لێکۆڵینەوە

06:53 - 02/08/2023

ئێران؛ ئيمپراتۆڕیەتی کريستاڵ و بەدڕەوشتی‌

پەیسەر

ڕه‌نج نه‌وزاد

تا ڕادەیەکی زۆر ميدياکان (ئەوانەی کوردستان و عيراق و ناوچەکەش بە گشتی) بایەخێکی کەم دەدەن بەو مەترسييە گەورەیەیی ئێران کە لە ناوچەکەدا درووستی کردوە و کاری لەسەر دەکات، کە بريتييە لە نوقمکردنی ناوچەکە لە ماددەی هۆشبەر. ميدياکانی وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی یا سەر بە ئێرانن، یا دەترسن لە ئێران، یان دەوڵەتەکەیان بەرژەوەندی هەیە لەگەڵ ئێران، جگە لە ميديای سعوودی کە لە هەمووان زیاتر باس لەو مەترسييە دەکات.

ساڵانێکە، بە تايبەت لە دوای بەهاری عەرەبی و بە تايبەتتر دوای سزاکانی ئەمريکا، ئێران وەک دەوڵەت بووە بە سەرچاوەی یەکەمی هەناردە و بڵاوکرنەوەی ماددەی هۆشبەر نەک تەنيا لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەسەر ئاستی جيهانيش. ئەو وڵاتانەی کە ئێران هەژموونی تيادا هەیە، دەتوانرێت بووترێت لە ڕووی کۆمەڵایەتييەوە بەرەو داڕوخانی تەواو دەچن بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە.

سووريا، بە تايبەت باشووری سووريا، بووە بە کارگەیەکی گەورەی درووست کردنی ماددەی هۆشبەر، چەندين ڕاپۆرتی فەرمی ئاماژە بەوە دەکەن کە سەدان و هەزاران خانوو لە شار و ناوچەکانی وەک حمص و ديمەشق ودەرعا و ديرالزور... کراون بە کارگەی درووستکردنی ماددەی هۆشبەر. لە ساڵی ٢٠٢١ حکومەتەکەی بەشار زیاد لە ٥ مليار ونيو دۆلار داهاتی دەستکەووتوە لە فڕۆشتن و هەناردە کردنی ماددەی هۆشبەر. ئەگەر هەیە لە ساڵانی داهاتوو ئەم داهاتە بگاتە ١٠ مليار دۆلار. لە ئێستادا سووريا بە یەکەم بەرهەمهێنەری حەبی (كبتاگۆن) دادەنرێت لە جيهاندا. فەيسەل قاسمی پێشکەشکاری پرۆگرامی (الاتجاە المعاکس) لە کەناڵی ئەلجەزيرە، کە خۆی خەڵکی سووريایە، چەندين جار لە بەرنامەکانيدا بە ئاشکرا وتویەتی "ئێران و بەشار دۆخێکیان درووست کردوە لە سووريا، کە چەن گرامێک لە ماددەی هۆشبەر هەرزانترە لە دەبەیەک ئاو، مناڵی ١٢ ساڵ لە سووريا ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بوونە و بازرگانی پێوە دەکەن". لە کاتێدا کەناڵی ئەلجەزيرە تا ئەمرۆش چاوپۆشی دەکات لەوەی ئەو مەترسيەیی ئێران بکاتە هەواڵی سەرەکی.

یەکێک لەو وڵاتانەی کە هەراسان بووە بە دەست ئەم ستراتيژەی ئێرانەوە، وڵاتی ئوردنە. باشووری سووريا کە کارگەی سەرەکی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەکەدا، دەکەوێتە سەر سنووری ئوردن. شای ئوردن و وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری ئوردن چەندين ساڵە دەڵێن هەرەشەی سەرەکی بۆ سەر ئوردن بريتييە لە هەناردە کردنی ماددەی هۆشبەر لە باشووری سووياوە بۆ ئوردن بە تايبەتتر دوای کەمبوونەوەی هەژموونی ڕووسيا لە باشووری سووريا بە هۆی جەنگەکەی ئۆکڕانيا. ئەو بۆشاییەیی کە ڕووسيا لەوێ درووستی کردوە، ميليشياکانی ئێران پڕيان کردوەتەوە. ئوردن بۆ ڕێگرتن لە هاتنی ماددەی هۆشبەری ئێرانی بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی نەک تەنيا پۆليس، بەڵکو هێزێکی شەڕکەری تايبەتی سەر بە سوپای داناوە لەسەر سنوور، چونکە ماددەی هۆشبەر لە باشووری سوورياوە بە درۆن و بە کاروانی سەربازی ڕەوانەی ئوردن دەکرێت. ئوردن بە فەرمی داوای لە ڕووسيا کرد کە سنورێک بۆ ئێران دانێت لە هەناردە کردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناوخۆی ئوردن، بەڵام هەر سوودی نەبوو.

