کوردستان

02:32 - 20/01/2019

مەلا بەختیار داوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ كردووە‌

پەیسەر

مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی داوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری حیزبەكەی كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، دراوە بە پەیسەر پرێس، ئەو داواكارییەی مەلا بەختیار لەمیانی گفتوگۆیەكی بووە لەگەڵ چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەشێوەی سەربەخۆو لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی سەردانی مەلا بەختیاریان كردووەو جارێكی تر داوای گەڕانەوەیان لێكردووە، بەڵام ئەو داواكارییەكەی رەتكردووەتەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، مەلا بەختیار جگە لەوەی داواكەی بۆ گەڕانەوە رەتكردووەتەوە، رایگەیاندووە، دەیەوێت بۆ چارەسەری كێشەكانی دەیەوێت لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوە بكات.

مەلا بەختیار دوای ئەوەی لەمانگی 10ی ساڵی رابردوو، لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەكاندیدی سەرۆك كۆمار دەستنیشاننەكرا، نیگەران بوو لەو كاتەشەوە چووەتە ماڵەوەو دانیشتووەو ئامادەنییە بچێتەوە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەرێگەی كوڕەكەی داوای لەكۆسرەت رەسوڵ كردووە، كاربكات بۆ گەڕانەوەی مەلا بەختیار بۆ كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بكرێتە ئەندامی شاندی حیزبەكەشی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی.

پەیسەر پرێس ئەوەشی زانیوە، لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەو داوایەی مەسعود بارزانی رەتكراوەتەوەو جەختیانكردووەتە، كە ئەوان دەستپێشخەری بۆ مەلا بەختیار ناكەن‌و خۆی دەبێت بگەڕێتەوە، بۆیە ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشێوەی سەربەخۆ چوونەتە لای ناوبرا.