کوردستان

03:24 - 26/01/2019

حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوكردنەوەی راپۆرتی دیلۆیت رادەگرێت‌

پەیسەر

بەغداد بە نوسراوی فەرمی داوای داهاتی نەوتی ساڵی رابردوو لەحكومەتی هەرێم دەكات و حكومەتی هەرێمیش بڵاوكردنەوەی راپۆرتی دیلۆیت رادەگرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی بەفەرمی داوای داهاتی نەوتی هەرێمی بۆ ساڵی 2018 كردووە.
زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ حكومەتی هەرێم وەڵامێكی داواكاریەكەی بەغدادی نەداوەتەوە و بڵاوكردنەوەی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیتیشی راگرتووە بۆ ئەوەی بەغداد زانیاریەكانی ناو ئەو راپۆرتە وەك بەڵگە لەدژی هەرێم بەكارنەهێنێت.

رۆژی 5/10/2016 حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای دیلۆیت لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گرێبەستێكیان واژۆكرد، بەپێی گرێبەستەكەش دەبوایە كۆمپانیاكە تەواوی داهات و هەناردەی نەوتی هەرێم لەساڵی 2007 وە بخاتەڕوو، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆمپانیایە تەنها چوار راپۆرتی بڵاوكردۆتەوە و تێیدا هەناردە و داهاتی نەوتی بە هەر چوار راپۆرتەكە بۆ ماوەی 18 مانگ خستۆتە ڕوو كە لەمانگی یەكی ساڵی 2017 وە تا مانگی شەشی 2018ی لەخۆگرتووە. 

شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتیەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێس-ی راگەیاند: جگه‌ له‌ راپۆرته‌كانی داهاتی نه‌وت، كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتێكی دەربارەی كەم و كوڕیەكانی پرۆسەی نەوتی هەرێم ئامادەكردووە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران ئەو راپۆرتەی شاردۆتەوە و ئاشكرای ناكات.

شێركۆجەودەت ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو كۆمپانیایە گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە و راپۆرتەكانی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەكاتەوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەگەر بەباشیان زانی راپۆرتەكە بڵاودەكەنەوە.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزەی خولی پێشووی پەرلەمان ئاماژەبەوەش دەكات ئەوەی كۆمپانیای دیلۆیت دەیخاتەڕوو تەنها چەند داتایەكە نەك وردبینی و بەراورد، راپۆرتەكانی كۆمپانیاكەش لەلایەن حكومەتەوە دوای چەندین مانگ بڵاودەكرێنەوە ئەوەش وادەكات پرۆسەی وردبینیكردنیان لەلایەن پەرلەمانتاران و دیوانی چاودێری دارایی قورس بێت، چونكە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتانە و بزانیت نرخی بەرمیلێك نەوت چەند بووە و خەرجیەكانیش چەندن.

بەوتەی شێركۆجەودەت بڵاونەكردنەوەی راپۆرتەكانی دیلۆیت ئەوەندەی تر گومانی لەسەر كەرتی نەوت و غازی هەرێم زیادكردووە، چونكە نە وەزارەتی سامانەسروشتیەكان وەك جاران هەناردە و داهاتی نەوت ئاشكرا دەكات و نە راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیتیش بڵاودەكرێنەوە.