دواجار لەمساڵدا، ئوردن هێزی ئاسمانی بەکارهێنا و فڕۆکەیەکی جەنگی ڕەوانەی ناو خاکی سووريا کرد لە شارۆچکەی سويدان ماڵی (مرعي الرمثان) کە پێی دەوترا ئەسکۆباری سووريا بۆردومان کرد و کووشتی. ئەو کەسە بازرگانی سەرەکی ماددەی هۆشبەر بوو لە سووريا و ناوچەکە، سووری بوو و سەر بە ميليشياکانی ئێران و پاسدارانە. ئێران زۆر مەبەستيەتی هەژموونی خۆی بگەيەنێتە ئۆردن، سەرەتا لە ڕێگەی شيعە وکردنەوەی حوسێنييەوە هەوڵی دەدا، سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەرەوە بەردەوامە لەو هەوڵدانە. گرنگی ئوردن بۆ ئێران زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سعوودييە وڵاتانی تری کەنداو، ئێران مەبەستيەتی لە یەمەن و ئوردن و عيراقەوە سعوودييە گەمارۆ بدات و ماددەی هۆشبەری بۆ بنێرێت. چونکە رکابەری ئێرانن، دەوڵەمەندن و دەبنە باشترين بازاڕ بۆ ماددەی هۆشبەری ئێرانی، جگە لەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتييەوە وێرانيان دەکات و ئەو سەقامگيرييەیی لەوێ هەیە، ئێران ناتوانێت بە هەژموونی مەزهەبی و سەربازی تێکيبدات، بەڵام بە ماددەی هۆشبەر دەکرێت.

یەمەن یەکێکە لەو وڵاتانەی تر کە ئێران لە ڕێگەی حووسييەکانەوە هەژموونی بەسەريدا هەیە. بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی یەمەنی بۆ ماف و ئازادييەکان، حووسييەکان و ئێران یەمەنيان کردوە بە بازاڕێکی کراوە بۆ ماددەی هۆشبەر و ئەو وڵاتەیان نوقمی ماددەی هۆشبەر کردوە. تەنيا لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ کەشتييە سەربازييەکانی ئەمريکا و بەڕيتانيا لە کەنداو، بایی زیاد لە ٢٠٠ مليۆن دۆلار ماددەی هۆشبەريان گرتووە کە لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن چووە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو بڕە هيچ نييە بە براورد بەو بڕە زۆرەی کە دەستی بەسەردا نەگيراوە و چووەتە ناو خاکی یەمەن. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن ناردنی ئەو بڕە زۆرەی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو یەمەن، زۆر زیاترە لە قەبارەی دانيشتووانی یەمەن، بۆیە ئامانجێکی سەرەکی ئێران بريتييە لە نوقم کردنی سعوودييە بەو ماددانە.

عيراق وڵاتێکی ترە کە سەر بە هەژموونی ئێرانە. بە قسەی (علي العبادي) سەرۆکی ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە عيڕاق، عيراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترين ماددەی هۆشبەری تێدا بەکاردێت و مامەڵەی پێوە دەکرێت، دەڵێت " ٨٠٪ی ئەو ماددە هۆشبەرەی دێتە ناو عيراق لە ئێرانەوە دێت". بە دڵنياییەوە ئەوی تر لە سوورياوە دێت و هەر هی ئێرانە. هەفتە نييە لە عيراق پۆليس دەست بەسەر کاروانی ماددەی هۆشبەر نەگرێت، بەڵام ئەو بڕەی کە دەستی بەسەردا ناگيرێت، سەدان جار زیاترە لەوەی دەستی بەسەردا دەگيرێت. لە ئێستادا حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، بکەری سەرەکييە لە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە عيراقدا. هەر بۆیە حکومەت و ميدياکانی عيراق ئەم مەترسييە گەورەیە ناکەن بە هەواڵێکی سەرەکی.

