دۆسێ

12:58 - 13/07/2023

قاسملو سیاسه‌تمه‌دارێك ئه‌خلاقی نه‌دۆڕاند‌‌‌

پەیسەر

34 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مساو له‌ قوڵایی خاكی ئه‌وروپادا، له‌ شوقه‌یه‌كدا سێ كه‌س پێكه‌وه‌ تیرۆركران، عه‌بدولره‌حمانی قاسملو و قادری ئازه‌رو فازڵ ره‌سووڵ ، هه‌واڵه‌كه‌ هه‌مووانی تووشی شۆككرد، دوای 33 ساڵ له‌و ڕووداوه‌ هێشتا زۆر شت به‌ نهێنی ماونه‌ته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و پۆلیسی نه‌مسا دۆسیه‌كه‌یان فه‌رامۆش كرد، ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌ بوونی گۆڕی ئه‌و شه‌هیدانه‌یه‌ له‌سه‌ر خاكی فه‌ره‌نسا و كتێب و بۆچوونه‌ سیاسیه‌كانی.


عەبدولرەحمان قاسملو لە كۆتا شه‌وی وه‌رزی پایزو یه‌كه‌م شەوی زستانی (شەوی یەلدا)و له‌ ٢٢ی كانوونی یه‌كه‌می  ساڵی ١٩٣٠ زایینی  لە شاری ورمێ لە رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ بنەماڵەیەکی خاوەن موڵکی دەست ڕۆیشتوودا لە دایک بووه‌. باوكی د.قاسملو، "محەممەدئاغای وسوق" یەكێك بوە لەگەورە پیاوانی ناوچەی ورمێ‌و   لەفیودال –ده‌ره‌ربه‌گ-ەكان‌و ئاغایەكی گەورە بوەو تایفەیەكی گەورەش بون. دیارە ناوی "قاسملو"ش لەكوڕو كچەكانی محەممەدئاغای وسوقەوە هاتوە، گوندەكەشیان ناوی گوندی قاسملوە كە لەدۆڵی قاسملو هەڵكەوتوە، بۆیە ئەو ناوە لەوەوه‌ هاتوە، عه‌بدولره‌حمان له‌ ژنێك له‌ دایكبووه‌ كه‌ مه‌سیحیه‌كانی شاری ورمێیه‌، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ موسڵمان بووبێت ئه‌وجا محه‌مه‌دئاغا ماره‌ی كردبێت، به‌ڵام وه‌ك قاسملو باسی ده‌كات ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ر ئاینی خۆی مابوویه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ش كه‌ له‌دونیا ده‌رچووه‌.

هاوسه‌رگیریی:

هیلێن خانم كه‌ هاوسه‌ری عه‌بدوره‌حمانی قاسملویه‌ كە پێیدەڵێین نەسرین بۆ خوی باسی كردوە، لەوتوێژێكدا لەزانكۆ پێكەوە ئاشنا دەبن‌و لەپاشان بریاری هاوسه‌رگیریی دەدەن.

وه‌ك عەبدوڵا‌ی حەسەن زادە باسی ده‌كات نەسرین خانم كە د.قاسملو شەهید بو مایەوەو مێردی نەكردەوە. ماوەیەك لەپراگ دەژیا لەبەر كچەكەی، خۆشی دیارە خەڵكی پراگە. پاشان گەڕایەوە پاریس‌و دو سێ ساڵ لەپاریس ژیا. بەڵام ئەو سەفەرەی بۆمی باس كرد كە دەگەڕێتەوە پراگ‌و رەنگە بۆ هەمیشە لەپراگ بمێنێتەوە. نه‌سرین گه‌رچی به‌ ڕه‌گه‌ز ئه‌وروپی بووه‌ به‌ڵام خه‌باتی زۆری كردووه‌ له‌گه‌ڵ دكتۆرقاسملوداو جێگه‌ ده‌ستی به‌ زۆر شته‌وه‌ دیاره‌، له‌وانه‌ش دروستكردنی ئارمی سه‌ره‌كی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك حه‌سه‌ن زاده‌ باسی ده‌كات هیچ یه‌كێك له‌ كچه‌كانی په‌یوه‌ندییان به‌كاری حیزبی وتێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه‌ نییه‌و سه‌رقاڵی ژیانی خۆیانن .

