عیراق

11:38 - 28/04/2023

درۆن؛ لە سیخوڕیی و موشەک هاویشتنەوە بۆ گواستنەوەى مادەى هۆشبەر‌

پەیسەر

 هەرچەندە هیچ کەس و لایەنێک گومانى لەوەدا نییە کە مادەى هۆشبەر هیچ سودێکی بۆ مرۆڤایەتى تێدا نییە، بەڵام بەکارهێنانى بوەتە هۆی پەرەپێدانى لەبوارى بازرگانیدا و ئەو بڕەپارە مۆڵەش کە لێوەى دەست دەکەوێت بەرچاوى زۆرێک لە بازرگانەکانى گرتوە، بەجۆرێک بەلایانەوە ئاساییە لەو بوارەدا هەزاران و بگرە ملیۆنەها کەسیش سەر بنێنەوە، ژن و منداڵ و خەڵکی سادە بەکاردەهێنن، قوفڵێک لەدەرگاى دڵیان دەدەن و هەست و هۆش و ژیرییان دەخەوێنن، ئەوان بەردەوام بیردەکەنەوە چۆن بتوانن ڕێگەیەکی نوێ بدۆزنەوە تا مادەکانیان بگەیەننە بەکاربەر و موشتەریی و بازرگانە وردەکانیان، نوێترین ڕێگەش بەکارهێنانى (درۆن –یان فرۆکەى بێفرۆکەوان)ە.
بە پێى ڕاپۆرتێکی سایتى (العربی الجدید)؛ لەکۆتایی مانگی ئازاردا درۆنێک لەسەربانى ماڵی پیاوێکى پەنجا ساڵەى سوری بەناوى (ئەبوڕائید) کەوتوەتە خوارەوە کە نزیکە لە لەقوتابخانەى ئەبوقەنتەرەى شارۆچکەى تەل شەهاب لە ناوچەى دەرعا، هێندەى نەبردووە ژمارەیەک چەکداریی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکە بۆ بردنى ئەو درۆنەى کە کۆمەڵێک کیسی ڕەشی پێوە بەستراوە، سەرچاوەکە باس لەوە دەکات کە خەڵکی ناوچەکە گوێیان لە دەنگی درۆنەکە بووە کە بەسەر ناوچەکەیاندا فڕیوە و لەپڕ کەوتوەتە خوارەوە، جێگەى ئاماژەیە کە ئەو شارۆچکەیە دەکەوێتە 25 کیلۆمەترى سەر سنوورى سوریاو ئوردن.

بەپێى ڕاپۆرتەکە، ماوەیەکی زۆرە هێزە ئەمنیەکان هەستیان بەوە کردوە کە ناوبەناو گوێیان لە دەنگی درۆن دەبێت کە بەسەر شارۆچکەکەدا دەسوڕێنەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردوە کە کۆنترۆڵی شارەکە بەدەست میلشیاکانى بەرگریی سەر بەڕژێم و حیزبوڵاى لوبنانییەوەیە، ئەوەى کە بۆیان ساغبوەتەوە و لە گوماندا نەماوە ئەوەیە ئەو درۆنانە بۆ گواستنەوەى مادەى هۆشبەر بەکاردەهێنرێن نەک بابەتى ئەمنى و سەربازیی و سیاسی، لەبەر ئەوەى تا رادەیەکی ئێجگار زۆر گواستنەوەکە ئاسان دەکات و ڕێگریی دەکات لەوەى دەستى بەسەردا بگیرێت.

لە لایەکی تریشەوە لە ناوەڕاستى ساڵی 2021 یش دا دەسەڵاتدارانى سەربازیی ئوردنى بڵاویان کردبویەوە لەسەر سنورەکانى نێوان ئودرن و سوریا مادەى هۆشبەر لەڕێگەى درۆنەوە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ئاڵوگۆردەکرێت.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردوە ڕۆڵی درۆنەکان تەنها بۆ گواستنەوە بەکارناهێنرێت، بەڵکو زۆرجار بۆ ئاگاداربوون و چاودێریی کردنى ڕێگە و بیابان و ئەو شوێنانە بەکاردەهێنرێت کە بازرگانەکان دەیانەوێت بە بڕێکی زۆرتر بیپەڕێننەوە یان شوێنگۆڕکێی پێ بکەن، دەسەڵاتدارانى ئوردنیش بەردەوام میلشیاکانى سوریایان تاوانبار کردووە، هەروەها باسیان لەوەش کردوە هەرکاتێک یەکێک لە درۆنەکان دەستى بەسەردا دەگیرێت یان دەخرێتە خوارەوە سورییەکان دەچنە ناوچەیەکی تر و شێوازێکی دیکە بەکاردەهێنن.