لوبنان وڵاتێکی ترە کە ئێران پێیگەيشتووە، لە ڕێگەی حيزبوڵای لوبنانييەوە کە باڵێکی ئێرانە، لوبنان نوقم بووە لە ماددەی هۆشبەر. حيزبوڵای لوبنان، بە یەکێک لە گەورەترين ڕێکخراوەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دادەنرێت لە جيهاندا، تەنانەت بازرگانیيەکانی بە هاوکاری ئێران گەيشتووەتە کۆلۆمبيا و مەکسيک و چين و زۆر ناوچەی تر لە جيهاندا.

دەکرێت بوترێت ئێران تاکە دەوڵەتی جيهانە، کە سوپا و هەواڵگری و حکومەتەکەی بە ئاشکرا و بە فەرمی و ڕاستەوخۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن. مافيایەکی گەورەی ماددەی هۆشبەرە لە فۆڕمی دەوڵەت. وڵاتی زۆر هەیە کە مافياکانی ماددەی هۆشبەر هەژموونيان لە دەوڵەتدا هەیە و گروپی فشاری بەهێز و ئەندامی ناو حکومەت و سوپایان لەگەڵە، بەڵام خودی سوپا و هەواڵگری و حکومەتی دەوڵەتێک ڕاستەوخۆ بازرگانی ماددەی هۆشبەر بن، تەنيا ئێران نموونەی ئەوەیە.

ئایا ئێران بۆ وا دەکات؟

 

لەوانەیە هۆکارێکی بگەڕێتەوە بۆ لایەنی کولتوری و ئايدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی... بەڵام دوو هۆکار زیاتر ئاماژەی پێدەدرێت لە لایەن شارەزایانی ئەو بوارە: هۆکاری یەکەم؛ سياسييە و ئێران دەيەوێت نەيارەکانی لە ناوەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سەقامگيرييەوە وێران بکات، واتە کارتێکی فشاری سياسييە، کە زۆر ترسناکە. هۆکاری دووەم؛ ئابوورييە، ئێران بە هۆی سزاکانی سەری، ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی بازرگانی بکات و نەوت و گازی بفڕۆشێت و داهات بەدەست بهێنێت... بۆیە پەنا دەباتە بەر ماددەی هۆشبەر بۆ بەدەست هێنانی داهات، چونکە نهێنييە و ئەستەمە بە تەواوی ڕێگری لێ بکرێت و داهاتێکی زۆريشی تيایە.

ئەوەی کە زۆر مەترسيدارە، ئەو ستراتيژەی ئێران تەنيا لە لایەنی ئابووری کورت ناکرێتەوە، واتە تەنيا ئەوە نييە ئێران هەوڵبدات بازارێک بۆ ماددە هۆشبەرەکانی بدۆزێتەوە و ژمارەیەکی زۆر گەنج گيرۆدەی ماددەی هۆشبەر بکات و داهاتی لێ پەيدا بکات، بەڵکو ئێران ڕێگەی زۆر ترسناک و قێزەونی تر بەکاردەهێنیت و، ئامانجی سياسيشی هەیە. تەنيا بەوە ناوەستێت گەنجان ئالوودە بکات، بەڵکو مناڵی خوار ١٥ ساڵ تێوەدەگلێنێت بەو کارەساتە. لە سووريا و یەمەن و لوبنان، ژمارەیەکی زۆر مناڵ بەکاردەهێنرێت بۆ فڕۆشتنی ماددەی هۆشبەر، کە خۆشيان ئالوودە دەبن و زۆرێکيان دەست درێژی سێکسی دەکرێتە سەريان، ئەو مناڵانە دەبنە گيانەوەرێکی ترسناک کە گەورە دەبن. ئێران لەوانەیە ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی زۆرترين ژمارەی چەکدار و مليشيای چەکدار درووست بکات لەو وڵاتانە. چونکە بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە چەکدار و بۆ بەرژەوەندی ئێران شەڕ بکات و هەوڵبدات، پێش هەموو شت دەبێت ئەو کەسە بگاتە لوتکە و بەرزترين ئاست لە بەدڕەوشتی و بێ بەهایی و قێزەونی، دەبێت ببێتە ميکرۆب و ڤايرۆسێکی کووشندە لە فۆڕمی مرۆڤ، وەک حەشد و حووسی و حيزبوڵا و زۆر هێزی تری سەر بە ئێران! بۆیە وێرانکردنی کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە و سڕينەوەی هەموو بەهاکانی لە بەرژەوەندی ئێرانە. لێرەوەیە ژمارەیەکی بێ شوومار لە مناڵی سووريا و یەمەن و لوبنان تەنانەت عيراقيش، لەسەر شەقامەکان خەريکی کاری بەدڕەوشتی و ماددەی هۆشبەرن، زۆربەی ئەم مناڵانە دەبنە چەکداری حووسی و حيزبوڵا و ئەسەد و حەشد و..