كچه‌كانی چی ده‌كه‌ن؟

قاسملو دوو كچی هەن. یەكیان ناوی "مینا"یە كە گەورەكەیانە، مێردی كردوە بەپیاوێكی سویدی كە ماوەیەك لەسوید دەژیا، بەڵام ئێستا نیشتەجێی پراگ پایتەختی چیكە. كچەكەی دیكەشی ناوی "هیوا"یە. ئەویش مێردی كردوەو مێردەكەشی سویدییە. خۆی‌و كچەكەی ئێستا لەفەرەنسا دەژین.

هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌:


هه‌رله‌ منداڵییه‌وه‌ کە لەگەڵ مەسەلە سیاسییەکان ئاشنا بووه‌و بیرو باوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشکی‌دا جووڵاوه‌. بۆ خۆی لەم بارەیەوە لە کتێبی "چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌"دا دەنووسێت: "ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی راکێشا بووم".

بابم یەکێک لە ئەندامانی ئەو ھەیئەتە بوو. زۆر باشم لە بیرە کە لە باکۆ ھاتەوە چەندین تاقەند(شه‌كر)ی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، تاپڕێکی باشیشی پێ بوو. وادیارە سۆڤیەتییەکان قەند و تفەنگ و شتی دیکەیان بە دیاری دابوو بە ھەموو ئەندامانی ھەیئەت. قەند بە تایبەتی زۆر بە نرخ بوو، چونکە ئەو کاتە لە ئێران زۆر کەم و گران بوو. من ئەو کارەم زۆر پێ سەیر بوو، چونکە لە ماڵی ئێمە براکانم و ئامۆزاکانم کە لە من گەورەتر بوون، باسی ئەوەیان دەکرد کەبابم لەگەڵ چەند کەسی دیکە چوون بۆ باکۆ حەق و ئازادیی کوردان داوا بکەن. بۆیە راست‌و رەوان لە بابم پرسی: ئەدی مافی کوردان چی لـێ ھات؟

ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بیری نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی عه‌بدولره‌حمانی قاسملۆیه‌.

چوونه‌ ناو كۆڕیی سیاسه‌ت:

عەبدولرەحمان قاسملو ساڵی 1945 تێکۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پی کرد. ساڵی 1946 کۆماری کوردستان لە مەھاباد رووخا. بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران. ساڵی 1948 بۆ درێژە پێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایتەختی فەره‌نسا.

گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تەقە کردن لە شا لە زانکۆی تاران  کە بوو بە ھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێران‌دا.

بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانی‌یەکان لە پاریس پێک ھات کە لەوێ دا قاسملو بە درێژی لە دژی شا‌و رێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکام دا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ محەممەدڕەزا پەھلەوی نارد. ئەم کارە بوو بە ھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حکوومەتی فەڕەنسا بۆ سەر قاسملو. سەرئەنجام ناچار بوو پاریس بە جێ بھێڵی و وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانیی "یەکیەتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران" چوو بۆ پڕاگ پێتەختی چێکۆسلۆڤاکیا. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوکاریی چەند خوێندکاری دیکەی کورد "کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا"یان دامەزراند.

ساڵی 1952 لە سەردەمی حکوومەتی میللی دکتۆر محەممەد موسەدیق دا عەبدولڕەحمان قاسملو پاش ئەوەی لە زانکۆی پڕاگ لیسانسی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەرگرت گەڕایەوە ئێران. ئەو کاتە لە نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی توودەی ئێراندا له‌ ڕووی ڕێكخستنه‌وه‌ یه‌كیانگرتبوو. قاسملو پاش شەش مانگ تێکۆشان لە تاران ھاتەوە مەھاباد و لەوێ بەرپرسایەتی کاری حیزبی دیموکراتی گرتە ئەستۆ.