لە بەدواداچونێکی پێگەکەدا چیرۆکی شوانێک دەگێرێتەوە کە لە ناوچەى (رمثان)ى سوریادا ڕودیداوە، کاتێک هێزە ئوردنیەکان فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانى هەڵگری هەندێک پارچە حەبی هۆشبەر دەخەنە خوارەوەو ئەو ڕوداوە سەرقاڵیان دەکات لە شوێنێکى ترى ئەو ناوچەیەو بەرزتر لەئاستى درۆنەکەى پێشوو، زیاتر لە (30) درۆن لە سوریاوە سنورەکانى ئەو وڵاتەیان بڕیوەو ڕێژەیەکی زۆر مادەى هۆشبەریان گواستوەتەوە، لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنیەکان لە کێوماڵکردنى ناوچەکەدا کەسێکیان دەستگیرکردوە کە وەک شوانێک خۆی نیشانداوە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەدا بۆیان دەرکەوتووە کۆنترۆڵی درۆنی پێ بوەو لە بەدواداچونیش دا زانیویانە ئەو کەسە لە دادگاکانى ئوردندا زیاتر لە 40 دۆسیەو سکاڵای لەسەرە، ناوچەى رەمسان بەیەکێک لە ناوچە مەترسیدارەکانى سوریا دێتە ئەژمار و بەردەوام کوشتن، دزیی، ڕێگریی و کاری نایایی تێدا ئەنجام دەدرێت و لەژێر دەستى میلشیا شیعەکانى سەربەڕژێمی سوریا و هەندێک لە بەرپرسانى حیزبوڵاى لوبنانی دایە.

لەبەدواداچونێکدا دەرکەوتووە کە هاوڵاتیان و شوانەکانى سەرسنورى سوریا و ئوردن دیاردەکەیان بەلاوە نامۆنییەو چەندین جار پاشماوەى تێکشکانیان بینیوەتەوە و ناوبەناویش گوێیان لە دەنگیان دەبێت.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات دیاردەکە عێراقیشی گرتوەتەوە، بەتایبەتى لە پارێزگا سنورییەکانى نێوان عێراق و ئێران لە باکورى ئەو وڵاتە، بەرپرسێکی پاسەوانى سنورى عێراقی بەناوى (لیوا خەڵەف لفتە بەدران) ڕایگەیاندوە هێزەکانیان بەرپرسن لە دابینکردنى ئاسایشی سنورەکەیان و لە هەموو ڕویەکەوە، ئاماژەى بەوەش کردوە کە لە مانگی نیسانى 2022 درۆنێکی ئێرانییان خستوەتە خوارەوە کە بڕێک مادەى هۆشبەرى هەڵگرتوە، هەروەها باسی لەوەش کردوە کە لە سنورى پارێزگاکانى بەسرە، موسەنا و زیقار کە هەموویان هاوسنورن لەگەل ئێران بەردەوام گوێیان لە دەنگی درۆنە بەرزەکانە، هەروەها ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەى بەوەش کردوە کە لە مانگی حوزەیرانى ڕابوردودا بەلەمێکیان لە ئاوەکانى سنورى بەسرەدا دەستگیرکردوە کە ملیۆنێک حەبی هۆشبەرى هەڵگرتوەو ویستویانە بەرەو وڵاتى کوەیت بیگوازنەوە.

بەرپرسێکی دیکەى پاسەوانى سنورى عێراق بەناوى (فەریق ڕوکن- حامد حوسەینى) بە (العربی الجدید)ى گوتوە، لە ئێستادا قاچاخچییەکان باڵۆن و فرۆکەى هەوایی بەناوى وەرزشکردنەوە بەکاردەهێنن کە لەڕاستیدا بۆ گواستنەوەى مادەى هۆشبەر و پارە ئاڵوگۆڕکردنە، ئەو فڕۆکە هەواییانە لە توانایاندا هەیە 80 کیلۆمەتر بفڕن کە لەتوانایاندا هەیە 200 بۆ 300 کیلۆ شتو مەک هەڵبگرن، ئەو چیرۆکێکی لەو شێوەی گێراوەتەوە کە یەکێک لەو فرۆکانە 7 کیلۆمەتری ماوە بۆ سەر سنورە وشکانییەکانى وڵاتى کوەیت ئەوانیش تەقەیان لێکردوە بۆیە بەناچاریی نیشتوەتەوەو خاوەنەکەى بەرەو وڵاتى کوەیت هەڵاتوە.