ئەوەی بۆ ئێمە زیاتر گرنگە لەم پرسەدا کوردستانە. ڕۆژهەڵات و باشوور و رۆژئاوای کوردستان. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داخەوە بەشێکە لە ئێران و ئيمپراتۆريەتی ماددەی هۆشبەر، شاری کرماشان، پێموابێت، لەو شارانەیە کە گيرۆدەی ئەو ستراتيژەی ئێرانە. رۆژئاوای کوردستان ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی کوردە، بە هۆی هەژموونی ئەمريکا، تا ڕادەیەک، بە براورد بە ناوچەکانی تری سووريا، ئێران نەيکردوە بە کارگەی ماددەی هۆشبەر.

هەرێمی کوردستان مەترسييەکی گەورەی لەسەرە، تا ڕادەیەکی زۆر ئێران توانيوویەتی هەموو سنوورەکانی ببەزێنێت. لە بەرنامەیەکی کەناڵی ڕووداو، ئالوودەیەکی ماددەی هۆشبەر دەيوت ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و بە تايبەت سلێمانی وەک پيتزا و خواردن بە ديلڤەری داوا دەکرێت، دەيانوت تەنانەت لە ناو چاکسازی بە ئاسانی دەستت دەگات بە ماددەی هۆشبەر. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بە هەبوون و هەژموونی ئێران. ماوەی پێشوو لە سلێمانی بووم، لە ناو بازاڕی سلێمانی بە دەیان و سەدان مناڵی عەرەب، خوار ١٥ ساڵ دەبينران، داوای خواردن و پارەیان دەکرد لە خەڵک. لە هەندێک کاسبکاری ناو بازاڕ بيستم کە ئەم مناڵانە کاری بەدڕەوشتی و زۆر شتی ترسناک دەکەن یاخود ئامادەن بە پارەیەکی کەم بيکەن. ئەم مناڵانە ئەگەر جارێ دەستی ئيتلاعات و پاسدارانيشيان پێنەگەيشت بێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێيان دەگات و بەکاريان دەهێنێت بۆ زیاتر بڵاوکردنەوە ماددەی هۆشبەر (پێموایە هەندێکيان بەکارهاتوون)، لە ئايندەدا دوور نييە چەکداريان بکات و دەيان قەيڕان و کێشە درووست بکەن کە ئێستا هەر بە خەياڵمانا نایەت.

بەگژاچوونەوەی ئەو پلانەی ئێران، خزمەتێکی گەورەیە بەو مناڵە عەرەبە داماوانەش. بيرۆکەی درووستکردنی حەشدی کوردی کە چەند ساڵێکە باس دەکرێت، زەنگيکی مەترسيدارە کە ئێران گروپێک گيانلەبەری درووست کردوە لە کوردستان لە فۆڕمی مرۆڤ کە سنووريان نييە لە بەدڕەوشتی و دارووخانی دەروونی وئەخلاقی، ئەگەر نا چۆن گەنجێکی کورد دەبێتە حەشدی کوردی!.

