کوردستان

06:09 - 27/01/2019

له‌ كه‌ركوك تۆمه‌تبارێك هه‌ڵهات و به‌هۆیه‌وه‌ 21 ئه‌فسه‌ر و پۆلیس ده‌ستگیركران‌

پەیسەر

زیندانیەك كە تۆمەتبارە بەكوشتنی دووهاوڵاتی لەگرتوخانەی بنكەی پۆلیسی ڕەحیماوای شاری كەركوك هەڵهات، بەهۆشییەوە بەڕێوبەری بنكەكەو ژمارەیەك ئەفسەرو كارمەند دەستگیركران.

عەمید ئەفراسیاو كامیل وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بەپەیسەر پرێسی ڕاگەیاند: لەئەنجامی كەمتەرخەمی ئەو ئەفسەرو كارمەندانەی بنكەی پۆلیسی ڕەحیماوا، تۆمەتبارەكە هەڵهاتووە.
گوتیشی: پاش دەركردنی تۆمەتبارەكە لەزیندان كە دیارنیە بۆچی دەركراوە ناوبراو لەڕوداوێكی تەم ومژاویدا توانیویەتی لەدەستی پۆلیس بۆشوێنێكی نادیار هەڵبێت.

عەمید ئەفراسیاو كامیل هەروەها دەڵێ‌: پشكنەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ بەهەماهەنگی لەگەڵ لیوا عەلی كەمال بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی كەركوك لیژنەیەكیان بۆلێكۆڵینەوەی چڕ لەو پرسە پێكهێناوە.

لەسەر هەڵهاتنی ئەو كەسە كە تۆمەتبارە بەكوشتن ودزین و هەڵكوتانە سەر ماڵان فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەوزاد ستار بەڕێوبەری بنكەكە و  2 ئەفسەرو 19 پۆلیس دەرچووە ولیچكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس تۆمەتبارەكە ساڵی رابڕدوو بەچەندین تۆمەتی جیاواز دەستگیركرا، لەنێویاندا تۆمەتبار كرابوو بەكوشتنی دوو هاوڵاتی لەدوو ڕوداوی جیاوازدا، فەرمانی دەستگیركردنەوەی ناوبراویش بەسەر بازگەو بنكەكان گشتێنراوە.