شارەزایان باس لەوە دەکەن لە ئێستادا درۆنى پێشکەوتوى وا بەرهەم هێنراوە کە دەنگیان کەمکراوەتەوە بۆ ئەوەى بە نزمیش دەفڕێت و کێشە دروست ناکات، هەروەها تواناى هەڵگرتنى باشی هەیە و لەڕێگەى مۆبایل یان ئایپادێکەوە ئاڕاستە دەکرێت و هەر یەکەشیان لە توانایدا هەیە 15 کیلۆگرام شتومەک هەڵبگرێت، بەرپرسانى سنورەکانیش باس لەوە دەکەن ئەم جۆرەیان کۆنترۆڵکردن و دەست بەسەردا گرتنیان ئاسان نیە و کارى ئەوانی سەختتر کردوە.
مەئمون ئەبونەوار، لیواى خانەنشینکراوى هێزی سەربازیی ئوردنی باسی لەوە کردوە ئەو درۆنانەى کە لە نێوان سوریا و ئوردون دا بەکاردەهێنرێت پێیان دەگوترێت (کواد کۆبتەر) چوار پانکە و کامێرای (GPS)یشی تێدایە و بە باترییەک کاردەکات و شەحن دەکرێتەوە و بەرگەى 100 کاتژمێری تەواو دەگرێت، لەکاتى فرین و نیشتنەوەشدا پێویستى بە فرۆکەخانە و شوێنى تەخت و گەورە نییە، ئەو بەرپرسە باسی لە مەترسییەکانى ئەم جۆرە کردوە و گوتویەتى سنورەکانى نێوان هەردوو وڵاتیان کۆنترۆڵ کردوە، ئەوەى کێشەکەى گەورەتر کردووە نرخ و شێوازی دەستخستنەکەیەتى کە لەڕێگەى باندێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێن.

راپۆرتەکە باسی لەوەش کردوە کە مەترسییەکە لەوە زیاترە و لەنێو فرۆکەخانەى (شەعیرات و تەیفور) ى سوریاوە بەفرۆکەى حکومى مادەى هۆشبەر دەگوازرێتەوە، لەژێر باڵی کۆپتەرەکان دا سندوقى تایبەتى لە شێوەى تانکی بەنزین دا دروستکراون و پریان دەکەن لە مادەى هۆشبەر و لە کاتى فریندا لەبیابانەکان و شوێنى دیاریکراودا بەردەدرێنە خوارەوە کە بە (GPS) ئاڕاستە دەکرێن، ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردوە لە 2017 ەوە ئەو فرۆکەخانانە لە لایەن هێزە ئێرانیەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەوان کارەئیدارییەکانى ئەنجام دەدەن و بەشێکی تایبەتیان تێدا کردوەتەوە بەناوى بەشى درۆنەکان.
سەرچاوەکە باس لەوە دەکات (کەبتاگۆن و کریستاڵ) لە سوریاوە بە لێشاو دەبرێتە وڵاتى ئوردون، هەردوکیشیان سەرەڕای ئەوەى بەکارهێنانى زۆر بووە قازانجێکی زۆری هەیە و لە هەمان کاتیشدا نرخیان زۆر بەرزە و نرخى تەنها یەک گرامیان زیاترە لە یەک دۆلاری ئەمریکی، کە ئەمە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هاوڵاتى  ئاسایی ناتوانێت بەکاریان بهێنێت.
تا ئێستا بەکارهێنانى درۆن بۆ سیخوڕیی، کۆکردنەوەى زانیاریی، کوشتن، ئاڵوگۆڕیی زانیاریی، گواستنەوەى پارەو زێڕی قاچاخ و چەندین بابەتى تر بەکارهێنراوە، بەڵام  ئەوەى جێگەى مەترسی زیاترە بەکار هێنانیەتى بۆ گواستنەوەی مادەى هۆشبەر، کە وەک  شارەزایان باسی دەکەن زۆر بەخێرایی لەم بوارەدا چوەتە پێشەوەو تەنانەت دەستیان بە دورترین شوێنیش دەگات و بگرە دەتوانرێت مادەى هۆشبەر بگەیەنرێتە زیندانەکانیش، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە بوونى ماڵ و ڤێللا و باخەکانى دەرەوەى شارەکان بەیەکێک لەو شوێنانە دادەنرێن کە مەترسی ئاڵوگۆڕی مادەی هۆشبەریان لێدەکرێت و زۆرینەى جموجوڵەکانیش بەشەوان ئەنجام دەدرێن.