ژیانی نهێنی:


پاش کودەتای 14 ئابی  1953 ناچار بوو بە تەواوی خۆی بشارێتەوە و بە نھێنی لە تاران و لە کوردستان خەریکی کاری حیزبی بێ. لەو ماوەیەدا عەبدولڕەحمان قاسملو سەرپەرشتی ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بە ئەستۆوە بوو کە تەنیا پێنج ژمارەی بە نھێنی لـێ دەرچوو. ھەر لەو ماوەیەش دا بوو کە کۆمیتەیەکی سەرانسەری بۆ کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەرپرسایەتی ئەو پێک ھات.

خەباتی سیاسی:

عەبدولڕەحمان قاسملو پاش پێنج ساڵ تێکۆشانی سیاسی لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، ساڵی 1958 جارێکی دیکە چۆوە چێکۆسلۆڤاکیا، ساڵی ١٩٥٨ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئەیلوول و بووژانەوەی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان قاسملو لەگەڵ چەند ئەندامی بەرپرسی دیکەی حیزبی ھەوڵیان دا لە رێگای عێراقەوە رێکخراوەکانی حیزبی زیندوو بکەنەوە. بەڵام بە ھۆی کارشکێنی ھێندێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (باشوور) لەو کارەدا سەرنەکەوتن. ساڵی 1958 عەبدولڕەحمان قاسملو بە دەستووری دەوڵەتی عێراق لەو ولاتە دەرکراو گەڕایەوە بۆ پڕاگ.

خوێندنی باڵا:

ساڵی ١٩٦٢ قاسملو لەزانستگەی پڕاگ دكتۆرای زانستی ئابووریی وەرگرت و ھەتا ساڵی ١٩٧٠ لە زانستگەی پڕاگ وه‌ك مامۆستا وانه‌كانی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیۆریی ھەڵدانی ئابووری‌ گوتەوە.

كتێبه‌كانی:

لەو ماوەیەدا دكتۆر قاسملو چەندین کتێب و نامیلکەی لە سەر گیر‌و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نووسی کە لە ھەموویان بە ناوبانگتر کتێبی کوردستان‌و کورده‌و تا ئێستاش وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی مێژووی كورد ئه‌ژمار ده‌كرێت. ئەم کتێبە لە جێدا بە زمانی چێکی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەکانی:ئینگلیزی سلۆڤاکی، پۆڵەندی، عەرەبی و کوردی و فارسی و ھیندی وچەند بەشێكیشی بە فەڕەنسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

زمان زانین:

ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی عه‌بدولره‌حمانی قاسملوه‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌ گوتوویانه‌ به‌ هه‌ر زمانێك قسه‌ی بكردایه‌، به‌رامبه‌ره‌كه‌ی هه‌ستی نه‌ده‌كرد له‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ نییه‌، دكتۆر قاسملو زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، چێکۆ ـ سلۆڤاکی، ڕووسی بە باشی دەزانی‌و بە زۆر زمانی دیکەش وەک ئەڵمانی و زمانەکانی سڵاڤ تا ڕادەیەک ئاشنا بوو، بۆیه‌ كار ئاسانیه‌كی زۆرباشی بۆ ده‌كرد به‌مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیه‌كانی.

سكرتێریی حیزب:


ساڵی 1970 پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار و رێککەوتنی نێوان رێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان و دەوڵەتی عێراق ، بواری تێکۆشانی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر بوو.

لەو کاتەدا دكتۆر قاسملو لە ئەورووپا گەڕایەوەو بە ھاوکاریی چەند کەس لە یارانی نیزیکی ئەرکی زیندوو کردنەوەی رێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی بەئەستۆ گرت. لە کۆنفرانسی سێھەمی حیزب‌دا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی 1971 گیرا، دكتۆر قاسملو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ھەڵبژێردرا‌و لەو کاتەوە لە ھەموو کۆنگرەکانی حیزبی دا وەک سکرتێری گشتی ھەڵ بژێرا.

قاسملو بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ له‌ پلەی یەکەمی به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌می کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی شه‌هید كراوه‌.

