کوردستان

06:16 - 26/01/2019

گۆڕان: پارتی بەڵێنی پێداوین لەماوەی یەك مانگدا یاسای چاكسازی تێپەڕێندرێت‌

پەیسەر

ئه‌ندامێكی وه‌فدی دانوستانكار بزوتنەوەی گۆران بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت رایدەگەیەنێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵێنی پێداون لەماوەی یەك مانگدا یاسای چاكسازی تێپەڕێنن.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی لیژنەی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: لەمیانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی  حكومەت بزوتنەوەی گۆڕان داوایكردووە لەماوەی یەك مانگی كابینەی نوێدا یاسای چاكسازی تێپەرێندرێت و پارتیش داواكاریەكەی پەسەندكردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دانوستانكاری گۆران دەشڵێت: داواكاریەكی تری بزوتنەوەكەیان تایبەت بووە بەدامەزراوەیكردنی كەرتی نەوت وسندوقی داهاتی نەوتیەكان دروست بكرێت و وەفدی پارتیش ره‌زامەندیان لەسەر ئەو داواكاریە پیشانداوە، بەڵام هەندێك لەهەنگاوەكانی بواری شەفافیەتی نەوت پێویستی بە سێ مانگ و هەندێكی تریش پێویستی بە شه‌ش مانگ هەیە چونكە دەبێت چوار دامەزراوە دروست بكرێن ئەوانیش سندوقی داهاتەكانی  نەوت و كۆمپانیای بەبازاركردنی نەوت و كۆمپانیای پاڵاوتنی نەوت و پاشكۆكانی و كۆمپانیای نیشتمانی نەوت.
عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، ئەگەر ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حكومەتیش نەكەن، كار بۆ یاسای چاكسازی و بەدامەزراوەیكردنی كەرتی نەوت دەكەن.