو یەک بۆکسی کێشا بەناو دەمی سەدامدا بۆ ئەوەی دەمانجەکەی لێ بسەنێت. دەڵێت ئێستا ئەو دەمانجەی کلۆکی 18 یە لەلای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆرج دەبلیو بۆشی کوڕ وەک یادگاریەک هەڵگیراوە لاى خۆی.

کێفن دەڵێت تەنانەت لەکاتی دەستگیرکردنیشی سەدام گوتی من سەرۆکی عێڕاقم و ئامادەم گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێوە بکەم. سەدام بە زمانی ئینگلیزی ئەو قسانەی کردوە. بەڵام لە وەڵامدا سەرۆکی تیمەکە بەسەدامی گوتوە برام کاتی ئەو قسانە نیە تازە زۆر درەنگە بۆ ئەو قسانە.

ئەو سەربازە پلە باڵایەی ئەمریکا دەڵێت هەر بە دیتنی سەدام هەستت بەوە دەکرد چەند پیاوێکی مەترسیداربووە و ئامادەییەکی سەیری هەبووە. هەموومان هەستمان بەوە کرد چەند کەسێکی ترسناک بوو, شێوازی ڕەفتاری سەدام لە کاتی دەستگیرکردنەکەشیدا سام و ترسێکی تایبەت بەخۆی هەبوو هەموومان لێ ی تۆقابووین.

ماوەى سەرۆکایەتی سەدام ماوەیەکی ترسناک بوو لە مێژووی عێڕاقدا و سەدام تۆمەتبارکرابوو بە کوشتنی 250 هەزار کەس و سەدان تاوانی دیکەی قێزەون.

لە کانونى یەکەمی ساڵی 2003 سەدام لە ژێرزەمینێکی خۆڵاوی یەکێک لە لادێکانی عێڕاقدا دەستگیر کرا و سەدام بەبەردەوامی نکۆڵی لەو تاوانانە دەکرد کە پێ ی تۆمەتبار کرابوو. دوای دەستگیرکردنی سەدام لە لایەن حکومەتى کاتی عێڕاقی ئەو کاتە بەند کرا و دادگایی کرا لەلایەن مەحەمەى عێڕاقەوە و تۆمەتبار کرا بە تاوان دژی مرۆفایەتی و تێوەگلانی لە بەکۆمەڵکوشتنی کۆمەڵێک شیعەی یاخی بوو کەلەساڵی 1982 ئەو تاوانەى ئەنجام دابوو لە دوجەیل. دواتر لەبەرواری 30 ى کانونی دووەمی ساڵی 2006 لە سێدارە درا و شێوازی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی بوو بەهۆی مشتومڕێکی گەورە لە عێڕاقدا چونکە لەڕۆژی جەژنی قوربان لەسێدارە درا. ئەوانەى ئەو ڕۆژەیان لە بیرە دەزانن هەستی عێڕاقیەکان چۆن بوو ئەو کاتە و ئیتر بەدوایدا شەڕی سونە و شیعە دەستی پێکرد.

د.پشتیوان فەرەج