له سنووری عێراقدا:

له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ده‌ركه‌وتنی حیزبه‌كانی دیكه‌ له‌ ئێران، حیزبی دیموكراتیش وه‌ك هه‌موو حیزبه‌كانی دیكه‌ كه‌وته‌ چالاكی كردن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ هاتووی دوای ڕژێمی شا و كۆماری ئیسلامی دانی به‌ هیچ حیزبێكی دیكه‌دا نه‌ده‌نا، دوای چه‌ندین شه‌ر و به‌ریه‌ك كه‌وتن ناچار بوون به‌ جێهێشتنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ڕوویان كرده‌ وڵاتی دراوسێ (عێراق) كه‌ سه‌ره‌تاكانی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ بوو، هه‌رچه‌نده‌ قاسملو حیزبه‌كه‌شی له‌ سنووری خاكی عێراقدا بوو به‌ڵام خۆپارێزیی كرد و ته‌نها یه‌ك وێنه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌دام حسین نه‌گرت، وه‌نه‌بێت ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نها به‌رۆكی ئه‌وی گرتبێت و له‌ ترسی دوژمنێك په‌نایان بۆ یه‌كێكی دیكه‌ بردبێت، ئه‌و كاتانه‌ی قاسملو حیزبی دیموكراتی ئێران نه‌یانده‌توانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بچووكترین چالاكی بكه‌ن،  حیزبه‌كانی باشووری كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵات بوون و به‌ هه‌مان شێوه‌ش پارتی كرێكارانی كوردستانیش له‌ سنووری عێراقدا خه‌باتیان ده‌كرد، دۆخێك هاتبووه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ده‌بوو كورد نه‌بێت به‌ سووته‌مه‌نی ئه‌و شه‌ڕه‌.


ئه‌خلاقی خۆی نه‌فرۆشت:


فیلیپ بولانژێ، پڕۆفیسۆری فەره‌نسی له‌باره‌یه‌وه‌ دەڵێت: " عەبدولڕەحمان قاسملو، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕات، ئاکادیمیه‌كی ناسراو بوو، نە تەنیا بابەت و وتاری ئاکادیمی دەنووسین له‌ بواری تیۆرییدا، به‌ڵكو بەڕاستی مرۆڤێکی یەکجار زۆر بەکردەوە بوو، واتە نەتەنیا رێبەرێکی سیاسی دور لە مانۆڕدان و بەرپرسێکی بە ئەزموونی حیزب نه‌بوو، بەڵکوو سەرۆکێکی چریکییش بوو کە دەنگی کەڵاشینکۆڤ نەیدەترساند. ئەو شایانی ستایشە چونکە ھیچکات بنەمای ئەخلاقی خۆی نەفرۆشت و کواڵێتیەکانی ئەخلاق بەرزی بە ھاوچەرخەکانی خۆی نیشان دا.

ته‌نها شاخه‌كان دۆستی كوردن:

له‌یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ویكیلیكس (١٦ شوبات ١٩٨٨ / 88BAGHDAD855_a) دا هاتووه‌: بەرپرسی بەشی سیاسی گوتی کە تەعاتوفێکی گشتی لە ئەمریکا بۆ دۆخی کورد هەیە، بەڵام زۆر لە سەر ئەم پرسە نەزانراوە، قاسملۆ بە رێگەی رۆژنامەگەرەکانەوە دەتوانێت ئەو کارە بکات.  قاسملۆ گوتی ئەمجارە کە لە بەغداد  یەکێک لەو شتانەی کردویەتی داواکردنی ڤیزا بو بۆ JONATHAN RANDAL ) پاریس)، گوتیشی کە رانداڵ خەریکی نوسینی کتێبێکە لە سەر کورد و بۆ ماوەی ١٤ سەعات چاوپێەکەوتنی لە گەڵدا کردوە. قاسملۆ گلەیی ئەوەی کرد کە " سۆڤیەت دەڵێن کە ئەمریکا پشتگیری حزبی دیموکراتی ئێران دەکەن و ئەمریکیەکانیش گومانیان هەیە کە سۆڤیەت پشتگیریمان دەکەن".، لە راستیدا حزبی دیموکرات دۆستی نیە، " شاخەکان تەنها دۆستی کوردن".  