ئەگەر هەمووان، بە دەسەڵات و خەڵکەوە، هەر کەسەو لە شوێنی خۆیەوە وریا نەبێت و دژی ئەم ئيمپراتۆڕيەتە خەراپکارە قسە نەکات و کار نەکات، ڕۆژێک دێت مناڵانی هەرێمی کوردستانيش دەبينين لەسەر جادەکان تلياک دەفڕۆشن و خەڵک دەکووژن و ئەتک دەکەن و ئەتک دەکرێن... ڕۆژێک دێت لە کوردستانيش، وەک چۆن حەشد لە بەغدا کاتی خۆپێشاندانەکان کرديان، کە گروپێک لە حەشدی عيراقی بە یەک فەرمانی ئێران، بە قەناس ٦٠٠ عيراقی بێ تاوانی تريان کووشت. ئاماژەیەکی ئەم دياردەیە بە ڕوونی دەرکەوت لە باشووری کوردستان، کاتێک بۆ پشتگيری لە شۆرشی ژينا، پاسداران و ئيتڵاعات نەيانتوانی ڕێ لە خۆپێشاندان بگرن لە تاران و مەشهەد و قوم، بەڵام توانيان ڕێ لە خۆپێشاندان بگرن لە سلێمانی! هەموو ئەم مەترسی و ئەگەرانەش لە پێناو خزمەتکردنی ڕابەری سيغە و کريستاڵ و سوپاکەیەتی. ئێران ئەگەر بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە یەکجار مەترسيدار بێت، بۆ ئێمە دووجار، چونکە ئێمە بە دووژمن و داگيرکراو و هەڕەشەیەکی هەميشەیی دەزانێت بۆ سەر ئەو قەوارە فەيکەی کە هەیەتی. ئەو کەسانەی بە وردی ئاگاداری دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری سووريا و یەمەن و لوبنان بن، بە وردی ئاگاداری ئەو ترسەی ئوردن و سعوودييە و وڵاتانی تری کەنداو بن لە ئێران، باشتر و ئاسانتر تێدەگەن لەم نووسينەم.

پلان و ڕێگەچارە و خۆپاراستن زۆرە بۆ سنووردانان بۆ ئيمپراتۆریەتی کريستاڵ و بەدڕەوشتی، لێرەدا دەرەفەت نييە ئاماژەی پێبکرێت، بەڵام گرنگترين و سەرەکيترين و واقعيترين ئەوەیە کە بەرامبەر بە ئێران نابێت ترسنۆک و بێ ئيرادە بيت، ئەگەر نا دەتخوات، دەبێت چاونەترس و بە زمانی هەڕەشە و توند قسە بکەيت بەرامبەری. ئێران بزانێت هەر وڵات و گروپێک ئامادەن ڕووبەڕووی ببنەوە و ئيرادەیان هەیە، سڵ دەکاتەوە، ڕاستە واز ناهێنیت، بەڵام سنووری خۆی نابەزێنێت. ئيسرائيل و تاڵيبان، ئێران لێيان دەترسێت، لە کاتێکدا ئيسرائيل وتاڵيبان تەنيا یەک خاڵی هاوبەشيان هەیە ئەويش ئەوەیە ئەو پەيامەیان داوە بە ئێران کە ئامادەن بجەنگن دژی. عيراقی کاتی سەدام، بە تايبەت لە دوای ١٩٨٨ تا ٢٠٠٣ و سياسەتی ئێران بەرامبەر بە عيراق، نموونەیەکی ترە.

پێويستە حکومەت و هێزە سياسييەکان و لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان بزانن، ئێران بە بێ لایەنێکی دەسەڵاتداری ناوخۆ، ناتوانێت بەو شێوەیە پەل بهاوێژێت و ماددەی هۆشبەر بڵاوبکاتەوە. لە سووريا بە پشت بەستن بە ئەسەد ئەو کارە دەکات، لە یەمەن لە ڕێگەی حووسيەکانەوە، لە لوبنان بە حيزبوڵا، لە عيراق لە ڕێگەی حەشدی شەعبييەوە. بۆیە لە کوردستانيش ناتوانێت ئەو کارە بکات، ئەگەر لایەنێکی بەهێز و چەکدار لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵی نەبێت و ڕێگەی بۆ خۆش نەکات.