به‌ئه‌ندازه‌ی سه‌د كه‌س فێر ده‌بوو:

عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌، سیاسه‌تمه‌دار و نوسه‌رو وه‌رگێڕو هاوڕێی ده‌ڵێت: قاسملو ئینسانێك بو كە ئێستاش تێكۆشەرانی رێگای ئازادی دەبێ لێوەی فێر ببن. پیاوێكی بەفەرهەنگ، ئەهلی خوێندنەوە، زۆر زانا بو. بەقەد سەد كەسی وەك ئێمەی دەزانی، بەو حالە بەقەد سەدان كەس لەئێمە موتالای دەكرد، هەمیشە لەحاڵی فێربوندا بو.

تیرۆركردن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ:

دكتۆر قاسملو رۆژی ١٣ی تەمموزی 1989 لە کاتێک دا بۆ دۆزینەوەی رێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی کێشەی کورد لە ئێران دا لەگەڵ چەند نوێنەری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤییەنای پایته‌ختی نه‌مسا لە سەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ عبداللە قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئەورووپا بە دەستی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وتووێژی ئاشتی، شەھید کرا. ھەر لەو تیرۆرە دا دكتۆر فازل رەسووڵ، ھاوڵاتی باشووری کوردستان شەھید بوو.

دكتۆر قاسملو لە کاتێکدا تێرۆر کرا کە بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ كێشه‌ی گه‌لی کورد لە ئێران و بۆ وەدەستەھێنانی مافە سیاسی و مرۆییه‌كانی گەلی کورد چووبووە ئەم دیدارە. سەرەڕای بەڵگە حاشاھەڵنەگرەکانی کاتی تێرۆرە کە دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس و دەزگای قەزایی خۆی نەدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بە ئەنجام بگەیەنن؛ لە ئاکامدا ئەم تاوانە کەم وێنەیە کە لە نێو دڵی وڵاتێکی دیموکراتیکی ئەورووپا دا ئەنجام درابوو بێ سزا مایەوە و دۆخە یاسایییەکەی ھیچ کات چارە نەکرا.

بۆچی كه‌وته‌ داوه‌كه‌:

لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌: دكتۆر قاسملو له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شاره‌زایی و ئه‌زموونداریه‌ی هه‌یبوو چۆن كه‌وته‌ ئه‌و داوه‌‌ی كه‌ پێشتر چه‌ندین سه‌ركرده‌ی تر له‌ ئه‌نجامی نه‌شاره‌زایی و كه‌م ئه‌زموونی كه‌وتوونه‌ته‌ ناویه‌وه‌؟

بۆچی ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵی بوون رۆژی تیرۆركردنه‌كه‌ له‌گه‌ڵی نه‌بوون؟ لایه‌نی سێیه‌م كێ بوو؟ كێ زه‌مینه‌ی ئه‌و دانیشتن و گفتوگۆ نه‌هێنیه‌ی نێوان دكتۆر قاسملو وبه‌رپرسانی ئێرانی رێكخستبوو؟

دكتۆر قاسملو چۆن متمانه‌ی كردبوو له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌كان بچێته‌ سه‌رمێزی گفتوگۆ ؟
ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بوو له‌ ڕووداوه‌كه‌دا چۆن گه‌شتنه‌وه‌ ئێران ؟

بۆچی تائێستا وڵاتی نه‌مسا ئه‌و دۆسییه‌ی فه‌رامۆش كردووه‌؟  


ئه‌و پرسیارانه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی (34) ساڵ به‌سه‌ر تیرۆر كردنیدا هێشتا بێ وه‌ڵام ماونه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا پێویست بوو وه‌ڵامیان درابایه‌وه‌، گه‌رچی عه‌بدولره‌حمانی قاسملو سیاسه‌تمه‌دارو سكرتێری حیزبێكی دیاریكراو بوو، به‌ڵام توانا زۆره‌كانی و شاره‌زاییه‌ باشه‌كه‌ی له‌ بواری زمان و مێژووی كورد بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاتێك شه‌هید كرا، هه‌موو كورد وا هه‌ست بكات قاسملو موڵكی حیزبێكی دیاریكراو نه‌بووه‌ و موڵكی میلله‌تێكی چه‌وسێنراوه‌یه‌ كه‌ له‌ناو قوڵاییه‌كانی ئه‌وروپاو له‌كاتی دانیشتن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆش هێشتا ته‌مای گیانیان ده‌كرێت و ده‌یانه‌وێت هه‌ناسه‌ش نه‌ده‌ن...